English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حکومەتی هەرێم له‌ نوووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان به‌شدار دەبێت
2019-04-10 [05:12 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

رۆژی دووشەممەی رێكەوتی ٩/٤/٢٠١٩ لیژنەی نیشتمانی نوووسینەوەی راپۆرتە نێوەوڵەتییەكان كە تایبەتە بەو بەڵێننامانەی عێراق ئەندامە تێیدا لە دیوانی وەزارەتی دادی حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەرێوە چوو بە سەرۆكایەتی بەڕێز بەنگین رێكانی وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی بە وەكالەت (سەرۆكی لیژنە) و ئەندامانی لیژنەی ناوبراو و نوێنەری هەرێمی كوردستان لە لیژنەی نابراو.

 

لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم و نوێنەری هەرێمی كوردستان لە لیژنەی ناوبراو وتی: لیژنەی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە نوێنەری گشت وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی فیدراڵ و نوێنەری هەرێمی كوردستان پێكهاتووە، ئەركی لیژنەكە بریتییە لە نووسینەوەی راپۆرتی كۆماری عێراق تایبەت بە گشت ئەو رێكەوتننامە نێودەوڵەتییانەی كە عێراق ئەندامە تێیدا، هاوكات وەڵامدانەوەی گشت ئەو رێنمایی و پرسیارانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنێف ئاراستەی كۆماری عیراقی دەكات. ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی هەرێممان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی بخرێتە چوارچێوەی راپۆرتی گشتی عێراق، بەڵام لە میانەی گفتوگوكانی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە پاڵ نوێنەری حكومەتی فیدراڵی وتار و راپۆرتی هەرێم پێشكەش بە لیژنەی ناوبراو دەكەین.

 

سەبارە بەم كۆبوونەوەیەی ئەم دواییە دیندار زێباری وتی: كۆبوونەوەی رۆژی 8/4/2019ی لیژنەی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی یەكێك بوو لە كۆبوونەوە گرنگەكانی لیژنەی ناوبراو، چونكە تایبەت بوو بە گفتوگوكردنی دوو راپۆرتی گرنگ، یەكەمیان بەڵگەنامەی بنەڕەتی یەكگرتووی كۆماری عێراق كە ئەمەیان دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی  بۆ گشت ئەو رێكەوتننامە و بەڵێننامانەی كە عێراق ئەندامە تێیدا و دوای پەسەند كردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەش بە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكرێت و لەسەر ئەم بنەمایەش نەتەوەیەكگرتووەكان مامەڵە لەگەڵ عیراق دەكات لە گشت ئەو رێكەوتننامە و بەڵێننامانەی كە عێراق ئەندامە تێیدا، راپۆرتی دووەم كە لەو كۆبوونەوەیەدا پێشكەش كرا راپۆرتی (پانۆرامای خولی گشتگیر UPR) بوو كە ئەمەشیان یەكێكە لە گرنگترین ئەو راپۆرتانەی كە لەلایەن عێراقەوە پێشكەش دەكرێت و گشت لایەنەكانی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە خۆدەگرێت.

 

رێكخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گرنگی بەشداری كردنی هەرێمی كوردستان لەو لیژنەیە وتی: لە میانەی گفتوگۆكانی هەردوو راپۆرتی بەڵگەنامەی بنەڕەتی یەكگرتووی كۆماری عێراق و راپۆرتی (پانۆرامای خولی گشتگیر UPR) ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان تێبینی و سەرنجەكانی خۆمان خستە روو لە هەمان كاتدا ئەو یاسا و رێنمایی و كرداریانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاریان پێدەكرێت لە بارەی پاراستنی مافی مرۆڤ بە گشتی پێشكەشمان كرد وەك مافی منداڵان، ئافرەتان، كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت پێشوازی كردن لە ئاوارە و پەنابەران، پێكهاتە ئایینی ونەتەوەییەكان، رەوشی گرتووخانەكان، ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین، نەهێشتنی بازرگانی كردن بە مرۆڤ و چەندین بواری دیكە، لە هەمان كاتدا جددیەتی حكومەتی هەرێممان خستەڕوو لە چارەسەركردنی هەر گرفتێك كە لەو بوارەدا هەبێت، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموار داراییەی كە رووبەڕووی هەرێم بۆوە لە ئەنجامی بڕینی بودجە و موچەی هەرێم و هێرشی داعش بۆ سەر هەرێم و پێشوازی كردنی لە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر.

 

شایەنی باسە سەرۆك و ئەندامانی لیژنە بەشداری كردنی هەرێمی كوردستانیان بە گرنگ وەسف كرد و ستایشی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد لە هەنگاوەكانی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئەو هەنگاوە كرداریانەی كە لەو بوارە نراو، هەروەها بەشداری كردنی هەرێمی كوردستانیان لە كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و رەوشی مرۆیی و بوونییان  بە  پێویست و تەواوكەری راپۆرتی كۆماری عێراق وەسف كرد كە هەمیشە لە بواری مافەكانی مرۆڤ بۆتە هۆی زیادكردنی خاڵە ئەرێنییەكانی و كەمكردنەوەی خاڵە نەرێنییەكان وەك لە راپۆرتی كۆبوونەوەكانی بەڵێننامەی عەرەبی بۆ مافی مرۆڤ لە قاهیرە و كۆبوونەوەكانی لێژنەی نێودەوڵەتی نەهێشتنی هەموو جۆرەكانی جیاوازی رەگەزپەرستی لە جنێڤ ساز درا.





ئەم هەواڵە 3529جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad