English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چەند بەرپرسێکی دیکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەست لەکاردەکێشنەوە 
2019-04-23 [04:05 AM]

ZNA- ھەولێر 



دەستلەکارکێشانەوەی کادیر و بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامی لە پارێزگای ھەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ سێشەممە، سێ بەرپرسی تر ئەو حزبە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند.


لە راگەیەندراوێکدا، ھەر یەک لە ھێمن رەسوڵ، کارگێڕی مەڵبەند، عەبدولقادر ئیبراھیم، رفعەت رەئووف و برووسک عوسمان، ئەندامانی مەڵبەند و بەرپرسی لقی مامۆستایانی کۆمەڵی ئیسلامی، دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان لەو حزبە راگەیاند.


لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیان خستووەتەڕوو: دوای ئەوەی چەندین ھەوڵ و پێشنیازمان لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن، بۆ چاککردنی کێشە و گرفتە سەپێنراوەکانی ھەردوو مەڵبەندی ھەولێر، ڕەت کرانەوە، ئێمەی کارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەندی ١١ی ھەولێری کۆمەڵی ئیسلامی دەست لەکارکێشانەوەی خۆمان رادەگەیەنین و دووپاتی دەکەینەوە، کە بۆ ھەر پڕۆژەیەکی سیاسیی سەربەخۆ، کە خزمەتی رابوونی ئیسلامی بکات، پشتگیریی ھەر سێ سەرکردایەتییە دەست لەکارکێشاوەکان دەکەین ".


پێشتر سێ سەرکردەی کۆمەڵی ئیسلامی، کە پێکھاتبوون لە سەلیم کۆیی، سەعید ھەرکی، ئیسماعیل رەسوڵ، دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان لە حزبەکە راگەیاند و ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەشیان بۆ "نەبوونی پڕۆژەیەکی سیاسیی گشتگیر، بە جۆرێک کە بەبێ جیاکاری، خزمەتی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی بکات"، لەناو کۆمەڵی ئیسلامی گێڕایەوە.
ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکانیشیان بۆ نەبوونی پرۆژەیەکی سیاسیی گشتگیر و جێبەجێنەکردنی بنەماکانی ئیسلام و دادگەری و یەکسانی و شوورا و راوێژ گەڕاندووەتەوە، کە بە جۆرێک باڵێکی ناو کۆمەڵی ئیسلامی، بەتەواوی ھەموو دەسەڵاتەکانی حزبەکەیان قۆرخ کردووە و چەندین بڕیاری نادادوەرانەشی بەسەر کادیر و ئەندامانی ناو کۆمەڵی ئیسلامیدا داوە.

ھەروەھا باس لە پشتگوێخستنی پێگەی کادیرانیان لە شاری ھەولێر، لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووان لە ئەنجومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن کراوە، بەشێوەیەک کە زۆر جار کێشە و گرفتی گەورە بۆ مەڵبەند و ئەنجومەنەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، لەلایەن ئەو گرووپەی ناو ئەنجومەنی بانگخوازان دروست کراوە.


ھەر رۆژێک دوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەو سێ سەرکردەیەش ژمارەیەک کارگێڕی مەڵبەندی (٣)ی ھەولێر، رایان گەیاند کە ھیچ پەیوەندییەکی سیاسی و یاساییان بە کۆمەڵی ئیسلامییەوە نەماوە، پشتیوانیی خۆیان لەو سێ سەرکردەیەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی راگەیاند.

ی.ا





ئەم هەواڵە 3259جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad