English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له ‌یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان ده‌كات
2019-02-17 [01:47 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 66 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كانیان، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان كرد،

ئه‌مه‌ش ده‌قی پیرۆززبایینامه‌كه‌یه‌:

 

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان.

 

بە بۆنەی شەست و شەش ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی گەشیان بۆ دەخوازم.

 

لاوان و قوتابیان لە كاتی دامەزراندنیانەوە هەتا ئێستا لەكاری ڕێكخراوەیی و مەدەنیدا بەشێكی گرنگی خەباتی گەلەكەمان بوونە، بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و پێشكەوتن و نوێخوازی. ئەم دوو ڕێكخراوە تێكۆشەرە بە درێژایی ساڵانی كاركردنیان شوێنی پێگەیاندنی سەركردەی بە توانا و ڕۆڵەی هۆشیار و هەڵكەوتوو بوونە، كە جێی دەستیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دیار و بەرچاو بووە و لەم ڕێگەیەدا قوربانی و شەهیدیشیان بەخشیوە.

 

قوتابیان و لاوانی خۆشەویست، ڕۆڵ و كاریگەریتان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەماندا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ژیانی ئاوارەیی و كاری مەدەنی و زانست و فێربوون، هەروەها بەرگریكردن لە مافی ڕەوای گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی جێگەی شانازییەكی زۆرە.

 

ئێوەی ئازیز مێژووتان بۆ گەلەكەتان دروست كردووە و هەروەها ئاییندەی میللەتەكەتانن. بۆیە ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست هەیە بە سوودوەرگرتن لە شێوازی نوێ و هاوچەرخی خەبات و، بە ورەیەكی بەرزتر و چاوكراوەیی زیاتر، لە پێگەیاندنی كادیری هۆشیار و بەتوانا بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بەردەوام بن. ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز هەیە كە پارێزەری بەها بەرزەكانی میللەتەكەمان بن و خۆتان بۆ ئاواتە ڕەواكانی گەلی كوردستان تەرخان بكەن، لەپێناو گەییشتن بە كوردستانێكی بەهێز و گەشەسەندوو، هەروەها پێگەیاندنی نەوەیەك كە بڕوای بەخۆی هەبێت و نیشتمانی خۆی خۆش بوێت.

 

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی، مەسعود بارزانی.





ئەم هەواڵە 3415جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad