English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبێك ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌
2019-04-19 [03:26 AM]

ZNA - هه‌ولێر


سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له‌حزبه‌كه‌یان راگه‌یاند و هۆكاره‌كه‌شی‌  بۆ نه‌بوونی پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی گشتگیر ده‌گه‌رێننه‌وه‌.

ئەمڕۆ هەینی سێ سەركردەی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی وازیان لە حزبەكەیان هێنا و رەخنەیان لە حزبەكە گرت بەوەی ئامانجی بووەتە پارە پەیداكردن بۆ چەند كەسێك، دەشڵێن باڵی دەستڕۆیشتووی نێو كۆمەڵ دژایەتی ڕێكخستەكانی شاری هەولێر دەكات.

ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ سه‌لیم كۆیی، سه‌عید هه‌ركی، ئیسماعیل ره‌سولن، وه‌ك خۆیان له‌ نامه‌یه‌كدا ئاماژه‌یان بۆ كردووه‌، كۆمه‌ڵێك هۆكاریان بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش  "نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری" لە نێوان تاكەكانی و  جێبەجێنەكردنی ئەو "بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب".

ئه‌و سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ، داوا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەی  بدات.

ده‌قی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سێ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی:

"بۆ/ خەڵكی هەرێمی كوردستان / ئیسلام دۆستانی دڵسۆز / رای گشتی / كەناڵەكانی راگەیاندن

بابەت/ دەست لەكاركێشانەوە

لە‌سۆنگە‌ی بڕوا بوونمان بە‌وە‌ی حیزب دە‌بێ ئامرازێك بێت بۆ بە‌دیهێنانی ئامانجگە‌لێك كە‌ لە‌سایە‌یدا دادپە‌روە‌ری و ئارامی و خۆشگوزە‌رانی بۆ خە‌ڵك دە‌ستە‌بە‌ربكات و هە‌لی یە‌كسان بڕە‌خسێنێ بۆ دە‌رخستنی تواناو كارامە‌یی و لێهاتوویە‌كانی كادیران و ئە‌ندامە‌كانی لە‌پێناو خزمە‌تكردنی باشتر و هە‌ڵگرتنی بە‌رپرسیارێتی گە‌ورە‌تربۆ گە‌ل و وڵاتە‌كە‌ی، بە‌ڵام ئە‌وكاتە‌ی حیزب خۆی ببێت بە‌ئامانج و سە‌رچاوە‌ی بژێوی بۆ كە‌سانێكی دیاری كراو و نە‌توانێت لە‌خودی خۆیدا دادپە‌روە‌ری بە‌رقە‌رار بكات پێویستە‌ سە‌ركردایە‌تی و كادیران و ئە‌ندامە‌كانی هە‌موو هە‌وڵ و تە‌قە‌لاكانیان بخە‌نە‌گە‌ڕ بۆ چاكسازی و ڕاستە‌ڕێ كردنی، ئە‌گە‌رنا لانی كە‌م هە‌ڵوێست وە‌ربگرن.

بەڕێزان...

دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانەو لێنەبڕاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردوە ولەخزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامی وپێشتریش لە چوار چێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە ناو وپۆست و واژۆمان لەخوارەوە هاتووە، ئەمڕۆ رۆژی هەینی 19/4/2019 رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنین ودەست لەكاردەكێشینەوە لە ئەندامێتی ئەو حزبە. ئەم بڕیارەشەمان بە كورتی دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو هۆكارانەوەی خوارەوە:

یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی.
دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، ویەكسانی وشورا وراوێژ تەنها بونەتە دروشم و لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێن وپێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپ وباڵێكی ناوكۆمەڵی ئیسلامی ودەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیر وئەندامانی ناو حزب.
سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی وئابوری ودیپلۆماسی وجەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەواز وبەڕێوەبردن. تەنانەت زۆر جار كێشەو گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەند وئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە.
چوارەم: نەبوونی ستراتیژ وپلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبونی پلانەش بۆتە هۆكاری نارونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تا ئێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشننیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟!

ئێمە لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە كە لەم بەروارەی سەرەوە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، داوا لە بەڕێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەی وئێمەش بەڵێن دەدەین لەدەرەوەی ئەو حزبە هاوكاری دڵسۆزیان بین بۆ پرۆسەی چاكسازی ریشەیی لە كۆمەڵی ئیسلامی وهەر پڕۆژەیەكی ئیسلامی تر.

لە كۆتاییدا دەست لەكاركێشانەوەمان لەو حزبە مانای دەستبەرداربونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامی وچاكسازیەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامی وپرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لەهەرێمی كوردستان. خوای گەورە پشتوپەنامان بێت بۆ دین وژینی هەمووان.

سەلیم كۆیی / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی.
سەعید هەركی / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر.
ئیسماعیل رەسول / ئەندامی سەركردایەتی ولێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر".





ئەم هەواڵە 2956جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad