ZNA- هەولێر
مۆبایلی ئایفۆن یەکێک له بەرهەمه سەرەکییەکانی کۆمپانیای ئەپڵه و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئەم کۆمپانیایەیه. له ماوەی ده ساڵی رابردوودا کۆمپانیای ئەپڵ یەک ملیار و ٢٠٠ملیۆن ئایفۆنی فرۆشتووه و ٧٥٠ملیار دۆلار داهاتی بۆ ئەم کۆمپانیایه هەبووه. به وتەیەکی دیکه، زیادتر له سەدا٦٠ی داهاتی کۆمپانیای ئەپڵ، له رێگەی فرۆشتنی مۆبایلی ئایفۆن بووه.
ئێستا ئەو پرسیاره دێته پێش، نرخی ئایفۆنێک به چەند لەسەر کۆمپانیای ئەپڵ دەوەستێت؟
کۆمپانیای "HIS Markit" که کۆمپانیایەکی راوێژکاریی بواری تەکنۆلۆژیا و کۆمپیوتەره، له دوایین لێکۆڵینەوەی خۆی، نرخی پێکهاتەکانی ئایفۆن ٨پڵەسی ٦٤گیگی دەرهێناوه و گەیشتۆته ئەو ئەنجامه که نرخی ئەم مۆبایله به ٢٩٥دۆلار و ٤٤سەنت لەسەر کۆمپانیای ئەپڵ دەوەستێت. ئەم نرخه ١٧دۆلار له ئایفۆنەکەی پێشوو، واته ئایفۆن ٧پڵەس گرانتر دەکەوێت.
کۆمپانیای ئەپڵ، ئایفۆن ٨پڵەسی ٦٤گیگی به ٩١٩یۆرۆ خستۆته بازاڕ.
بەپێی لێکۆڵینەوەی کۆمپانیای HIS Markit، نرخی شاشەی LCDی ئەیفۆن ٨پڵەس که لەلایەن دوو کۆمپانیای SHARP و Japan Display دروست دەکرێت، به ٥٢.٥دۆلار لەسەر ئەپڵ دەکەوێت که ئەم بەشەی، گرانترین بەشی ئایفۆن ٨پڵەسه.
هەر له لێکۆڵینەوەی ئەم کۆمپانیایه ئاشکرا بووه که نرخی ئەپڵ واچ سپۆرت که به ٣٤٩دۆلار لەلایەن ئەپڵەوه خراوەته بازاڕەکان، به ٨٥دۆلار لەسەر ئەم کۆمپانیایه دەوەستێت.
سەرچاوه: euronews
ئەم هەواڵە 97195جار خوێندراوەتەوە |