English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گەنجێگ لەبەر خۆشەویستەکەی خۆی دەکوژێت 
2019-02-27 [11:30 AM]

ZNA- ھەولێر 


خەلیل ھەموو ھەوڵێکی لەگەڵ ماڵی باوکی ئەو کچە دا کە خۆشیدەویست، بەڵام رازی نەبوون کچەکەیان شوو بە خەلیل بکات و لە جیاتی ئەو لە ئامۆزایەکی خۆی مارە کرا. دوای ئەوە خەلیل بە گوللـەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا. 

شەوی ١٣/٢/٢٠١٩ گەنجێکی تەمەن ٣٦ ساڵ بە ناوی خەلیل محێدین، دانیشتووی گەڕەکی یەکی حوزەیرانی شاری کەرکووک کە پۆلیس بووە، دوای ئەوەی دەزانێت کەسوکاری ئەو کچەی خۆشیدەویست کچەکەیان بەشووداوە، گوللـەیەک لە خۆی دەدات و دەمرێ.

دوای رووداوەکە پۆلیس تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ دادپزیشکی و برا گەورەی خەلیلیش دەستبەسەر دەکەن. سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی عەدالە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە  گوتی: "برای خەلیل بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستبەسەرکراوە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە ئازاد دەکرێ."

سەبارەت بە ھۆکاری خۆکوشتنی خەلیل، براکەی لە ئیفادەی پۆلیسدا دەڵێت: "براکەم ھیچ کێشەیەکی نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت پێشتر چووبووە داوای کچێک، باوکی کچەکە رازی نەبوو بیداتێ، ئەگەرنا ھیچ کێشەیەکی نەبوو. بۆیە پێموایە براکەم لەبەر ئەوە خۆی کوشتبێ". 

باوکی خەلیل چەند ساڵێک لەمەوپێش مردووە. خەلیل لەگەڵ دایکە بەساڵاچووەکەی دەژیا. ئەو کەوتبووە داوی خۆشەویستی کچێک، بڕیاریاندابوو ھاوسەرگیری بکەن، بەڵام باوکی کچەکە بە ھاوسەرگیرییەکە رازی نەبووە و بە خەلیلی گوتووە کچ نادەم بە بێگانە".

(ھـ. ئە) کە دراوسێ و ھاوڕێی خەلیلە،  گوتی :"خەلیل چەند ساڵێک بوو پەیوەندی لەگەڵ ئەو کچە ھەبوو، ماوەیەک لەمەوبەر دایکی نارد بۆ خوازبێنی کچەکە، بەڵام ماڵی باوکی کچەکە وەڵامیان بۆ ناردنەوە و گوتیان کچەکەمان نادەین بە کوڕەکەتان".

خەلیل کۆڵ نادات و دووبارە دایکی دەنێرێتەوە بۆ خوازبێنی کچەکە، بەڵام ھەمان وەڵامی پێشوو وەردەگرێتەوە.

وەک (ھـ) باسی دەکات، خەلیل تەواو بێئومێد بووبوو، بەڵام باوکی کچەکە ھەر قەناعەتی نەھات خەلیل ببێتە زاوای. (ھـ) گوتی :"خەلیل ئارامی لەبەر بڕابوو، ئەمجارەیان خۆی چوو بۆ خوازبێنی کچەکە و بە باوکی کچەکەی گوت: من و کچەکەت یەکدیمان خۆشدەوێ، بۆچی دوودڵ لە یەکدی دەکەی، بەڵام باوکی کچەکە لێی تووڕە بووبوو، لە ماڵەکەی دەریکردبوو". 

گوتیشی: "دوای ئەوە خەلیل بە تەواوی بێ ئومێد بوو، بەردەوام بە خەمباری دەمبینی".

خەلیل بەتەواوی دادەبڕێ، کار و پیشەی تەنیا چوون بۆ دەوام و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بووە. بڕیار دەدات جارێکی دیکە دەست بە ھەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی دەدات و بۆ جاری سێیەم دایکی دەنێرێتەوە ماڵی باوکی کچەکە.

(ھـ) گوتی: "کەسوکارەکەی زۆریان بە خەلیل گوت ئیتر وازبێنێ و داوای کچێکی دیکە بکات بۆی بخوازن، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر ئەوەی تەنیا ئەو کچە ببێتە ھاوژینی، بۆیە جارێکی دیکە دایکی ناردەوە بۆ داوای کچەکە". 

خەلیل چاوەڕێ بووە دایکی ھەواڵێکی خۆشی بداتێ، بەڵام پێیدەڵێت دیسان رازی نەبوون.

(ھـ) باسی دوایین دیداری نێوان خۆی و خەلیل دەکات و دەڵێت :"دوو ھەفتە لەمەوبەر خەلیلم بینی، زۆر خەمبار دیار بوو، گوتی: خۆشەویستەکەم لە ئامۆزاکەی مارە کراوە، نازانم چی بکەم، خەریکە شێت دەبم".

ھەتا رۆژی ئاھەنگی ھاوسەرگیری خۆشەویستەکەی نزیکتر دەبێتەوە، خەلیل زیاتر دەڕووخێ، کەس باوەڕی نەدەکرد خەلیل پەنا بۆ خۆکوشتن ببات.

(ھـ) گوتی: من لە ماڵەوە بووم، سەعات ١٠:٠٠ـی شەو بوو و دەنگی تەقە ھات. رامکردە دەرەوە، گوتیان دەنگی تەقەکە لە ماڵی خەلیل بوو. کە چووینە ژوورەوە دایکی دەگریا و دەیگوت کوڕەکەم رۆیشت، کوڕەکەم خۆی کوشت".

(ھـ) پێیوایە خەلیل تەنیا لەپێناو خۆشەویستەکەی دەستی چووەتە گیانی خۆی. 

(ھـ) گوتی "ئەو شەوەی خەلیل خۆی کوشت، بەیانییەکەی ئاھەنگی گواستنەوەی خۆشەویستەکەی بوو. خەلیل نەیتوانیوە بەرگەی ئەوە بگرێ بۆیە خۆی کوشتووە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو





ئەم هەواڵە 4189جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
فرۆکەوانێک بەم شێوەیە رێز لە مامۆستاکەی دەگرێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad