English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکومەتی ھەرێم تاكڕه‌وی و سیاسه‌تی مل پێ کەچکردن لە ژێر ھەر ناوونیشانێکدا بێت ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌
2021-10-16 [07:24 AM]

ZNA_ هەولێر


 

هاوپەیمانیی نه‌سڕ له‌ راگه‌یانراوێكدا ئەو 
بڕیارانە بەبیردەهێنێتەوە کە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە لووتبەرزییەوە دژ بە چه‌مكه‌كانی دیموكراتی و هاوبه‌شی دەریکردبوون، ئەمەش بۆ شاردنه‌وه‌ و داپۆشینی شكسته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانیه‌تی كه‌ دواهه‌مینیان ئه‌و شكسته‌ی بوو کە له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تووشی ھات.
گه‌لی عێراق ڕاستییەکانی بۆ ڕوون بووەوە و هه‌ڵبژارده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێكا و ئەوەی سەلماند کە ئەو سیاسه‌تە سه‌ركه‌شانه‌یە زۆر ناخایەنێت. هەروەها هه‌وڵ و خواسته‌ سه‌ركوتكارانه‌كه‌ی شكست پێهێنا و ره‌واندییه‌وه‌. مێژوو به‌ درێژاییی سه‌رده‌مه‌كان، ڕاستیی شكستهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ بۆ تێکدانی یه‌كڕیزیی عێراق و لە پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و هه‌نووکەیی گیراونه‌ته‌ به‌ر.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خواستی بونیاتنانی ئایینده‌یه‌كی ڕۆشن و سه‌قامگیری هەیە كه‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مەزهەبییەکان به‌ ئاسووده‌یی له‌ خۆی بگرێت. هه‌روه‌ها حکومەتی هەرێم، تاكڕه‌وی و دەستبەسەرداگرتن و سیاسه‌تی مل پێ کەچکردن لە ژێر ناوونیشانی زه‌ق و بریقەداردا - كه‌ تەنانەت خاوەن بەیانەکەش باوه‌ڕی پێ نییه‌- ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

عێراقی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستیی به‌ سیاسه‌تێكی عه‌قڵانی و حەکیمانەیە كه‌ له‌ خۆسه‌پاندن و لایه‌نگیری و زێده‌ڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز بە دوور بێت و ڕێگریی لە دەرکەوتنی خواستی دەمارگیرانە بکات.

د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١





ئەم هەواڵە 403جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad