English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هاوردە و هەناردەکاران: هیچ قەیرانێکی خۆراک نییە و لە کۆگەکاندا شت زۆرە و هیچ پەکمان ناکەوێت
2022-03-06 [12:06 PM]

ZNA - هه‌ولێر


سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده‌ و هه‌نارده‌كارانی كوردستان وتی، کاتێک شەڕێک و ئاڵۆزییەک لە دنیادا دروست دەبێت، قەیرانێکی ئابووری سەرهەڵدەدات کە هۆکارەکەی خەڵکە، چونکە لەو کاتانەدا پەلاماری بازاڕ دەدات. له‌ ئێستادا بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە لە هەرێمی کوردستان نرخی هەندێک ماددەی خۆراکی، بە تایبەتی رۆنی شل، زیاد بووە، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، هیچ قەیرانێکی خۆراک نییە و لە کۆگەکاندا شت زۆرە و هیچ پەکمان ناکەوێت.

شێخ عەتا محەممەد نووری، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی لقی سلێمانیی یەکێتییەکە رایگەیاند: "کاتێک شەڕێک و ئاڵۆزییەک لە دنیادا دروست دەبێت، قەیرانێکی ئابووری سەرهەڵدەدات کە هۆکارەکەی خەڵکە، چونکە لەو کاتانەدا پەلاماری بازاڕ دەدات و ئەگەر پێویستی بە دوو تەنەکە رۆن بێت دەچێت شەش تەنەکە دەکڕێت."

شێخ عەتا محەممەد نووری گوتیشی: "هیچ قەیرانێکی خۆراک نییە و لە کۆگەکانماندا شت زۆرە و بەشی شەش مانگ هەیە. نابێت خەڵکی ئێمە بترسن؛ بازرگانانی ئێمە دەتوانن ماددە خۆراکییەکان دابین بکەن."

جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "راستە ئێمە لەگەڵ رووسیا و ئۆکراینادا پەیوەندیی بازرگانیی باشمان هەیە، بەڵام هاوکات ئێمە لەگەڵ چین، ئێران، تورکیا، هیندستان و ئیماراتدا پەیوەندیمان هەیە و بازرگانانمان لەو وڵاتانەیشەوە هاوردە دەکەن. دەشتوانن لە ئیندۆنیزیا، رۆمانیا، پاکستان و وڵاتانی دیکەشەوە هاوردە بکەن. شتێکی وانییە کە بگوترێت بەهۆی ئەم شەڕەوە رێڕەوەکە دەگیرێت و ئیتر پەکمان دەکەوێت. ئێمە لە کاتی کەرەنتینەکەدا پەکمان نەکەوت، ئێستاش هیچ پەکمان ناکەوێت."

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستانیش گوتی: "بازرگانانی ئێمە دەتوانن رێڕەوێکی دیکەی بازرگانی بۆ هاوردەکردنی کاڵا بدۆزنەوە. ئێمە هیچ کێشەیەکی کاڵا و ماددەی خۆراکیمان نابێت و وڵاتانی دیکەی شوێنگرەوە هەن و لەوانەوە هاوردە دەکەین."

سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانیش باسی لەوە کرد، هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە لە رووسیا و ئۆکرایناوە کاڵا و شتومەکی هاوردە دەکرد، بەڵام ئەوان دەشتوانن لە هیندستان، ئوسترالیا و ئەرجەنتینەوە ماددەی خۆراکی هاوردە بکەن.

گوتیشی: "ئێمە هیچ دەروازە و رێگەیەکمان بە روودا دانەخراوە کە ببێتە مایەی ئەوەی نیگەران ببین. نرخی نەوت کە زیاد بووە، خۆبەخۆیش کاڵا و شتومەک گران دەبن."

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆکیش گوتی: "ئێمە تەنیا یەک رێگەمان لە بەردەمدا نییە و بە یەک سنوور و وڵاتەوە نەبەستراوینەتەوە، بەڵکو زۆر وڵات هەن، کە ئێمە دەتوانین کاڵایان لێوە هاوردە بکەین. دەبێت خەڵک دڵنیابن، کە هیچ قەیرانێکی کەلوپەل و کاڵا روونادات، کە ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕدا نەمێنن."

 

رووداو





ئەم هەواڵە 580جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad