English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بارزانی لەسەرهەق بوو
2019-01-14 [04:22 AM]

نووسینی: دڵشاد مستەفا وەسانی


ئەم ناونیشانە قسەی من نییە، بەڵكو دوا رستەی وتارێكی (برووس ریدڵ)ی توێژەر و بەڕێوەبەری پرۆژەی هەواڵگری لە پەیمانگای بروكینگزە، كە 30 ساڵ لە cia  كاری كردووە، راوێژكاری باڵای چوار سەرۆكی ئەمەریكا بووە بۆ كاروباری باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، كە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نووسراوە، دەقی وتارەكە بە كوردی لە هەفتەنامەی رووداوی ژمارە 480 لە 2017/11/6 بڵاوبۆتەوە.
برووس باسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی بیستەم بەرامبەر بە ئەمەریكا دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە كاتێ سەرۆك بارزانی یەكەم جار لە 31ی تەممووزی 1992 سەردانی كۆشكی سپیی كردووە، ئەو ئیدارەی سەردانەكەی كردووە و دەڵێ "بارزانی یەكێك لەو شەش سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو كە سەردانی كۆشكی سپییان كرد، ئەو لە هەموویان زیاتر جێگەی متمانە بوو، بەڵام لە هەمووشیان سەختتر قەناعەتی پێ دەهێندرا، بەدرێژایی گەشتەكە بە گومانەوە لە نیازەكانی ئەمەریكای دەڕوانی"، هەروەها دەڵێ:"كاتێك مسعود بارزانی گەیشتە كۆشكی سپی، لەگەڵ خۆیدا میراتێك لە مۆدێلی خیانەتی ئەمەریكی هەڵگرتبوو".
برووس ئاماژە بەوە دەكات ساڵی 1993 ئالگۆر جێگری سەرۆك بووش، میوانداری هەمان گرووپی كردووە، دەڵێ:"ئەمجارەش بارزانی سارد و سڕترین بەشداربووی كۆبوونەوەكە بوو"، لە باسی كۆبوونەوەیەكی دی دەڵێ:"لە ساڵی 1994 من و ژمارەیەك بەرپرسی ئەمەریكی سەردانی ناوچەی دژەفڕین و پارێزراوی هەرێمی كوردستانمان كرد، دیسان بارزانی گومانی لە ئەمەریكییەكان هەبوو"، برووس كە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وتارەكەی نووسیوە، باس لەوە دەكات كە "جارێكی دی بارزانی لۆمەی ئەمەریكای كرد و بارزانی لەسەر هەق بوو".
ئەمەریكا دوای 16ی ئۆكتۆبەر هاتەوە سەر خەت و هەوڵەكانی خۆی خستەوەگەڕ، لە ماوەی مانگێكی رابردوودا، ئەمەریكا جارێكی دی بە قورسایی زیاتر گەڕایەوە كوردستان، دیدارەكانی هەولێر نیشانەی ئەو ئاراستەیەی ئەمەریكایە، لە 2018/12/11 رێك پێری وەزیری وزەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆك بارزانی لە هەولێر رایگەیاند:"ئیدارەی تازەی ئەمەریكا بایەخێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات" هەوەرها گووتی:"سوپاسگوزاری جەنابی سەرۆك بارزانیم بۆ میوانداریكردن و رازیبوون بۆ ئەوەی بێتە ئێرە ئەو دیدارە ئەنجام بدەین".
رۆژی 2019/1/9 سەرۆك بارزانی لە هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا مایك پۆمپیۆ كۆبووەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا كردەوە، ئەم  سەردان و دیدارانەی هەولێر، ئاماژەیەكە كە ئەمەریكا لە عێراقدا كوردستانێكی بەهێز دەخوازێت، سەردانی پۆمپیۆ بۆ هەولێر و پایتەختەكانی دیكەی ناوچەكە، وێڕای ئەوەی راستكردنەوەی هەندێ پەیامی چەند مانگی رابردووی سەرۆكی ئەمەریكا بوو بۆ ناوچەكەو لەبەرچاوگرتنی پێگەو رۆڵی سەرۆك بارزانییە، لە هەمان كاتدا ئامادەكارییە بۆ گۆڕانكاری و ئەو رووداوانەی لە ناوچەكەدا بەڕێوەن، لایەنەكانی كوردستان لە جیاتی ئەوەی چاویان لە دەوروبەر بێت، پێویستە بۆ ئەو رووداوانە، لە هەولێر خۆخڕبكنەوە و پەیامەكە وەك خۆی وەربگرن. 





ئەم هەواڵە 6361جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad