English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەرلەمانتارێکی تورکمان: ناکرێت سەرۆکی پەرلەمان ئیرادەی خۆی بەسەر بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان لەو وڵاتە بسەپێنێت
2022-04-19 [06:02 AM]

ZNA-ھەولێر


ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، لە فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی رایگەیاند، کە هەمیشە و لە هەموو کاتێک کە کێشە دروست دەبێت، باس لەوە دەکرێت کە پێویستە دانیشتن بکرێت و کۆبوونەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمجارە هەندێک لایەن بۆ رێگریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەر، خۆیان لە کۆبوونەوەکان دەدزنەوە

سارا چاوشلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: هەمیشە و لە هەموو کاتێک کە کێشە دروست دەبێت، باس لەوە دەکرێت کە پێویستە دانیشتن بکرێت و کۆبوونەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمجارە هەندێک لایەن بۆ رێگریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەر، خۆیان لە کۆبوونەوەکان دەدزنەوە، ئەوان نایانەوێت رادەستی ئیرادەی خەڵک بن، هەمیشە لە بەرەی بەرژەوەندییەکانیانن و هەرگیز لە بەرەی گەل نەبوونە.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی گووتی: داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین داوای بەرێوەچوونی کۆبوونەوە بکات و لە پەرلەمان ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانە یەکلا بکرێنەوە، ناکرێت سەرۆکی پەرلەمان ئیرادەی خۆی بەسەر بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان لەو وڵاتە بسەپێنێت و مافی زۆرینەی خەڵک و پەرلەمانتاران پێشێل بکات، ھەروەھا ئێمە وەکو نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمانی، داوا دەکەین رێكکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە خێرایی جێبەجێبکرێن و کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و هەمان یاسای هەڵبژاردن پەیڕەو بکرێت، کە پێشتر و لەماوەی رابردوو کاری پێکراوە و هیچ کێشەی نەبووە.

سارا چاوشلی گووتیشی: پێداگیری خۆمان دووپات دەکەیەنەوە، لەسەر ماف و خواستەکانمان، ناهێڵین هیچ لایەنێک دەنگمان کپ بکات و کورسییەکانمان کەم بکەنەوە، ئەو رێژەیەی کە بۆ پێکهاتەکان داندراوە، کەمترین مافی پێکهاتەکانە، پێکهاتەکان بەشی سەرەکی ئەو وڵاتەن، بەشداربوونە لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشەوەبردن، هەموو جیهان شانازی بەو بەیەکەوەژیانە دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەر جۆرە پاشگەزبوونەوەیەک لە مافی پێکهاتەکان بێگومان کاردانەوەی نەرێنی و خراپ دەبێت.

ھەروەھا سارا چاوشلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی ئەوەشی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین کە دەسەڵاتی دیاریکردنی کۆبوونەوەی بەپێی پەیڕەو پێدراوە پەلە بکات لە داواکردن بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی هەڵبژاردن و پابەند بوون بە وادە یاساییەکان بۆ هەڵبژاردن و گۆڕانکارییەکان، ناکرێت تا کۆتایی چاوەڕوانی بڕیاری سەرووی ئەوان بین، خەڵک هەمیشە بڕیاری یەکلایکردنەوەی هەیە، نابێت هیچ لایەنێک لە دەنگی خەڵك هەڵبژاردن بترسێت، دەبێت پابەندبێت بەوەی گەل بەرزترین دەسەڵاتە.


رێباز یونس





ئەم هەواڵە 505جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad