English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پیاوێک بە دەستی ھاوژین و منداڵەکانی دەکوژرێت 
2019-04-16 [10:43 AM]

ZNA- ھەولێر 


یونس لە خەودا بوو کاتێک ھاوژین و منداڵەکانی بە ھاوکاریی خۆشەویستی کچەکەی، پەلاماریان دا و کوشتیان، دواتر تەرمەکەیان لە چۆڵەوانییەک فڕێدا.

 شەوی ٩/٤/٢٠١٩، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ، دانیشتووی گوندی قەرەبەگی سەر بە ناحیەی پردێ، لەلایەن ھاوژین و منداڵەکانییەوە کوژرا. یونس پاسەوانی بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان بوو لە ناحیەی پردێ.

عەقید عابدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی پردێ  رایگەیاند: "شەوی ٩/٤/٢٠١٩ پۆلیسی ناحیەی پردێ تەرمی پیاوێکیان لە نزیک گوندی نەبیاوە دۆزییەوە کە لەنێو بەتانییەک دانرابوو، پێڵاوی لە پێ نەبوو، بە پاچ لێیدرابوو، ھەموو جەستەی خوێن بوو، تەرمەکەمان نارد بۆ پەیمانگەی دادوەریی کەرکووک". 

رۆژی دواتر کوڕەکەی یونس دەچێتە بنکەی پۆلیس و دەڵێت باوکی لە سەعات نۆی شەوەوە بێسەروشوێنە. پۆلیس یەکسەر گومانی لێدەکەن. عەقید عابدین دەڵێت: "لە کوڕەکەمان پرسی کە باوکت لە دوێنێ شەوەوە دیار نییە بۆچی تازە پۆلیس ئاگادار دەکەیەوە؟ ئەویش گوتی: لەبەر ئەوەی شەو بوو. گومانمان لا دروست بوو، لەگەڵ کوڕەکە چووینەوە ماڵیان، داوای وێنەیەکی باوکیمان کرد، دەرکەوت ئەو تەرمەی شەوی پێشتر دۆزیمانەوە پیاوی ئەو ماڵەیە، پێڵاوەکانی لەوێ بوو، سەیری ژوورەکانمان کرد، لە یەکێک لە ژوورەکان پەڵەی خوێن لەسەر مافوورەکە بوو، بۆیە دەستبەجێ کوڕەکە و دایکی و کچە تەمەن ٢٠ ساڵانەکەیمان گرت و بردمانن بۆ بنکەی پۆلیس".

(ن) کە دایکی منداڵەکانە، لە کاتی ئیفادەکەیدا لە بنکەی پۆلیس ئیعترافی لەسەر کوشتنی یونس کردووە و گوتوویەتی: "یونس خەوتبوو، من لەگەڵ کوڕەکەم و کچەکەم بە ھاوکاریی (ئا) بە پاچ لێماندا. کە دڵنیابووین گیانی دەرچووە، تەرمەکەمان خستە ناو ئۆتۆمبێلی کوڕەکەم، لەگەڵ (ئا) بردیان لە نزیک گوندی نەبیاوە فڕێیاندا".

 بۆچی کوشتیان؟ (ن) لە وەڵامدا گوتبووی: "چونکە زۆر خراپ بوو لەگەڵمان". 

بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی پردێ گوتیشی: "کوڕەکەشی کە تەمەنی ٢١ ساڵە بەھەمانشێوە ئیعترافی کردووە و گوتوویەتی باوکم لەگەڵم خراپ بوو، بەردەوام لێیدەداین، بۆیە بڕیارماندا بیکوژین، بە دایک و خوشکەکەمم گوت ئەوانیش رازی بوون".
کچە ٢٠ ساڵانەکەی یونس لە ئیفادەکەیدا گوتوویەتی: "باوکم رازی نەبوو بمدات بە (ئا)، چونکە خێزاندار بوو، منداڵیشی ھەبوو، بەس من خۆشمدەویست و حەزم دەکرد شووی پێبکەم، کاتێک باوکم رازی نەبوو، منیش (ئا)م لە پیلانەکەی خۆمان ئاگادار کردەوە و بەیەکەوە کوشتمان".

(ئا) لە ئیفادەکەیدا قسەکانی کچەکەی یونس پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: "من کچی یونسم خۆشدەویست، داواشم کرد، بەڵام باوکی رازی نەبوو. رۆژێک پێیگوتم بەتەماین لەگەڵ دایکم و براکەم، باوکم بکوژین، منیش لەبەر ئەوەی خۆشمدەویست رازی بووم".

ئەو چوار کەسە کە تۆمەتبارن بە کوشتنی یونس، بەپێی ماددە ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا یونس منداڵەکانی و ھاوژینەکەی ئەشکەنجە داوە؟ عەقید عابدین گوتی: "لە کاتی لێکۆڵینەوە سەیری جەستەی کوڕەکەیمان کرد، شوێنی ئەشکەنجەدانی پێوە دیار بوو، بەڵام نازانین ئایا باوکیان ئەو کارەی کردووە یان نا. ژنەکەشی لە ئیفادەکەیدا دەڵێت یونس زۆر جار لێیداوە. ئازاری ئەو و منداڵەکانی داوە، بۆیە کوشتوویانە".

بەختیار محەممەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی شیوعی کوردستان لە کەرکووک کە ھاوڕێی یونس بووە، لەوبارەوە دەڵێت: "یونس کەسێکی بێ کێشە بوو، ئەوەمان زانیبوو کە لەگەڵ منداڵەکانی خراپ بووە و کوڕێکی لە دەستی ھەڵاتووە".  
 بەڵام (ش) کە کەسێکی نزیکی یونسە، رەتیکردەوە یونس لەگەڵ ھاوژین و منداڵەکانی خراپ بووبێت و گوتی "ئەو قسانەی دەکرێن کە گوایە یونس لەگەڵ ژن و منداڵی خراپ بووە، بنەمای نییە. ئەگەر ئەو ھێندە خراپ بووە، بۆچی سکاڵایان لەسەر تۆمار نەکردووە".

(ش) پێیوایە کوشتنی یونس پەیوەندی بە (ئا) وە ھەیە و دەڵێت: "(ئا) کە خێزاندارە و وەستای کوڕەکەی یونسە، پەیوەندی لەگەڵ کچی یونس ھەبووە، دەچێتە داوای، بەڵام باوکی رەتیدەکاتەوە کچەکەی بداتێ، پێیدەڵێ من کچەکەی خۆم نادەمە یەکێک ژنی ھەبێ".

سەبارەت بە ھەڵاتنی کوڕەکەشی، (ش) گوتی: "کوڕە گەورەکەی یونس پۆلیس بوو لە کەرکووک، ئەو لە کەرکووک دەمایەوە، باوکی ھیچ کێشەی لەگەڵی نەبوو، زوو زووش سەردانی دەکرد".


ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 5701جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad