English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای دەستەی متمانە بەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا پەسەند دەکات
2022-05-11 [02:43 AM]

ZNA - ھەولێر


ھەولێر، ھەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆک وەزیران، کۆبووەوە.

لەبڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵای لە ھەرێمی کوردستان خستە دەنگدانەوە، پاش ھەموارکردن و جێگیرکردنی ئەو تێبینییانەی کە پێشتر لەسەر پڕۆژەکە ھەبوون، بەکۆی دەنگ پەسەند کرا و بڕیاردرا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی ، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە وخوێندن لە ڕێگای دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانیان دەبن بۆ ھاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە ھەرێمی کوردستان و پێکھاتە و ئەرکەکانی کرد، لە دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە باشتر دیراسەی ئەم بابەتە بکرێت و بە میکانیزم وشێوازێک ئەم ئەنجومەنە ڕێکبخرێتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەنجومەنەکە بێت.

سەرۆک وەزیران ھەروەھا ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا، لە ناویشیاندا بابەتی نەوت وگاز لە سەر بنەمای دەستووری عێراق، کە بە دەقی ڕوون وئاشکرا، سنووری دەسەڵاتی ھەرێم و دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانی دەستنیشانکردووە و بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە،  پشتبەست بە دەستوور، یاسای نەوت وگاز تەشریع بکات کە ببێتە یاسایەکی پشتپێبەستوو لە لایەن ھەمووانەوە کە تا ئێستا ئەم یاسایە نییە و بابەتی نەوت وگاز لە عێراق، بە یاسایەکی پشتبەستوو بە دەستوور ڕێکنەخراوە، سەرۆک وەزیران ڕوونیشیکردەوە کە ھەم شاندی وەزاریی ھەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە و ھەم ئاڵوگۆڕیی پێشنیار وپڕۆپۆزەڵیش بە نووسراوی فەرمی کراوە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن ولێکگەیشتنی ھاوبەش لە سەر بنەمای دەستوور.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، باس لە بایەخی ڕێکخستنی یاسایی بۆ وەبەرھێنانی کانزایی لە ھەرێمی کوردستان کرا لە ڕێگەی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەم بابەتە، تا لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دوای پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی بە ئاراستەی ھاندان و مسۆگەرکردنی باشترین وەبەرھێنان بۆ سامانی کانزایی لە ھەرێم بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە داھاتەکەی بخرێتەوە خزمەتی گشتی وبرەودان  بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دارایی و بووژاندنەوەی ئابووری ھەرێم.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی ھەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییەی ھەیە. بڕیار درا لایەنە پەیوەندارەکان تاووتوێی بابەتەکە بکەن  چ بە ھەماھەنگیی لەگەل حکومەتی فیدرالی و چ بە جیا، بە پێی بەرژەوەندیی ھاوولاتیانی ھەرێم لەو ڕێکارانە بەردەوام بن کە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە ھەرێمی کوردستان قسەی کرد و  ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە ھەڵکشاندایە،  پێویستە کار لەسەر نەھێشتنی ئەو بیرو فیکرە توندڕەوە بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش،‌ ھەڵمەتێک ئەنجامبدرێت لەپێناوی بنبڕ کردنی. ھەروەھا ستایشی ھەوڵەکانی ھێزە ئەمنییەکانی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دەستگیر دەکەن و ڕاپێچی یاسایان دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە ئەنجام بدات بەمەبەستی ڕێکخستنی و دەستپێکردنی ئەو ھەڵمەتە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە و بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکومیی لە ھەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عیراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە ھەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی بانکی لە ھەرێم و ڕێکخستنەوەی سەرجەم بانکەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یەک بانکی نیشتیمانیی پێشکەوتوو و ھاوچەرخ کە ئاسانکاریی بانکیی پێویست بۆ ھاووڵاتییان و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات.





ئەم هەواڵە 412جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad