English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك بارزانی بۆ كادیرانی پارتی: ئێوه‌ بۆ خزمه‌تی كورد و كوردستان درووست بوون
2019-04-03 [07:53 AM]

نووسینی: دڵشاد مەولوود گەردی


قوتابخانه‌ی كوردایه‌تی و كۆڵنه‌دانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ رێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر، له‌ دوێنێدا له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا و ته‌نانه‌ت وه‌ك جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی فه‌رمووی له‌ ژێر بۆردومانیشدا پێگه‌یاندنی كادیری رێبازی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری به‌و په‌ڕی گرنگییه‌وه‌ بایه‌خ پێداوه‌.
ئه‌مڕۆ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌ گرنگه‌كه‌یدا ئه‌ركی پارتی و قوتابخانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی پارتی روونتر كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پارتی خاوه‌نی قه‌زیه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، كه‌ قه‌زیه‌ی كوردستانه‌ و كاری پارتی خزمه‌تكردنی ئه‌و قه‌زیه‌ و پێگه‌یاندنی كادیری به‌ ره‌وشت و ده‌ستپاك و ئاست به‌رزه‌ تا بتوانێت ئه‌و قه‌زیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بگه‌یه‌نێته‌ لێواری ئارامی و سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی.
جه‌نابی سه‌رۆك كه‌ له‌ میانی مه‌راسیمی (دیرۆكی خوله‌كانی كادیرانی پارتی له‌ شاخه‌وه‌ بۆ شار) وتارێكی مێژوویی ئاراسته‌ی كرد، په‌ند و وانه‌ی گرنگی تێدابوو، هه‌م بۆ پارتییه‌كان و هه‌م بۆ دۆست و نه‌یارانی كورد و كوردستان.
جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئه‌ركه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی پارتی بیر هه‌مووان هێنایه‌وه‌، كه‌ پارتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سكی حزبیانه‌ كار ناكات و خه‌ونی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و خۆی به‌ خاوه‌نی كوردستان و پرسه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی و چاره‌نووسی میلله‌تێك ده‌زانێت و گوتیشی: "پارتی حزبی دامه‌زراوه‌ییه"‌. هه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌ییه‌شه‌ زامنی سه‌ربه‌خۆیی و هێنانه‌دی ئاواتی شه‌هیدان و خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات.
سه‌رۆك بارزانی به‌ وردی باسی ئه‌و قیه‌م و ئه‌خلاقه‌ جوانه‌ی كرد، كه‌ كادیرانی پارتی و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانی پارتی له‌ سه‌رده‌می بارزانی نه‌مر و شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلووله‌وه‌ له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌ بوون و داواشیكرد، هه‌رچی زیاتره‌ بایه‌خ به‌و به‌هایانه‌ بدرێت. وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران له‌ ریزی پارتیدا نه‌ جێیان بووه‌ته‌وه‌ و نه‌ جێیان ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ منیش وه‌ك كادیرێكی پارتیمان و كوڕی شه‌هیدێكی رێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌شداربوویه‌كی خولی 13ی كادیرانی پارتی، به‌شدار بووم له‌ چالاكییه‌كه‌ و شانازی ئه‌وه‌م پێبڕا له‌ خزمه‌ت دابم و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێبیستی فه‌رمایشته‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بم.
چالاكییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناو باره‌گای فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی، له‌ لایه‌ن سه‌نته‌ری دیراسات و توێژینه‌وه‌ و ئه‌كادیمیای پارتی ئه‌نجام درا و به‌شێكی زۆری كادیرانی خوله‌كانی 1 تا 19ی په‌یمانگه‌ی كادیران تێیدا به‌شدار بوون. 
هه‌روه‌ها به‌نده‌ شانازی و شه‌ره‌فی ئه‌وه‌شم پێ بڕا له‌ سه‌رخستنی مه‌راسیمه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ به‌شدار بم و ئه‌ركی خۆم وه‌ك كادیر و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م رێبازه‌ پیرۆزه‌ جێبه‌جێ بكه‌م.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم پێویسته‌ هه‌موومان پێش هه‌مووان كادیر و به‌رپرس و ئه‌ندامانی پارتی وانه‌ و په‌ند له‌ وتاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌ربگرن و ئه‌و راستییه‌یان له‌به‌ر چاو بێت، كه‌ پارتی بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان كار ده‌كات و خاوه‌نی خه‌ون و ئاوات و ستراتیژێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و پێویسته‌ هه‌موومان كار بۆ سه‌رخستن و به‌دیهێنانی بكه‌ین. ئه‌وه‌ش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌هایانه‌ ده‌كرێت، كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك ئاماژه‌ی بۆ كردن.





ئەم هەواڵە 1177جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad