English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق و ئوردن بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە
2019-01-29 [10:41 AM]

ZNA-هه‌ولێر


بە سەرپەرشتیی د. فوئاد حوسێن و مەڕوان ئەلمعەشەر، شاندی عێراقی و ئوردنی كۆ بوونەوە و بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.

بە سەرپەرشتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیرانی كۆماری عێراق – وەزیری دارایی و، مەڕوان ئەلمعەشەر، جێگری سەرۆكوەزیرانی شانشینی ئوردنی هاشمی، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو شاندی فەرمیی عێراق و ئوردن بەڕێوە چوو.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەیە:

لە سۆنگەی پەیوەندیی برایانە و مێژوویی بەردەوامی نێوان كۆماری عێراق و شانشینی ئوردنی هاشمی و بە مەبەستی بەهێزكردنی پەیوەستەكانی هاوكاریی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتی برا، ڕۆژی دووشەممە لە بەغدا رێكەوتی 28/1/2019 كۆبوونەوەیەك بە سەرۆكایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆكوەزیران – وەزیری دارایی عێراق و، د. مەڕوان ئەلمعەشەر، جێگری سەرۆكوەزیرانی ئوردن، بە ئامادەبوونی شاندی یاوەری بەڕێوە چوو.

هەردوو جێگری سەرۆكوەزیران دیدارێكی دووقۆڵییان ئەنجام دا بەر لەوەی بەرەو دانیشتنی فەرمیی شاندی هەردوو وڵات بەڕێ بكەون و، لەم دیدارەدا چەندین پرسی پەیوەست بە بواری ئابووری و بەهێزكردنی هەماهەنگیی هاوبەش لەو بوارانەی خزمەت بە هەردوو گەلی عێراق و ئوردن دەگەیەنێت، لە كۆبوونەوە فەرمییەكەشدا ئەم بڕیارانە دران:

لە بواری پیشەسازی و بازرگانیدا، بڕیاردرا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی داهاتوویدا كار بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری بەخشینی كاڵاكانی ئوردن بكات لە رسومی گومرگی.

هاوكات شاندی ئوردنی، شاندی حكوومەتی عێراقی لەبارەی ئەو رێوشوێنانە ئاگادار كردەوە لەبارەی پێكهێنانی ناوچەی هاوبەشی پیشەسازیی عێراقی – ئوردنی بەر لە بەرواری 2/2/2019 لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی یەك مانگ بە كۆمپانیای ئوردنی عێراقی بۆ پیشەسازی لە بەرواری 2/2/2019 بۆ ئامادەكردنی (RFP) و گرێدانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ كۆمەڵەی گشتیی كۆمپانیا بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی وەردەكارییەكانی پێكهێنانی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش.

لەبواری گواستنەوەشدا بڕیاردرا كار بە میكانیزمی گواستنەوەی Door to Doorبكرێت بۆ ئەو كاڵایانەی ماوەیان زوو بەسەر دەچێت و، لە ماوەی یەك هەفتەدا لایەنی ئەمنیی پەیوەندیدار لە هەردوولاوە كۆبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی كامیۆنەكانی بارهەڵگرتنی ئوردنی بە هەمان رێوشوێنی ئەمنیی داخڵبوونی كامێونە عێراقییەكان بۆ نێو خاكی ئوردن بڕۆن، لایەنی عێراقی پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئوردن كرد بە بەخشینی ئەو كاڵا عێراقیانەی لە عەقەبەوە داخڵی ئوردن دەبن لە باجی گومرگ بە رێژەی 75%، هەردوولاش دووپاتیان لەسەر ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی بازرگانی كردەوە لە نێوان هێڵی شاهانەی ئوردن و هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە بواری كۆدی هاوبەش بۆ مەشق و هاوكاری لە بوارەكانی فڕۆكەوانی و گواستنەوەی ئاسمانی.

لە بواری وزەشدا، هەردوولا پێشوازییان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوبەشی تەكنیكی پەیوەندیدار كرد بە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بەندەكانی یاداشتی لێكتێگەیشتن كە لە 29/12/2018 لە نێوان وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی وزە و سامانی كانزایی كرد لە بوارەكانی تەكنیكی و بازرگانیدا ئیمزا كرابوو، هەروەها لە 25/1/2019ـش لەسەر میكانیزمی بەستنی هەردوو وێستگەی  (ریشە- قائیم 400 KV) لەرێگەی دروستكردنی دوو هێڵ بە هێزی 400 KVبە رێڕەوی هاوبەش كە قەبارەی هەر یەكیان  (1000 ئێم. ڤی. ئەی) بێت، لایەنی ئوردنی لایەنی عێراقی لە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئوردن ئاگادار كردەوە لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەردوولا، شاندی حكوومەتی عێراقیش لایەنی ئوردنی لەبارەی ئەو رێوشوێنانە ئاگادار كردەوە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر جێبەجێ كرابوو بۆ ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی رێككەوتنی لەسەر كرابوو لەبارەی كۆتاییهێنان بە رێوشوێنی رێككەوتنەكە، بەڵێنیشی دا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بەدەست بهێنێت لەبارەی پرۆژەی ئەم رێككەوتنە.

لە كەرتی كشتوكاڵیشدا، لایەنی ئوردنی، لایەنی عێراقی لەوە ئاگادار كردەوە كە وەزارەتی كشتوكاڵی ئوردن ئامادەیە مەشق بە كادیری عێراقی بكات لە بواری بەكارهێنانی ئاو بۆ مەبەستی كشتوكاڵی ئاوی و دروێنەی ئاوی و زیاتركردنی تۆوی دژەخوێ و بەكارهێنانی دەرمانی دژەمەگەز كە دۆستی ژینگە بن، لایەنی عێراقی پێشوازی لەو بڕیارە كرد و بەڵێنی پێدانی لیستێكی بە لایەنی ئوردنی دا كە پێداویستی و ژمارە و ماوەی پێویستی تیادا دیاری بكرێت بە رێگەی دیپلۆماسییەوە.

لە بواری تەندروستییشدا، هەردوولا دووپاتیان لەسەر پێویستیی سوودوەرگرتن كردەوە لە ئەزموونی ئوردن لە بواری تۆماركردنی دەرمانی پزیشكی و ئاسانكردنی تۆمار و نرخدانان و پشكنینی كوالیتی لەلایەنی عێراقی (ئاڵوگۆڕی تۆمار) هەروەها یاسادانان لە بواری پزیشكی. هەردوولا لەسەر نەهێشتنی هەموو تەگەرەكان رێككەوتن بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزاری پزیشكی و بەهێزكردنی پەیوەندی لە نێوان هەردوو دەزگای خۆراك و دەرمانی ئوردنی و عێراقی و ئاسانكردنی پەیوەندی لە نێوانیان. هەردوولا لەسەر ئاڵوگۆڕی شارەزایی رێككەوتن لەبواری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و بەهێزكردنی پەیوەندی لە نێوانیان و نەهێشتنی گرفتی كەمیی دەرمان بۆ چارەسەری شێرپەنجە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئوردن لە بواری بەكۆمپیوتەركردنی رێوشوێنی پزیشكی.





ئەم هەواڵە 8446جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad