English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ھاوڵاتیەک دوای ١٩ساڵ لە زیندانیکردنی بە نەخۆشی گیانی لەدەستدا 
2019-04-23 [01:11 AM]

ZNA- ھەولێر 




سزادراوێکی چاکسازی گەورانی ھەولێر بەھۆی نەخۆشییەوە دەمرێ. چەند سزادراوێک دەڵێن ئەو سزادراوە پێشتر داوای پزیشکی کردووە، بەڵام ئیدارەی زیندان بە ھانایەوە نەھاتوون بۆیە مردووە، بەڕێوەبەری چاکسازییەکەش دەڵێت ئەوان ھیچ کەمتەرخەمییەکانیان نەبووە و چارەسەری پێویست بۆ سزادراوەکە کراوە. کەسوکاری مردووەکەش چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین.

مەریوان عەبدولخالق، ماوەی ١٩ ساڵ بوو لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێک بەند کرابوو، بەڵام دایکی رەتیدەکاتەوە کە ئەو دەستی لەو تاوانەدا ھەبووبێت. دڵارام کەمال، دایکی مەریوان دەڵێت: "کوڕەکەم تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، دەیویست بەڕێگەی قاچاخ بچێتە لای براکەی لە ئەوروپا، بۆیە دەچێتە رانیە و لەوێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ئۆتۆمبێلێک دەڕۆن، بەڵام بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک دەستگیر دەکرێن".

دایکی مەریوان دەشڵێ: "کوڕەکەم سێ کەسەکەی نەدەناسی، بەڵام سێ کەسەکەی دیکە لە وتەکانیاندا گوتبوویان ئەویش لەکاتی تاوانەکە لەگەڵیان بووە، کوڕەکەشم دوای ئەوەی ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە، گوتوویەتی کە ھاوکاریی کردوون لە تاوانەکە، کەسوکاری کوژراوەکەش دەیانزانی کوڕەکەم بێتاوانە، رازیشبوون ئازاد بکرێ، بەڵام دایکی کوژراوەکە رازی نەبوو، بۆیە ئەوە ١٩ ساڵ بوو لە زیندان بوو".

بەگوتەی کەسوکارەکەی، مەریوان نەخۆشیی گورچیلەی ھەبووە و شەوی ١٧/٤/٢٠١٩ لە زیندان مردووە. یەکێک لەو بەندکراوانەی لەگەڵ مەریوان بووە،  رایگەیاند: "ئەو شەوە مەریوان نەخۆش بوو، ماوەی دوو سەعات داوامان کرد چارەسەر بکرێ، بەڵام پزیشک نەھات و نەیبینی، بۆیە مرد".

ئەو سزادراوە پێیوایە خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی سزادراوان ناکرێت "ماوەی ساڵێکە خزمەتگوزارییەکانی نێو چاکسازییەکە وەکو پێویست نین، بەتایبەت خزمەتگوزاری تەندروستی زۆر خراپە و دەرمانی پێویست نییە، تاوەکو ئێستاش چەند کەسێک بەھۆی نەخۆشییەوە مردوون".

دایکی مەریوانیش دەڵێ بەشێک لە دەرمان و چارەسەرەکانیان بۆ کوڕەکەی لەسەر ئەرکی خۆیان کڕیوە: "کوڕەکەم نەخۆشیی گورچیلەی ھەبوو، ھەموو دەرمانەکانی لەنێو چاکسازیدا نەبوو، بەشێک لە دەرمانەکانی بەتایبەت ئەو دەرمانانەی نرخیان گران بوو، بۆمان دەکڕی".

بەڵام بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی ھەولێر رەتیدەکاتەوە ھیچ کەمتەرخەمییەکیان کردبێت.

 ھێمن نانەکەلی گوتی: "ئەو سزادراوە نەخۆشیی گورچیلەی ھەبوو، خێزانەکەشی دەزانن، ماوەیەکی زۆرە چارەسەر وەردەگرێت، ھەفتەیەک پێش مردنی، لەسەر قسەی سەرپەرشتیاری تەندروستی چاکسازی، ویستمان سزادراوەکە بنێرین بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی چاکسازی، بەڵام ئەو بە پەنجەمۆر و رەزامەندی خۆی نەچوو".

ھێمن نانەکەلی گوتیشی: "سەعات ١١ی شەوی رووداوەکە، مەریوان رەوانەی لای پزیشکی نێو چاکسازی کراوە، پزیشکەکە ھێڵکاری دڵی بۆ کردووە و باش بووە، بۆیە بەپێویستی نەزانیوە بنێردرێت بۆ نەخۆشخانەی دەرەوە و دەرزییەکی لێداوە و ناردوویەتییەوە شوێنی خۆی، بەڵام سەعات ٢:٣٠ی شەو مردووە، بۆیە ئەوەی پێویست بووبێت بۆ ئەو سزادراوە کردوومانە".

ئێستا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی مەریوان پێکھێنراوە. ھێمن نانەکەلی گوتی: "ھەر حاڵەتێکی وا روودەدات خۆم لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەم، لیژنەم لەسەر پێکھێناوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن کە چەندجار سەردانی نەخۆشخانەی کردووە، ئەو پزیشکانەی بینیویانە کێن و نەخۆشییەکەی چییە، رووداوەکە بەھۆی نەخۆشی بووە یان کتوپڕ بووە، ھەر ئەو شەوەش تەرمەکەمان رەوانەی پزیشکی داد کردووە".

ئەمە یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان نییە لەنێو چاکسازی گەورانی ھەولێر، ھێمن نانەکەلی دەڵێ: "لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تاوەکو ئێستا چوار بەندکراو بەھۆی نەخۆشی لەنێو چاکسازی گەورانی ھەولێر مردوون. بەڵام ھیچیان بەھۆی کەمتەرخەمی ئێمەوە نەبووە، نەخۆش ھەبووە بەھۆی شێرپەنجەوە مردووە".

بەڕێوەبەری چاکسازی نایشارێتەوە کە ھەموو خزمەتگوزارییەکی پزیشکی لەنێو چاکسازییەکەیاندا نییە، ھێمن نانەکەلی دەڵێ: "ھەر سزادراوێک کە دێتە لای ئێمە سەرەتا پشکنینی تەندروستی بۆ دەکەین، ئەگەر نەخۆشی درێژخایەنی ھەبێت فایلی بۆ دەکەینەوە، لەلایەن سەرپەرشتیاری تەندروستی چاکسازییەوە ھاتوچۆی لای پزیشکی پێدەکرێت و لە نەخۆشخانە حکومییەکان چاودێرییان دەکرێت و چارەسەر وەردەگرن، چونکە ئێمە ناتوانین سزادراوی نەخۆش بنێرین بۆ نەخۆشخانەی ئەھلی، ئەگەر سزادراوەکە نەخۆشی گواستراوەشی ھەبێت تێکەڵی ئەوانی دیکەی ناکەین".

بنەماڵەی مەریوان چاوەڕوانی ئەنجامی راپۆرتی پزیشکی دەکەن تاوەکو ھۆکاری مردنەکەی بزانن، یەکێک لە براکانی دەڵێ: "ئەگەر مردنی براکەم بەھۆی کەمتەرخەمی پزیشک و کارمەندانی چاکسازییەکە بووبێت سکاڵا تۆمار دەکەین".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 4522جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad