ZNA - ههولێر
له راگهیهنراوێكی وهزارهتی خوێندنی باڵا كه وێنهیهكی بۆ ئاژانسی ههواڵی زاگرۆس هاتووه، رایگهیاند، بەبەشدارى د. ئەمیر عەبدولرەحمان ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێنجەمین وۆرکشۆپی نێودەوڵەتی ساڵانەى نانۆتەکنۆڵۆجی بەهاوبەشی لە نێوان زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی تیشکى نێودەوڵەتى بەڕێوەچو.
لە پانێڵێکدا د. ئەمیر عەبدولرەحمان ئاماژەى بە شێواز و رۆڵى زانکۆكان كرد بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لە سەدەى بیست و یەک و دواین پەرەسەندنەکانى ڕەوشى توێژینەوەى زانستى لە ئێستاو ئایندەدا خستەڕو.
هەروەک باسیشى لە گرنگى و بایەخى توێژینەوەى زانستى کرد و ڕایگەیاند: توێژینەوەى زانستى بنەماى پێشکەوتنى کۆمەڵگە و حکومەت و دامەزراوەکانە لەسەرجەم بوار و سێکتەرەکان، هەر بۆیە ئەو وڵاتانەى لەسەر بنەماى دەرئەنجامەکانى توێژینەوەى زانستى کار و پلانى داهاتویان دادەڕێژن پێشکەوتون و بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە دەتوانن ڕوبەڕوى گرفتەکان ببنەوە.
لە درێژەى پانێڵەکەیدا د. ئەمیر عەبدولرەحمان وتى: لە زانکۆکانى کوردستان توێژەرى بەتوانامان هەیە، کە ساڵانە لە بوارە جیاوازەکان توێژینەوەى گرنگ ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەم پانێڵە وێستگەیەکى گرنگە بۆ سود وەرگرتن لە توێژینەوەى توێژەرەکانمان و بەشداریپێکردنیان لە بونیادنانەوەى هەرێمەکەمان.
لە کۆتاییشدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد: یەکێک لە کارە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان بەستنەوەى توێژینەوەى زانکۆکانە بەچارەسەرکردنی گرفت و پێویستیەکانى کۆمەڵگە، تا ڕۆڵی گەورە ببینن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی حکومەتەکەمان.
لەبەشێکى دیکەى پێنجەمین وۆرکشۆپی نێودەوڵەتی ساڵانەى نانۆتەکنۆڵۆجی چەندین بابەت و پرسى پەیوەست بە وۆرکشۆپەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کراو لە کۆتایشدا ڕاسپاردەى پێویستیان بۆ دەرکرا.
ئەم هەواڵە 1333جار خوێندراوەتەوە |