English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی پەرلەمان لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان دەکات
2019-04-11 [04:08 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەمڕۆ پێنچشەممە ١١ی نیسانی ٢٠١٩، د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەنووسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلاری پەرلەمان، پێشوازیی کرد لە دۆمنیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا دۆمنیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لەھەرێمی کوردستان، وێڕای پێرۆزباییکردن لە سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەبوونی ئافرەتێک لە لووتکەی دەسەڵاتی یاسادانان لەھەرێمی کوردستان و ئەو ھەنگاوەشی بەھەنگاوێکی دڵخۆشکەر زانی بۆئەوەی رێژەی ئافرەت زیاتر بکرێت لە نێو کایەکانی حکومڕانی لەھەرێمی کوردستاندا.

لای خۆیەوە  د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای بەخێرھێنانی کونسوڵی گشتیی فەرەنسا و شاندی یاوەری، باسی لە پەیوەندیی لە مێژینەی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا کرد و رایگەیاند: "خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین بە بوونی پەیوەندیەکی بەھێز لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا و دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانە زیاتر بەرەوپێش بچێت، بەتایبەتی لەڕووی دیپلۆماسی و کاری پەرلەمانی لەنێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فەرەنسا بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کاری پەرلەمانیی وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک فەرەنسا".

 ھەروەھا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرد و رایگەیاند: "لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باشدایەو ھەنگاوەکانی وڵاتی فەرەنسای بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە گرنگ دەزانین و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەکەینەوە لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا بەتایبەت جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور  کەتایبەت بە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان".

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان پوختەیەکی سەبارەت بەکارو چالاکییەکانی پەرلەمان و ئەو رێکارە یاساییانە بەپێی پەیڕەوی ناوخوی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم خستەڕوو و رایگەیاند: "دوای خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم، ئێستا تەنیا دەنگدان ماوە بۆ پڕۆژە یاساکە کە بڕیاربوو رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەدانیشتنی ئاسایی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دانیشتنەکەمان بەپێی ماددەی ١٨ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دواخست بۆئەوەی دەرفەتی زیاتر بدەینە لایەنەکان تا رێکدەکەون و لەوڕووەوەش پەرلەمانی کوردستان رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لەنزیککردنەوەی لایەنەکان و لای ئێمە لەسەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەقامگیریی وڵات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی جێگەی بایەخی ئێمەیە،  دوای پەسندکردنی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم رێکارە یاساییەکانی تر بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرینەبەر".

لای خۆشیەوە دۆمنیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان،  خۆشحاڵیی خۆی بەم ھەنگاوە یاساییانەی کەپەرلەمانی کوردستان ئەنجامیدەدات دەربڕی و رایگەیاند: "بەھەنگاوە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان خۆشحاڵین، بۆ فەرەنسا گرنگە پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی دیموکراسی و یاسادانان بایەخی زۆری ھەیە بۆ چەسپاندنی زیاتری دیموکراسی و بۆ ئەم مەبەستەش ھاوکارو پشتیوانتان دەبین بۆ زیاترگەشەکردنی ئەم وڵاتە و ئەم پەیوەندییە بەھێزەی لە نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە بۆ ئێمە گرنگەو زیاتر پەرەی پێدەدەین".

ھەر لەدیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ھیوای خواست کە لایەنەکان پەلە بکەن لە پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆئەوەی فەرەنسا زیاتر ھاوکارو ھەماھەنگ بێت لەسەر کۆمەڵێک پرس کە پەیوەندیی بە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ھەیە.





ئەم هەواڵە 3922جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad