English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەو نێوەندەدا
2019-01-21 [02:43 AM]

نووسينى: ئاریان فه‌ره‌ج


كشانەوەی دوودڵانە و مەرجداری ئەمریكییەكان لە سوریە و خۆقایمكردنەوەیان لە عێراق، سەردان و بەسەركردنەوەی هەموو ئەو ووڵات و هێز و نێوەندانەی بە دۆستیی خۆیان دەزانن، ئاماژەی خۆكۆكردنەوە و بەرنامەسازییەكی ئەمریكیانەیە لە ناوچەكەدا. لە بەرامبەریشدا سەردان و هەوڵی ئێرانییەكانیش بە هەمان گوڕ و تینی نەیارەكەیان لە ئارادان. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئامانجی هەوڵەكانی ئەم قۆناغەی ئەمریكا كەمكردنەوەی هەژمونی ئیرانە لە سوریە، لە عێراق، لە لوبنان و جێیەكانی دیكەش، رێگرتنە لە هەر نزیكبونەوەیەكی توركی ئیرانی، زامنكردنی زێدەبەرهەمییە لە نەوتی سعودیەدا تا بۆشایی ئێران لە بازاڕی نەوتدا پڕبكاتەوە. بێگومان ئامانجەكانی ئێرانیش پێچەوانەن. 
لەو نێوەندەدا عێراق موبتەلاو گیرۆدەی یەكەمی ئەو ململانێ نەخوازراوەیە. بە لای شیعەوە ئیران ووڵاتێكی دۆست و هاومەزهەب و هاو شتگەلی دیكەشن، لای بەشێكیشان مەرجەع و قیبلەگاهیانە. بەلای كوردەوە ئیران جیا لەوەی دراوسێ و هاوكاریی زۆرێك لە رۆژە سەختەكان بووە، بە لای بەشێكیشەوە شەریكی بازرگانی و هاوشتگەلێكی دیكەیە، بە لای سوونەشەوە دوای عەیامێك شەڕ لە دژی ئەمریكا كە بە قازانجی ئیران كەوتەوە، رەنگە چیتر ئامادەی دوبارەكردنەوەی تەجروبەی بێ سەمەری (مقاوەمەی موحتەل) نەبن ولەوە زیاتر ماڵی خۆیان وێران نەكەن. هەرچی ئەمریكاشە جیا لەوەی زلهێزە، بە حوكمی ئەوەی رزگاركەری عێراقیشە، وجود و هەژمونی بەسەر عێراقدا وەك ویسایەت و دیفاكتۆیەكە و رەتناكرێتەوە. 
ئەو هێزگەلەی لە ئیران نزیكن و لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەهێز و لە سەر زەوییش خاوەن میلیشیای پڕ چەكن، لە هەوڵی ئەوەدان پڕۆژە بڕیارێك لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێنن كە داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان (كە مەبەستیان هێزی ئەمریكایە) لە عێراق دەكات بە هەرێمی كوردستانیشەوە. 
لە نێو ئەم كەین و بەینەدا، ئیستقرارخوازانی عێراق بە كوردیشەوە بە دوای سەقامگیری و ئارامی دەگەڕێن نەك ئەوەی خاكەكەیان دیسان ببێتە سەرزەمینی یەلاكردنەوەی ململانێ سەختەكان. 
هاوخیتابیی كورد لەم هەلو مەرجەدا لە هەر كات گرنگترە، پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت و رێكخستنەوەی نێوماڵ، دەبێ بەشێكی چیتر لە دواخستن نەهاتووی ئەو لێكنزیكبونەوە و لێكگەیشتنە بێت كە رەوشەكەو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لە حزبەكانی دەخوازێت و دەبێ ئەولەویەتی هەموو لایەك بێت.

 





ئەم هەواڵە 2800جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad