English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا-ی ھەرێم سەردانی بەغداد دەکات
2018-07-10 [11:53 AM]

ZNA- هەولێر


 

"یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەدەر لە مافە دەستورییەکان، دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی چەندین کێشەی جیا کراوەتەوە، جگە لەوەش لە کۆمەڵێک مافی دەستوری بێبەشکراوین، وتیشی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەبێ ڕێگەی گفتوگۆ و دەستور بکەینە نەخشەڕێگەی کارەکانمان.

 

ئەو ڕاگەیاندنەی یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەی ھەفتانەی ئەنجومەنی دیوانی وەزارەت ھات.

 

لە وکۆبونەوەکەدا، کە سەرجەم ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکان ئامادەیبون، لە تەوەری یەکەمدا تاوتوێی کێشەی ئەو زانکۆ حکومیانە کرا، کە تا ئێستا لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە متمانەیان وەرنەگرتوە، ئەوەش کێشەی بۆ دەرچوان لە دامەزراوەکانی سەر بەحکومەتی ناوەندی دروستکردوە، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: بەھۆی ئەوەی لە دەستوردا ئاماژەی بۆ کراوە، کە ئێمە بەشێکی گرنگین لە دامەزراوەی خوێندنی باڵا-ی ئێراقی، بۆیە ئەوان مافی پێدان و پێنەدانی متمانەیان نیە، چونکە ئەو بابەتە تەواو لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان و، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستانە، چونکە چۆن لە کردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەیەکی نوێ مافی ھەرێمی کوردستانە، بەھەمان شێوە کردنەوەی زانکۆ و دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا لە دەسەڵاتی وەزارەتەکەمانە، وتیشی ئەرکی ئەوان تەنھا وەرگرتنی دۆسیەی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا-ی ھەرێمی کوردستانە، ڕونیشکردەوە: کە دەستور ئاماژەی بەوە کردوە سیاسەتی خوێندن لە ئێراق بەھاوبەشی دادەنرێ و بەڕێوەدەبرێ، بۆیە دەبێ لە میانەی سەردانەکەماندا بۆ بەغداد باس لەسەر میکانزمەکان بکەین.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، باس لە کێشەی زانکۆ تایبەتەکان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئێمە وتومانە مامەڵە لەگەڵ بڕوانامەکانیان ناکەین، نەک باوەڕییان پێ ناکەین، چونکە پێوەری وەرگرتن لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پێوەری وەرگرتن لە زانکۆکانی سەر بەحکومەتی ناوەند جیاوازی ھەیە، ھەروەک بەپڕۆسەی دلنیایی جۆری ھەرێمی کوردستاندا تێپەڕ نەبون و، تێبینمان لەسەر ستافی زانستی و دەوامی خوێندکاران ھەیە، ھەر لەبەرئەوەشە ھەرێمی کوردستان ناتوانێ ماف و جیاوک بەو خوێندکارانە بدات، کە دەرچوی ئەو زانکۆیانەن و دانیشتوی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستانن، بەڵکو بەپێچەوانە وەزارەت ھیچ پەیوەندی بەو خوێندکارانە نیە، کە لەو زانکۆیانە دەخوێنن و دانیشتوی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقن.

 

کۆبونەوەکە تاوتوێی مامەڵەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئێراقی لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان کرد، کە ھەندێ جار بەبێ گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی ھەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، بۆ ئەوەش کۆبونەوەکە بڕیاریدا بەھیچ شێوەیەک زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان نابێ بۆ لەمەودا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش ڕونکرایەوە کە زانکۆکان نابێ بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتەکەمان پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ لێژنەکانی بەغداد بکەن، بەپێچەوانەوە وەک خیانەتی نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ ئەو زانکۆیان دەکرێ.

 

ھەر لەو کۆبونەوەیەدا، باس لەو مافانەی ھەرێمی کوردستان کرا، کە لەلایەن بەغدادەوە پێیی نەدراوە، بەتایبەت لەو سکۆلەرشیپانەی پێشکەش بەئێراق دەکرێ، بۆ نمونە لە ئیستادا ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا (٢٠٠) سکۆلەرشیپی پێشکەش بەئێراق کردوە، بەڵام ئەوان یەک کورسیان پێشکەش بەھەرێمی کوردستان نەکردوە، جگە لەوەش لە خولەکانی ڕاھێنان و، ئەو فەندانەی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە بەئێراق دەدرێ، ھەرێمی کوردستانی لێ بیبەش دەکرێ، لەھەمان کاتدا لە پاشکۆکانی ڕۆشنبیری لە باڵێۆزخانەی ئێراق لە وڵاتان مامۆستایانی زانکۆ و نوێنەری کورد وەک پێویست نیە، لەھەمان کاتدا وەفدەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ئێراقی بۆ ماوەی زیاتر لە (٥) ساڵە بەبێ بەشداریپێکردنی نوێنەری ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان دەکەن، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.جوان جەلال بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆ‌شنبیرییەکانی ڕاسپارد دۆسیەی ورد بۆ ئەو بوارانە ئامادە بکات.

 

‌کۆبونەوەکە باسی لە دامەزراندنی دەزگایەکی ئەکریدیشن بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئێراق کرد، ڕاشیان گەیاند: دامەزراندنی ئەو دامەزراوەیە کە بەشداریکردنی بەھێزی کورد و بونی پێگەیەکی دیار دەتوانێ زۆرێک لەو کێشانە چارەسەر بکات، کە ئێستا لە نێوان ھەردولادا ھەیە.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەشدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند کێشەیەکی دیکەی نێوان ھەردولا کرا بەتایبەت ڕاستاندنی بڕوانامەی دەرچوانی زانکۆکانی ناوەڕاست و باشری ئێراق، کە نیشتەجییی ھەرێمی کوردستانن، لەگەڵ کێشەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان و، ڕاستاندنی بڕوانامەکان لەلایەن باڵیۆزخانەکانی ئێراق.

 

لە کۆتاییشدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ڕاسپارد بەپێیی پەیوەندییان دۆسیەی تایبەت بە کێشەکان ئامادە بکەن، ڕاشیگەیاند: دوای ئامادەکردنی تەواوی ئەو دۆسیانە بەوردی لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا سەردانی بەغداد دەکەین و، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئێراقی کۆدەبینەوە بۆ دانانی میکانزمی گونجاو چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانە.





ئەم هەواڵە 4231جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
کچێک بە موعجیزە رزگاری دەبێت
لە عێراق بەم شێوەیە ئاوی باران لادەدەن ، بە دڵنیایی دوو جار سەیری دەکەیەوە
چەند دیمەنێک لە لافاوەکە فەرەنسا
ڤیدیۆیی .. شەقامی خۆت و چانسی خۆت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad