English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی شەڕی ساردی نێوان تره‌مپ و پوتین
2018-12-19 [03:36 AM]

نووسینی: شۆڕش عه‌زیز سۆرمێ


لە ساڵی 2018 و هەزارەی سێیەم هێشتا شەڕی سارد بەردەوامە. ئەو ناکۆکی و ململانێیە سیاسیانەش دەگەرێتەوە بۆکاتی درووستبوونی هاوپەیمانێتی ئەتڵەسی کە لە لایەن ویلایه‌ته‌ یەکگرتوەکانی ئەمەریکاوە سەرکردایەتی دەکرا و هاوپەیمانیەتی وارشۆ کە لەلایەن یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو سەرکردایەتی دەکرا. تاوەکو  ئێستاش ئەو شەڕە بەردەوامی هەیە، رۆژهەڵاتی ناوەراستیش ئەم راستیە ئەسەلمێنێ کەبووه‌ه‌تە گۆڕەپانێک بۆ ئەو ململانێیە.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەکیان بە فەرمی دانیان بەو راستیەدا نەناوە، بەڵام بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا لەبەرچاودا دیارە. ئەو ستراتیژیەتەی کە هەریەک لە (دۆناڵد تره‌مپ)ی سەرۆکی ویلایه‌ته‌ یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و (ڤلادیمێر پوتین)ی سەرۆکی رووسیا لە رووبەروبونەوەی کێشەکان  بەکاری دێنن جیاوازن. لەبەرئەوەی هەریەک لەو دوو سەرکردەیە پشت بە راپۆرتە هەواڵگرییەکان و راو بۆچوونی راوێژکارە باوەرپێکراوەکانیان لە بواری سیاسەتی دەرەکی دەبەستن. لەمەر  هەڵوێستی ئەم دواییەی رووسیا سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر داعش لە سوریا، لای زۆربەی خەڵک ئەو پرسیارەی دروستبوو، کە ئایا ئەمجارەشیان سەرکەوتنی کرملینە  بەسەر کۆشکی سپی؟ بۆ ئەوەی بگەینە وەڵامێکی راست بۆ ئەم پرسیارە، دەبێت چاوێک بە هەڵسوکەتەکانی ئەو دوو دەوڵەتەدا بخشێنینەوە کە لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەی شەڕی سووریا ئەنجامیان داوە.

ئەوەشمان لە یاد نەچی کە کورد هەر جارێ لەلایەن یەکێک لەو دوو وڵاتە زلهێزانە بەکارهێنراوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان.

هاوکات پوتین لەسەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتدا کارەکانی زۆر بە باشی بەرێوە دەبرد، لە ساڵی 2012 دا وایکرد ئابووری رووسیا بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەبسێنێ، ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و گازی سروشتی، بەمەش رووسیا توانی ببێت بە ئەندام لە رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، هەروەها توانی تارادەیەک گرژییەکانی کەم بکاتەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، بەڵام  دواتر بارودۆخەکە جارێکی تر بەرەو خراپی رۆیشتەوە بەتایبەتی دوای  ئەو ناکۆکیانەی لەگەڵ ئۆکرانیا و دانانی ئابلۆقەی ئابووری لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وایکرد سەرلەنوێ باری ئابوری رووسیا تێکبچێ و کاریگەری زۆری کردە سەر رۆڵی پوتین لە بەرێوەبردنی وڵاتەکەیدا، ئەمە لە کاتێکدایە کە ویلایه‌ته‌ یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە گەشەسەندنی ئابووری، چونکە بە شێوەیەکی گشتی  ئابووری ئەمەریکا پشت بە شێوازی جیاجیا دەبەستێت، بە پێچەوانەی رووسیا کە تەنیا پشت بە نەوت و گازی سروشتی دەبەستێت.  لەرووی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەوا وێلایه‌ته‌ یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هیچ یەک لە هاوپەیمانەکانی لەدەست نەداوە بەتایبەتی لەم شەش ساڵەی دواییدا، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە هیند و ڤیتنام و کوبا و بەم دوایەش کۆریایی باکور، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشی دەچێت. کەچی  رووسیا سەرەڕای هەبونی هاریکاریی لەگەڵ چین، پەیوەندییەکەی ناچیتە نێو چوارچێوه‌ی هاوپەیمانەوە. لەلایەکی ترەوە کێشەی ئۆکرانیا  زەرەرێکی زۆری بە پەیوەندییەکانی روسیا لەگەڵ ئەوروپا گەیاند و کاری کردە سەر وەستانی رۆڵی رووسیا لە کۆمەڵەی هەشت وڵاتە زلهێزەکانی جیهان. ئەمە لە کاتێکدا ئەمەریکا خەریکی ئەنجامدانی گرێبەستی بازرگانی گەورە بوو لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوکارانی لەوڵاتانی ئاسیا، بەمەش ئەو هەوڵانەی کە پوتین دای بۆ دامەزراندنی (یەکێتی ئەوراسی  ئابووری) هەرەسیهێنا و لە جیاتی ئەمە یەکێتیەکی مردوو لە دایکبوو. لە راستیدا ناچاربونی پوتین بۆ رزگارکردنی رژێمی ئەسەد لە سووریا، ئاماژە بە لاوازی رۆڵی رووسیا دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەمە بە پێچەوانەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە کە بەردەوام پەیوەندییەکی بەهێز دەیبەستێتەوە لەگەڵ هەریەک لە ئیسرائیل، میسر، سعودیە، کوەیت، ئوردون، بەحرین، شانشینی یەکگرتووی عەرەبی. هەر بۆیە ئامانجی سەرەکی پوتین لەو هێرشانەیدا  بۆ سەر سووریا، هێشتنەوەی رژێمی ئەسەدە وەکو کیانێکی سیاسی بۆ خۆشکردنی رێگەیەک لەبەردەم بەهێزکردنی رۆڵ ودەسەڵاتی رووسیا لە ناوچەکە، هەروەها گەرەنتی کردنی بەشی روسیا لە کاتی  یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی سووریا گەر بێت و لە ئایندەدا رووبدات. هەرچی سیاسەتی ویلایه‌ته‌ یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە لەمەر سوریا، سیاسەتێکی زۆر ئاڵۆزە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی سوریا دژی ئەسەد، واشنتۆن هەوڵی وەدیهێنانی کۆمەڵێک  ئامانجی جیاجیا و یەکنەگرتووی دەدا، لەلایەک دەیووت (پێویستە لەسەر ئەسەد واز لەدەسەڵات بێنێ) و لەلایەکی تریشەوە نەیدەویست هیچ یەک لە گرووپە جیهادییەکان شوێنی ئەسەد بگرنەوە. لەو کاتەدا واشنتۆن هەوڵی لەناوبردنی داعش دەدا لە سووریا ، لەهەمان کاتیشدا نایەوێت گروپە چەکدارەکانی تر کە دژی داعشن سەربکەون. هاوکات ویلایه‌تە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەدوای گروپێکی بە ناو شۆڕشگێری بێ لایەن دەگەرێ لەسووریا کە ئەمەش مەحاڵە،  بۆیە  تا ئێستا رێژەیەکی زۆر و بەرچاوی  نەدۆزیوەتەوە، بۆ ئەوەی داهاتووی سووریای پێ دیاری بکات. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تر رووسیا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە سووریا، بەردەوام  هەوڵیداوە مافی ڤیتو بەکاربێنێ بۆ رێگەگرتن لە دەرکردنی هەر بریارێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمەر مەسەلەی سووریا. سەرەرای نکۆڵیکردنی ئەمەریکا و رووسیا لە درووستبوونی شەڕی سارد، کەچی راستیەکە پێچەوانەی ئەوەمان پیشان دەدا، ئەو شەڕە ساردە نوێیەی کە ئێستا لە ئارادایە لەلایەک ململانێیەکی توندی لەسەر چەک دروستکردووە بە تایبەتی لە ئەوروپا  و لەلایەکی تریشەوە بۆتە هۆی دابەشکردنی جیهان و نانەوەی شەڕی ناوخۆ لە زۆربەی  وڵاتاندا.

 ئەم هەڵوێستانە هەمووی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە ململانێکردن لە نێوان کۆمپانیاکانی درووستکردنی چەک تا دێت بە هێزتر دەبێت بەتایبەتی لە ئەوروپا، کەئەمەش مەترسی زۆرە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی.ش





ئەم هەواڵە 1069جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad