English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وۆرکشۆپێک بۆ پاراستنی ئاو بەڕێوەچوو
2017-01-09 [04:25 AM]

ZNA- هەولێر


 

بە چاودێری و ئامادەبوونی "عەبدولستار مەجید" وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەکانی ئاو وۆرک شۆپێکی دەربارەی ئاوی ژێرزەوی بە ناونیشانی "پاراستنی ئاو ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانییە" سازکرد.

 

لە وۆرک شۆپەدا ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و نوێنەرانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری ھەولێر و پسپۆڕ و شارەزایانی بواری ئاو ئامادەبوون، سەرەتا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە وتەیەکدا دەستخۆشی سازکردنی ئەم وۆرک شۆپەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەکانی ئاو کرد و باسی لە گرنگیی ئاو کرد کە وڵاتان وەک چەک و شەڕی ئاو دژی وڵاتان بەکاری دێنن و لەم رووەوە ھەوڵی ھەندێ وڵاتانی دراوسێی لە دروستکردنی بەنداو بە نموونە ھێنایەوە و رایگەیاند کە وەزارەت تەنیا بە دروستکردنی پۆند و بەنداو دەتوانێت رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببێتەوە، ھاوکات وشیاریی کۆمەڵگای لە بەکارھێنانی ئاو بە پێویست زانی کە ئێستا بە ھەزاران بیر لە شار و شارۆچکەکان لێدراوە و بەمەش ئاوی ژێر زەوی تا رادەیەکی زیاد لە پێویست کەمیی کردووە.

 

ئاماژەشی بەوە کرد کە لەئێستادا ٦٧%ی ئاوی دەرھێنراو بەھەدەر دەڕوات، تەنیا لە ھەولێر نزیکەی ١١ھەزار بیر لێدراوە کە پارێزگاکە  پێویستیی بە ١٥٠٠ بیرە، ئاماژەشی بە رێکاری توند کرد کە دامەزراوەکانی وەزارەت دژی سەرپێچیکاران گرتوویانەتەبەر.

 

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەم وۆرک شۆپە بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوون و شارەزایانە دەربارەی گرفتی کەمیی ئاوی ژێر زەوی و چۆنێتیی پاراستنی ئەم سامانە لە رووی نیشتمانی و ئاینییەوە.

 

ئینجا "محەمەدەمین فارس" بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو بە داتا و خشتە باسی لە مێژووی بەکارھێنانی ئاوی ژێر زەوی کرد و لەمبارەوە روونی کردەوە کە یەکەم بیر لە ھەولێر لە شارۆچکەی بەحرکە لە ساڵی  ١٩٣٥ لێدراوە، دواتر ھاتە سەر ئاماژەکردن بە فەرمانگەکانی ئاوی ژێر زەوی و داتا و فەرمانگەکان و بە ژمارە رایگەیاند کە زیاتر لە ٢١ ھەزار بیر لە کوردستان بە مۆڵەت و ٢٢٥٦٠ بیریش بێ مۆڵەت لێدراون، ٢٣٦١ کانیاو ھەیە و ٢٥٩٠ کارێزیش ھەن کە زۆربەیان وشک بوونە.

 

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە تایبەت بە تەوەر و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ئەم وۆرک شۆپە.

 

لە میانی ئەم وۆرک شۆپەشدا ئامادەبووان لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بە تێبینی و سەرنجەکانیان باسیان لە کێشە و گرفتەکان کرد.

 

وۆرک شۆپەکەش ئەم تەوەرانە لە خۆگرتبوو:

* بارودۆخی ئێستای ئاوی ژێر زەوی

* کاریگەریی ئامێری پایل و ئامێرەکانی دیکەی بیرھەڵکەندن لەسەر ئاوی ژێرزەوی و پێکھاتەکانی زەوی

* ژمارەی زۆری بیرو گۆڕانی کەش و ھەوا و کاریکەرییەکانیان لەسەر ئاوی ژێرزەوی.

* چۆنییەتی چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگاکانی بیرلێدانی پایل و ئامێرەکانی دیکە.

* ستراتیژییەت و پلان بۆ ئاوی ژێرزەوی.

* رێنمایی ھەڵکەندنی بیری ئاو.

* چۆنێتیی پەرەپێدان و پاراوکردنی ئاوی ژێرزەوی.

* بابەتی دیکەی تایبەت بە ئاوی ژێر زەوی.





ئەم هەواڵە 1552جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
شەڕە قۆچ لەگەڵ ئۆتۆمبێل دەکات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad