ZNA - ههولێر فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری حكوومەتی هەرێمی ئاشكرای كرد، قۆناغی دووەمی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، وتیشی، وای بۆ دەچم تا ناوەڕاستی یان كۆتایی مانگی ئادار ئەم پرۆسەیە تەواو بێت.
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیوا فەرزندە ئەفەندی، رایگهیاند، قۆناغی دووەمی بایۆمەتری دەستی پێ كردووە و تەواوكەری قۆناغی یەكەمە كه بریتیە لە دروستكردنی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیانەی حكوومەت پێویستی پێیانە، بۆ نموونە ژمێریاریی ئەلیكترۆنی و سیستەمی میلاكاتی ئەلیكترۆنی و بەردەوامبوون لە تۆماری ئەو خەڵكەی دەستبەكار دەبن لە حكوومەت، بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران ئاسانكاری دهكات، لە ئێستادا بۆ مووچەخۆرانی حكوومەتی هەرێم سەرقاڵی دروستكردنی ناسنامەی ئەلیكترۆنی و ژمارەی بانكین، دەبێتە ناسنامەیەكی دیجیتاڵی بۆ فەرمانبەر، بۆ ئەمەش وای بۆ دەچم تا ناوەڕاستی یان كۆتایی مانگی ئادار ئەم پرۆسەیە تەواو بێت.
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی، لە هەمان كاتدا سیستەمەكانی حیساباتی ئەلیكترۆنیش لە جێبەجێبووندان و دوای تەواوبوونیشیان حكوومەت بڵاویان دەكاتەوە.
ئهوهشی خستهروو، مووچەخۆرانی حكوومەت بەشێكی بچووكی دانیشتووانی هەرێمن و، پلانی حكوومەت خزمەتكردنە بە دانیشتووانی هەرێم، بۆیە ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ هاووڵاتیانیش دروست دەكرێت، واتا گشت دانیشتووانی هەرێم لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبنە خاوەن ئەو ژمارە ئەلیكترۆنییە تایبەتە، هەروەك جەنابی سەرۆكی حكوومەت لە كردنەوەی پڕۆژەی مۆڵەتی شۆفێری و تۆماری ئۆتۆمبێلەكان باسی لەوە كرد، هەموو دانیشتوویەكی هەرێم دەبێتە خاوەن ناسنامەیەكی ئەلیكترۆنی دواتریش تەواوی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان جێبەجێ دەكرێن و بەردەست دەبن، بۆیە پرۆسەیەكی بەردەوامە و كاتی پێ دەچێت، بەڵام لە ماوەیەكی نزیك روو دەدات، بۆ ئەمەش وای بۆ دەچم تا ساڵی 2022 هاووڵاتیانیش ئەو ناسنامە ئەلیكترۆنییەیان پێ دەدرێت.
Kdp.info
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |