English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی له‌ بەرپرسی نوسینگەی كەنەدا لەهەرێمی كوردستان دەكات
2019-04-14 [11:27 AM]

ZNA-هه‌ولێر


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠١٩، د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەنوسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلاری پەرلەمان، پێشوازیی لە نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نوسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نوسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان، وێڕِای پێرۆزباییکردن لە سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەبوونی ئافرەتێک بەسەرۆکی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی یاسایی و گرنگ لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھێواشی خواست دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداربوونی ئافرەت لە کایە گرنگەکانی ھەرێمی کوردستان فەراھەم بکرێت.

لای خۆیەوە  د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕِای بەخێرھێنانی نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نووسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان، پوختەیەک لە رێکارە یاساییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانی بۆ ئەم قوناغەی ئێستا شیکردەوە و رایگەیاند: "پەرلەمانی کوردستان دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی رێکارەیاساییەکان بەپێی پەیڕِەوی ناوخۆی پەرلەمان و یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی پەرلەمانی کوردستان پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە لەبەرئەوەی ٣٠ ی ئەیلولی ٢٠١٨ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و خەڵکی کوردستان چاوەڕێی پێکھێنانی حکومەتە و بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوە یاساییەکانمان دەستپێکردووە بە کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و دوای دەرچوواندنی یاسایەکە سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت و بەمەش ھەنگاوە خێراییەکانی پێکھێنانی حکومەت دەستپێدەکات و لەئێستادا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە".


لەوەڵامی پرسیاری بەرپرسی نوسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان بۆ دواخستنی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "دواخستنەکە لە سەر داوای لیژنەی یاساییی پەرلەمان بوو، لای ئێمەش لە سەرۆکاتی پەرلەمان سەقامگیریی وڵاتمان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی گرنگە و دەرفەتمان داوە بەلایەنەکان بۆ رێککەوتن، پەرلەمان دەیەوێت بەشێک بێت لە چارەسەر  نەک کێشە بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان دروست بکات" .


ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیر بۆ ھەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند: "دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان بەھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستدەکەین بە ئەنجامدانی چاکسازیی گشتگیر لە رووی دارایی و کارگێرییەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چاوەرێی ئەم پڕۆژانە دەکەین کە لەلایەن حکومەتەوە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێن".


ھەروەھا جەختی لە ھەبوونی دەستوورێک بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "لە ئێستادا نزیکەی ٧٠ مادە لە دەستووری ھەرێمی کوردستان نووسراوەتەوە کە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکراوە کە تیایدا ماف و ئازادییەکان و یەکسانیی جێندەریی چەسپاندووە، ھەروەھا پەرلەمانی کوردستانیش بەبایەخەوە چەندین یاسای دەرکردووە و لەبەرنامەشیدایە چەند یاسایەک ھەموار بکاتەوە  تایبەت بەپرسی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان".


ھەر لەدانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد و داوای کرد حکومەتی عێراق تەواوی دەستووری عێراق جێبەجێ بکات بە تەواوی مادەو بڕگەکانییەوەو لەناویشیاندا مادەی ١٤٠ دەستووری عێراق کە تایبەتە بە ناوچە جێناکۆکەکان" .


لەکۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمان کورتەیەکی سەبارەت بە چاکسازییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان باسکردو رایگەیاند: "دوای دەستبەکاربوونمان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکەم کارمان ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێری و  دارایی  بوو لە نێو پەرلەماندا و داواشمان لە دیوانی چاودێریی دارایی کردووە بەورردی بەدواداچوون بکەن و راپۆرتی خۆیان بۆ رای گشتی روونبکەنەوە و پەرلەمانیش ئامادەیی تەواوی ھەیە لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بلاوی بکاتەوە".
سەبارەت پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کەنەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان  ھیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی کەنەدا بەرەوپیش بچێت بەتایبەتی لە رووی دیپلۆماسی و کاری پەرلەمانیی نێوان ھەردوو پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی کەنەدا بۆئەوەی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان سوود لە ئەزموونی کارەکانی پەرلەمانی کەنەدا وەربگرن".


لای خۆشیەوە نانسی بیرگیرون، بەرپرسی نوسینگەی کەنەدا لە ھەرێمی کوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بەم ھەنگاوە یاساییانە و چاکسازییانەی نێو پەرلەمانی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "دڵخۆشین بەھانگاوەکانتان لەچوارچێوەی کاری پەرلەمانی و نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەم مەبەستە ھاوکارو پشتیوان دەبین و پەرە بەپەیوەندییەکانمان دەدەین  و ئامادەی ھەموو جۆرە ھاوکارییەکین بۆ بەھێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی کەنەدا" .





ئەم هەواڵە 3508جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad