English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دادگای هەنگاریا سزای ئەو قاچاخچییانە دەدات كه‌ بوونە هۆی مردنی 71 کۆچبەر
2018-06-14 [08:25 AM]

ZNA-هەولێر


سێ ساڵ دوای رووداوی گیانلەدەستدانی 71 کۆچبەر لەناو بارهەڵگرێکدا لەسەر رێگایەکی نەمسا، کە 21 کوردیشیان لەنێودا بوو، ئەمڕۆ (14-6-2018) دادگایەکی هەنگاریا بڕیاری کۆتایی لەبارەی سزادانی قاچاخچییەکان دەدات.

11 قاچاخچی لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو 71 کۆچبەرە دەستگیرکراون. لە ساڵی رابردووەوە دادگاییکردنیان دەستیپێکردووە. پێدەچێت دادگا سزایی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ژمارەیەکیاندا بسەپێنێت.

داوکاری گشتیی هەنگاریا داوای سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ چوار لەو قاچاخچییانە کردووە. هەروەها داوایکردووە سێ لەوان زیندانی هەتاهەتایی بن بەبێ مەرجی ئازادکردن، بەپێی یاساکانی هەنگاریا.



قوربانییەکانی ئەو رووداوەی ساڵی 2015، 59 پیاو، هەشت ژن و چوار منداڵ بوون. ئەوان 21 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوانی دیکەش سووری و ئەفغانی بوون و لەڕێگەی کۆچدا بوون بەرەو ئەڵمانیا.

71 کۆچبەرەکە لەنێو بارهەڵگرێکدا بوون کە بە رێگەوە بوو لە سنوورەکانی هەنگاریاوە بگاتە سربیا. کۆچبەرەکان بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین هاواردەکەن و داوای کردنەوەی دەرگای بارهەڵگرەکە دەکەن بەڵام قاچاخچییەکان وەڵامیان نادەنەوە.

داواکاری گشتیی هەنگاریا دەڵێت "نزیکەی نیو کاژێر پاش بەڕێکەوتنیان، کۆچبەرەکان هاواریان کردووە ئۆکسجینیان نەماوە، بەڵام گوێیان بۆ نەگیراوە، بۆیە دوو کاژێر و نیو دوای ئەوە خنکان". 

کاتێک شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەزانێ چی روویداوە، بارهەڵگرەکە لە شەقامێکی نەمسا جێدەهێڵێت و دەڕوات. کاتێک پۆلیس بارهەڵگرەکە دەدۆزێتەوە و دەرگاکەی دەکاتەوە، دەردەکەوێ کۆچبەرەکان دوو رۆژ بووە گیانیانلەدەستداوە.  



هەر 11 کەسەکە تۆمەتبارن بە قاچاخچیێتی و ئەشکەنجەدان، بەڵام چوار لەوان بە "کوشتنی خەڵک بەشێوەیەکی بێبەزەییانە" تۆمەتبارن.

قاچاخچییەکان لە دادگا گوتوویانە، ئەوان نەیانزانیووە کۆچبەرەکان دەمرن، بەڵام بەڵگەکان ئەوە رەتدەکەنەوە، چونکە دەنگی یەکێک لە قاچخچییەکان هەیە کە دەڵێت "لێگەڕێ با بمرن".

تۆمەتباری سەرەکی ئەو رووداوە قاچاخچییەکی ئەفغانییە بەناوی "سەمسوور لاهۆ"ی تەمەن 31 ساڵ. ئەو لە داگدا گوتوویەتی "نەیویستووە کەس بمرێت". بەڵام پەیوەندییەکانی تەلەفۆنییەکان کە پۆلیس دەستیکەوتوون، دەریدەخەن کاتێک هاوپیشەکانی دۆخەکەی بۆ رووندەکەنەوە و پرسیاری لێدەکەن چیبکەن؟ لە وەڵامدا دەڵێت، دەرگاکە نەکەوە. 

سەمسوور لاهۆ لە تەلەفۆنەکەدا گووویەتی "دەرگاکە نەکەنەوە، لەبری ئەوەی لێیانگەڕێ با بمرن، ئەوە فەرمانە. ئەگەر مردن فڕێیانبدەنە دارستانێکی ئەڵمانیا".

لەبارەی ئەو قسانەی کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کردوونی، سەمسوور لاهۆ دەڵێت "بیرکردنەوەی بێمانا بوون".



ئەو گرووپە قاچاخچییەی کۆچبەران لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا کاریانکردووە. زیاتر لە 15 بارهەڵگریان بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لە یۆنان و وڵاتانی باڵکانەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا هەبووە. 

گرووپەکە تاوەکو شوباتی 2015، هەزار و 100 کۆچبەریان لە هەنگاریاوە بردووەتە نەمسا، بۆ هەر کەسێکیش هەزار و 500 یۆرۆیان وەرگرتووە.

جگە لە سەمسوور لاهۆ، داواکاری گشتیی هەنگاریا داوای سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی لاهۆ و شۆفێرەکەش کردووە، کە هەردووکیان بولگارین و تەمەنیان 31 و 27 ساڵە.

یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دیکە، کە تەمەنی 40 ساڵە داوای سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ کراوە، بەڵام ئەگەری ئازادکردنی بە مەرج هەیە.

حەوت تۆمەتبارەکەی دیکەش لەلایەن داواکاری گشتییەوە داوای نزیکەی 16 ساڵ زیندانیکردن بۆ هەر یەکێکیان کراوە.

ئەو رووداو کاردانەوەی فراوانی جیهانی لێکەوتەوە. هەر ئەو کات ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، دەرگاکانی وڵاتەکەی بۆ کۆچبەران دەکاتەوە، بەتایبەت سوورییەکان.

 

رووداو





ئەم هەواڵە 1777جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
یەکەم رووداوی ھاتووچۆی ئافرەتان لە سعودییە
مارێک ئافرەتێک قووت دەدات , تکایە سەرووی ١٨ ساڵ
یەکەم جارە ماسی لەم شێوەیە ببیندرێت
خۆی فڕێدەداتە بەردەم بارھەڵگرێک، بزانە چی لێدێت
پێکدادانی دوو فرۆکە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad