English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە چوار ساڵى داهاتوودا کوردستان قۆناخە سەختەکان دەرباز دەکات
2018-12-19 [03:31 AM]

نووسینی: غەفوور مەخمووری


لە دواى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان؛ جەماوەرو هێزو لایەنە سیاسیەکانى کوردستان چاوەڕوانى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستانن، بۆئەوەى لە چوار ساڵى داهاتوودا ئاستەنگەکانى ئێستا تێبپەڕێنن و ژیانێکى شایستەتر بژین.

پارتى دیموکراتى کوردستان وەک براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان، لەدوا کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى خۆیدا کاندیدى خۆى بۆ سەرۆکایەتى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى کوردستان دیاریکرد، کە بریتین لە بەرێز (نێچیرڤان بارزانى بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان) و بەڕێز (مەسرور بارزانى بۆ سەرۆکى حکومەتى کوردستان)، بێگومان هەردوو کاندید پەروەردەو قوتابى بەردەستى بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردسانن و، لە هەمان کاتدا دوو  کاراکتەرى کاریگەرى گۆڕەپانى سیاسى کوردستان و ناوچەکەن و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیشدا پەیوەندییەکى باشیان هەیە و خاوەن پێگەى بەهێزى خۆیانن، کاندیدکردنى هەردوو بەڕێزان بۆ ئەم قۆناخەى ئێستاى حوکمڕانى کوردستان، ئومێدێکى زۆر بە جەماوەرى کوردستان دەبەخشێت کەوا بە گەشبینییەوە بڕواننە داهاتووى کوردستان.

بەڕێز( نێچیرڤان بارزانى) کەوا لە ماوەى رابردوودا سەرۆکى حکومەتى کوردستان بووە، سەرەڕاى ئابلووقەکانى سەر کوردستان توانیویەتى پەیوەندییەکى پتەو لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەرو زۆبەى وڵاتانى جیهان بنیاتبنێت و، بەرژەوەندى زۆ لە وڵاتانیش بێنێتە کوردستان کە ئەوەش هۆکارێکى گرنگ بووە بۆ بنیاتنانەوەى ژێرخانى کوردستان و دامەزراندنى پرۆژەى ستراتیژى لە کوردستان بەتایبەت لە بوارى دەرهێنان و هەناردەکردنى (نەوت)دا، جگە لە بوارى دیپلۆماسیدا (نێچیرڤان بارزانى) لە ماوەى سەرۆکایەتیکردنى کابینەکانى حکومەتى کوردستان رۆڵێکى کاراى بینیوە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەو بنیاتنانەوەى کوردستان و، هەوڵەکانى بۆ تێکشکاندنى گەمارۆکانى سەر کوردستان تا رادەیەکى زۆر سەرکەوتوو بوون، لەدواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەرى 2017 بە هەموو شێوەیەک ناحەزانى کوردستان هەوڵى کەوتنى حکومەتى کوردستانیاندا، بەڵام (نێچیرڤان بارزانى) رووبەڕووى هەڕەشەو پیلانەکان وەستایەوەو خۆڕاگرانە هەوڵى تێکشاندنى هەڕەشەو پیلانەکانى سەر حکومەتى کوردستانى دا و، لەم رووەوەش هەنگاوى گرنگى نا بە تایبەت لە رووى دیپۆماسییەوە، توانى لە ماوەیەکى کەمدا گەمارۆى دیپلۆماسى سەر کوردستان تێکبشکێنێت.

بەڕێز (مەسرور بارزانى) کەسایەتییەکى وردبین و دووربین و خودان هزرو رامان و بەرنامەیە لە کارکردندا، ئەمە وا دەکات کارنامەى حکومەتى داهاتووى کوردستان کارنامەیەکى دەوڵەمەند و پڕ چارەسەر بێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەو ئاستەنگانەى کەوا ئێستا لەبەردەم حکومەتى کوردستاندان، (مەسرور بارزانى) وەک راوێژکارى ئەنجوومەنى ئاسایشى کوردستان لە ماوەى رابردوودا زۆر سەرکەوتووانە توانیویەتى کوردستان بپارێزێت و هێمنى و ئارامى بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، سەرەڕاى کارەکەى خاوەن پەیوەندییەکى بەتینە لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەرو وڵاتانى عەرەبى و زۆبەى وڵاتانى جیهان و نزیکى ناوەندە بڕیاربەدەستەکانى جیهانیشە، لە کاتى هێرش و پەلامارى تیرۆیستانى داعش بۆ سەر کوردستان بەردەوام وەک پێشمەرگەو هاوکارێک لەگەڵ جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى لە سەنگەرى بەرگریکردن لە خاکى کوردستان و پاراستنى سەر و ماڵى هاوڵاتیان مایەوەو رۆڵى کاریگەرانەى خۆى بینى.

لە سەرخستنى پرۆسەى (ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان) ؛ مەسرور بارزانى رۆڵیکى گرنگى بینى و هاوکارێکى کاریگەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بوو، بە خەبات و خۆڕاگرى سەرۆک مەسعود بارزانى و پرۆسەى ریفراندۆم سەرکەوت؛ ئەگەر رووداوەکانى دواى 16ـی ئۆکتۆبەر روویاننەدابووا، ئێستا کوردستان لە رەوشێکى زۆر پێشکەوتووتر دادەبوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەى پیلانەکانى دواى ١٦ ى ئۆکتۆبەریش (مەسرور بارزانى) بە سیاسەتى وردبینانەو دووربینانەى خۆى توانى رۆلێکى کارا بگێڕێت و خەونى ناحەزان لە گۆڕ بنێت.

هەردوو کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان، کەوا کاندیدى سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستانن، وەک لە پێشەوەدا ئاماژەمان پێدا پەروەردەو شاگردى بەردەستى سەرۆک بارزانین، وزە و تواناى کاریان لە هێزى کارى سەرۆک بارزانى وەردەگرن، سەرۆک مەسعود بارزانى وەک رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان و  مەرجەع و داینەمۆى پرۆسەى سیاسى کوردستان، توانى لە ماوەى رابردوودا بە هەموو جیهان بڵێت گەلى کوردستان خاوەن ئیرادە و بڕیارى خۆیەتى و دەیەوێت بە ئازادى بژیت، سەرۆک بارزانى لە دیرۆکى نوێى کوردستاندا مەزنترین شانازى مێژوویى بۆ گەلى کوردستان تۆمار کرد کە ئەویش ئەنجامدان و سەرخستنى پرۆسەى ریفراندۆم بوو، لە رێى پرۆسەى ریفراندۆمەوە بە هەموو جیهانى راگەیاند کەوا بڕیارى گەلى کوردستان ئازادى و سەربەخۆیى کوردستانە نەک دیلى و ژێردەستەیى.

لاى هەموو لایەکمانە روونە دواى ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆم چۆن دوژمنان و ناحەزانى کوردستان کەوتنە پەلامارو هێرش بۆ سەر کوردستان و جۆەها گەمارۆى ئابوورى و دیپلۆماسى و بازرگانییان خستە سەر کوردستان، ئەوەى کوردستانى پاراست و خۆڕاگرانە رووبەڕووى هەڕەشەکان وەستایەوە سەرۆک مەسعود بارزانى بوو، لە هەمان کاتدا بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانى) و (مەسرور بارزانى) وەک دوو هاوکارى سەرۆک بارزانى رۆڵى کاریگەرانەیان بینى لە تێکشکاندنى پیلانەکان، بۆیە دەتوانین بڵێین کاندیدانى سەرۆک بارزانى بۆ سەرکردایەتى کردنى قۆناخى داهاتووى حوکمڕانى کوردستان بە سوود وەرگرتن لە سیاسەتى حەکیمانە و کوردانەى سەرۆک بارزانى دەتوانن داهاتوویەکى پڕ لە ئاوەدانى و هێمنى و ئارامى بۆ کوردستانیان فەراهەم بکەن.

بێگومان عێراق و ناوچەى رۆژهەڵاتى ناڤین بە رەوشێکى زۆ ناسک و هەستیاردا دەرباز دەبن، ئەوەش راستەوخۆ کاردەکاتە سەر رەوشى سیاسى کوردستان، بۆیە ئەرکى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى کوردستان قورس دەبێت، بە تایبەت لە چۆنیەتى خۆگونجاندن لەگەڵ هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانى ناوچەکە، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییەکان و راگەیاندن و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و جەماوەرى کوردستان هاوکار و پشتیوانى حکومەتى کوردستان بن و، رەچاوى ناسکى و هەستیارى بارودۆخى کوردستان بکەن.

پێویستە هەردوو بەڕێزان  کاک نێچیرڤان بارزانى و کاک مەسرور بارزانى سوود لە ناتەواوییەکانى کابینەکانى پێشووى حکومەتى کوردستان و پرۆسەى سیاسى کوردستان وەربگرن و بە دیدگایەکى نوێوە بۆ چارەسەرى کێشەو گرفتەکان بڕوانن و ناتەواوییەکان دەرباز بکەن، بۆ ئەمەش پێویستە بەر لەهەر شتێک هەوڵى بە دامەزراوەیى و سیستماتیککردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان بدەن و، بە چاوى یەکسان سەیرى هەموو هاوڵاتیانى کوردستان بکەن و، لە دانانى ستافى کارى سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکایەتى حکومەت و وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان شارەزایى و لێهاتوویى و دڵسۆزى کەسەکان بە بنەما بگرن نەک بنەماى حزبى بوون، کارێکى وابکەن کەوا حکومەتى کوردستان ببێتە حکومەتى هەموو خەڵکى کوردستان، نەک حکومەتى ئەم حزب و ئەو حزب.

حکومەتى کوردستان پێویستى بە خوێنى نوێ هەیە، پێویستە بیر لە نۆژەنکردنەوەو دارشتنەوەى تەواوى ستافى وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەتى کوردستان بکرێتەوەو خوێنى نوێى تێکەڵ بکرێت و، بەرژەوەندى باڵاى گەلى کوردستان بە بنەما وەربگیرێت نەک بەرژەوەندى حزبى، بۆیە پێویستە حکومەت لە کەسانى گەندەڵ و مشەخۆر و نەشارەزا پاکبکرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە بڕیارى بوێرانەو یەکلاییکەرەوە هەیە.

بێگومان ئەرکى هەرە لە پێشى کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستان باشترکردنى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیانى کوردستان و دابینکردنى هەلى کار و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى زیاتر و چاککردن و پیشخستنى سێکتەرە حزمەتگوزارییەکانە بە تایبەتى سێکتەرى کارەبا، پێویستە حکومەت باشترکردنى ئەم بوارانە بە بنەما بگرێت و هەنگاوى جددیشى بۆ بهاوێت.

لە چەند ساڵى رابردوودا پرۆژەى رەشنووسى (دەستوورى کوردستان) ئامادەکرا و پەرلەمانى کوردستان پەسەندى کرد، بەڵام بەهۆیى روانینى جیاوازى لایەنە سیاسییەکان بۆ چەند پرسێک نەخرا راپرسییەوە، پێویستە سەرۆکایەتى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان ئەم پرسە یەکلا بکەنەوەو، کاربکەن بۆ داڕشتنەوەى (دەستوورى کوردستان) بە شێوازێکى سەردەمییانە و پاشان بخرێتە راپرسییەوەو پەسەند بکرێت، بەمەش کوردستان دەبێتە خاوەن دەستوورى خۆى و زۆر کێشەى یاساییشمان بۆ چارەسەر دەبێت.

 زۆر گرنگە کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستان پلانێکى تۆکمەى هەبێت بۆئەوەى کوردستان لە وڵاتێکى بەکاربەرەوە بکاتە وڵاتێکى وەبەرهێن، ئەوەش بە گرنگیدانى زیاتر و پێشخستنى کەرتى نەوت و کشتوکاڵ و پیشەسازى و گەشتیارى دەبێت، بۆیە پێویستە هانى وەبەرهێنەرانى ناوخۆو بیانى بدرێت بۆ پێشخستنى ئەو کەرتانە و بنیاتنانى پرۆژەى ستراتیژى لەم بوارانەدا، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکى گرنگ بۆ بووژانەوەى ئابوورى کوردستان و کەمکردنەوەى بێکارى و پشت بەخۆبەستن.

لە رووى سیاسییەوە؛ پێویستە حکومەتى کوردستان کرانەوەیەکى نوێى بەرووى هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هەبێت و، کەشێکى وا دروست بکات کەوا هەموو حزبەکانى کوردستان حکومەت بە هى خۆیان بزانن، ئەوانەى کە بەشدارن لە حکومەت و ئەوانەشى کە بەشدارنین پێویستە مامەڵەیەکى گونجاویان لەگەڵدا بکرێت، نەک دەرگا بۆ هەندێ حزب بکاتەوەو، لەسەر هەندێ حزبیش دەرگا دابخات، زۆر گرنگە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بیر لەوە بکاتەوە ناوەندى سیاسى کوردستان رێکبخاتەوەو لەو پەرش و بڵاوییە رزگارى بکات، بۆ ئەمەش دامەزراندنى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتە خۆ چارەسەرێکى گونجاوەو، لەهەمان کاتدا دەبێتە پاڵپشتێک بۆ سەرۆکایەتى و حکومەتى کوردستان.

ئەرکیکى دیکەى گرنگى حکومەتى کوردستان یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەو هێزەکانى دیکەى پاراستنى کوردستانە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان هاوکارو پشتیوانى حکومەتى کوردستان بن، بێگومان پاراستنى کوردستان پێویستى بە هێزێکى پڕچەک و مەشقکراوو یەکگرتوو هەیە، بۆیە پێویستە لەم رووەوە هەنگاوى جددى بهاوێژرێت.

 کارى رەڤەندى کوردستان لە دەرەوەى وڵات پەرش و بڵاوەو ئۆرگانیزە نەکراوە، بگومان رەڤەندى کوردستان هێزێکى کاریگەرن بۆ ناساندنى زیاترى پرسى کوردستان بە وڵاتانى دەرەوەو لوبى کردن و دروستکردنى فشار لەسەر ناوەندە بڕیار بەدەستەکانى وڵاتان بۆ پشتیوانیکردنى زیاترى دۆزى رەواى گەلى کوردستان، بۆیە پێویستە حکومەتى کوردستان بیر لەوە بکاتەوە لە داهاتووى نزیکدا بەرنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەبێت بۆ ئۆرگانیزەکردن و یەکخستنى تواناکانى رەڤەندى کورد لە دەرەوەى کوردستان، لەم پێناوەشدا دەکرێ نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى کوردستان زیاد بکرێن و لە زۆربەى وڵاتان بکرێنەوە، بۆئەوەى سەرەڕاى کارى دیپلۆماسى خۆیان لەم بوارەشدا رۆڵ ببینن.

 ئەو خاڵە سەرەتاییانەى کە باسمانکردن دەسپێکێکى گرنگ دەبن بۆ کارى داهاتووى سەرۆکایەتى کوردستان و کابینەى نۆیەمى حکومەتى کوردستان بۆیە پێویستە بەهەند وەربگیرێن و کاریان لەسەر بکرێت، سەرەڕاى ئەمانە توانا و لێهاتوویى بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى) و پشتیوانى و ئەزموون و سیاسەتى خۆڕاگرانەو کوردستانییانە و حەکیمانەى سەرۆک مەسعود بارزانى بۆ ئەوان، ئاماژەیەکى گرنگن کەوا چوار ساڵى داهاتووى کوردستان کارى گرنگ و مەزن ئەنجامدەدرێن و، کوردستان قۆناخە سەختەکان دەرباز دەکات و بەرەو خۆشگوزەرانى و ئاوەدانى و ئارامى زیاتر هەنگاو دەنێت، بۆیە پێویستە بە گەشبینییەوە بۆ ئایندە بڕوانین.

*سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK 





ئەم هەواڵە 991جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad