English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گرووپی رووناک پلەی یەکەمی لە فێستیڤاڵێکی چینی بەدەستهێنا
2019-03-25 [05:34 AM]

تاران - ZNA 


گرووپی رووناک بە سەرپەرەستی گۆرانیبێژی کورد کەیوان عەلی محەمەدی پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میوزیکی "رێگای هەوریشم" لە وڵاتی چینی بەدەستهێنا.

 

رووناک لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵەکە بەشداربوو و لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پکین و لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری "شیان" بە مێژووی زیاتر لە سێ هەزار سال و یەکێک لە چوار پێتەختی باستانی و ناوەندی پارێزگای "شا.ئان.شی" کۆنسێرتی پێشکەش کرد و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە پلەی یەکەمی پێبەخشرا.

 

بەشداریی 12 گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جیهان

کەیوان عەلی محەمەدی سەرپەرشتیار و گۆرانیبێژی گرووپی  میوزیکی رووناک سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێڕت لە فێستیڤاڵەکە، گوتی: فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی 12 گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: هێندستان، بەرازیل، ئیسپانیا، ئازەربایجان، تورکیا، سربیا، رووسیا، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە پێش کۆتایی هاتنی سەری ساڵی نوێی و جەژنی نەورۆزەوە بەڕێوەچوو و گرووپی  میوزیکی رووناک لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی 11 کەسییەوە وەکوو باشترین گرووپی فۆلکلۆری ئەم فێستیڤاڵە دەستیشانکرا.

 

مانگێک کۆنسێرت لە شاری "شیان"ـی چین

گوتیشی: فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام تا رادەیەک کۆنسێرتەکانی گرووپی رووناک، گۆرانییەکان و جلووبەرگی کوردیی و نەتەوەکانی دیکە و هەروەها زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکانی ئێمەیان پێی خۆش بوو کە نزیکەی مانگێک لە شیان کۆنسێرتمان پێشکەشکرد. شیان شارێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی گرینگی پیشەسازیی، زانستی و تەکنۆلۆژیا، پەروەردە و کەلتووریی، بازرگانی و ئابووریی وڵاتی چینە و لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی زۆر باش لە بەرنامەکانمان کرا بە شێوەیەک کە هەر ڕۆژ نزیکەی 5 هەزار کەس کۆنسێرتەکانی ئێمەیان لە نزیکەوەی دەبینی و بە بڕوای من، ئەم بەرنامانە یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو.

 

بینینی 5 هەزار کەس لە هەر کۆنسێرتێکی گرووپی  رووناک

گوتیشی: ئێمە یەکەمین کۆنسێتی خۆمان لە فێستیڤاڵەکەدا لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پکین سازکرد کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای چین، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، هەروەها هۆگرانی موزیک تێیدا بەشداربوون، کۆنسێرتەکانی دواییمان لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری شیان بەڕێوەبرد، کە لە هەر کۆنسێرتێکدا نزیکەی 5 هەزار کەس لە نزیکەوە بەرنامەکەی ئێمەیان بینی.

 

پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە رێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان

ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی "رێگای هەوریشم"، ساڵی نوێی چینییەکانیش بوو کە رێوڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئەم رووداوە هونەرییە لە لایەن گرووپی  میوزیکی رووناک، ئێمەیان بۆ پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە رێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان هەڵبژارد و لەم بەرنامەیەشدا کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و بە هۆی پێشوازیی باشی خەڵکییەوە، بۆ ماوەی 20 رۆژ کۆنسێرتیان بۆ ئێمە دانا.

 

ماڵئاوایی چینییەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە

ئەم ژەنیارە بەئەزموونەی ئامێری دەف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پێشوازیی هۆگرانی موزیک لە کۆنسێرتەکانی گرووپی رووناک لە چین تا رادەیەک بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ماندوو دەبووین، بەڵام ناچاربووین شەو لە دوای یەک، کۆنسێرت پێشکەش بکەین و ژمارەیەکی زۆر لە چینییەکان بە هۆی ئەو هۆگرییەی بە گرووپی ئێمە بوویان، لە رۆژی کۆتاییدا بۆ ماڵئاوایی هاتن بۆ فڕۆکەخانە و خۆشەویستی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕیی و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، ماڵئاواییان لێکردین.

 

پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە فێستیڤاڵی میوزیکی نەمسا

عەلی محەمەدی سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێرتی گرووپەکەیان لە وڵاتی نەمسا گوتی: دوای بەرنامەی سەرکەوتوانە لە فێستیڤاڵی رێگای هەوریشم، بۆ بەشداریی لە فێستیڤاڵی میوزیکی ئێرانییەکان لە شاری ڤییەنا لە نەمسا دەستنیشانکراین، لەوێش کۆنسێرتمان پێشکەش کرد کە لە لایەن ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نەمساوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.

 

گۆرانی کوردیی "لە کۆڵانی تەنگەوبەر" لە چین

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: لەم فێستیڤاڵەدا گۆرانی کوردیی "لە کۆڵانی تەنگەوبەر"، گۆرانی بەلووچی "چەمەنی تارا"، گۆرانی گیلانی "رەعنا"، گۆرانە لوڕییەکان "تەرە دۆر" و "باروو، باروو"، گۆرانی خوراسانی "لەیلا دەر واکۆن"، گۆرانی ئازەری "نارگیلە"، گۆرانی بەندەری "رۆژی هەینی"، گۆرانی بەختیاری "ئەهای گوڵ"، گۆرانی عەرەبی "مەیحانە"، گۆرانی ئینگلیزی "بهێڵە ژیان بەسەر بەرم" و هەروەها گۆرانییەکی تێکەڵاوی کوردیی، عەرەبی و هیندی بە ناوی "کەرەندی".

 

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێکی نوێی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز

محەمەدی لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: بە بڕوای من 2018 ساڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ گرووپی رووناک بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو و هیوادارم ئەم رووداوە باشە بۆ ئێمە درێژەی هەبێت، لەمساڵیشدا بە گڕووتینێکی زیاترەوە هەنگاو بەرەوپێشەوە هەڵێنین. لێرەشدا ئەو مزگێنییە بە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەدەم کە بە کار و بەرهەمەکانیان خۆشحاڵیان بکەین. هەر بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە نوێترین کلیپی خۆمان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەمان گرتووە، بە شانازییەوە پێشکەش بە خەڵکی خۆشەویست دەکەین.

 

ئەندامانی گرووپی موزیکی "رووناک " لە کۆنسێرتی چین

گرووپی موزیکی رووناک لە کۆنسێرتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میوزیکی "رێگای هەوریشم" بریتی بوون لە: کەیوان عەلی محەمەدی ـ سەرپەرەستی گرووپ، دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری دەف و گۆرانیبێژ، کاویان عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری کەمانچە، حانییە عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری تار، نێدا رەزاییان ـ ژەنیاری نەی ئەنبان، عوود و ئامێرە کوتراوەکان، مریەم مەرزبانی ـ ژەنیاری دەف و نەقارە، موجتەبا شاداب فەر ـ ژەنیاری گیتار باس و مێهرداد مەحموودی ـ ژەنیاری کیبۆرد. 

 

مەنسوور جیهانی

 





ئەم هەواڵە 8818جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad