English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
شاندی وڵاتی نه‌رویج: خۆشحاڵین به‌بوونى ئافره‌تێك له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
2019-05-02 [11:47 AM]

ZNA-هه‌ولێر


ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢ی ئایاری ٢٠١٩، د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە تەلاری پەرلەمان، پێشوازیی کرد لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کە پێکھاتبوو لە کنوت لیەن، نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج و تونێ ئەلەش، باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و شاندی یاوەری.

لەدیدارێکدا کنوت لیەن، نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج، وێڕای پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، ئامانجی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان روونکردەوەو رایگەیاند: "خۆشحاڵین بە سەردانیکردنی پەرلەمانی کوردستان و دەبینین ئافرەتێک لە پۆستێکی سیادی و گرنگی ئەم ھەرێمەدایە، ھەروەھا  ھاوکاری  و ھەماھەنگییەکی تەواومان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە بەتایبەتی ھاوکارییکردنی ئاوارەکان". 

 ھەروەھا رۆلی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش  بەرزنرخاند و باسی لەو ھاوکارییانە کرد کە وڵاتی نەرویچ پێشکەشی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کردووە لە ماوەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. شاندی میوان خۆشحاڵی خۆشیان بە لەیەکتر نزیکبوونەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی و باسیان لە ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسێک دەربارەی جینۆسیایدی کوردانی ئێزدی کرد کە لە وڵاتی نەرویج بەڕێوە دەچێت.

لای خۆیەوە د.ڤالا فەرید ئیبراھیم، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای بەخێرھێنانی شاندی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەرۆلی گرنگی وڵاتی نەرویچ کرد بۆ ھاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی لە ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "سوپاسی گەل و حکومەتی نەرویج دەکەین بۆ ئەو ھاوکارییانەی کە پێشکەشی ھەرێمی کوردستانی دەکەن و دەخوازین ئەو ھاوکاری و ھەماھەنگییانە بەردەوام بێت بەتایبەت لە رووی کاری پەرلەمانییەوە".

ھەر لە دیدارەکەدا د.ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پوختەیەک لە رێکارە یاساییەکانی کاری پەرلەمانیی لەچوارچێوەی یاسای ھەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێی سازانی لایەنە سەرەکییەکانی پێکھێنەری حکومەتی ھەرێمین بۆ رێککەوتن، چونکە پەرلەمانی کوردستان بەشێک دەبێت لە چارەسەری پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و نابێتە کۆسپ لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی و دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم بەھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستدەکەین بە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا و ئێمە وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە نێو پەرلەماندا دەستمان کردووە بە چاکسازی لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە بەچاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی و بەشێوەیەکی شەفاف لەماڵپەری پەرلەمان بلاوی دەکەینەەوە".

دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گووتی: "لە ئێستادا پەیوەندییەکانمان بەرەو باشبوون دەچێت و دەخوازین حکومەتی عێراق تەواوی بڕگەو مادەکانی دەستووری عێراق جێبەجێ بکات بەتایبەتی مادەی ١٤٠ ی دەستووری عێراق و بەجێبەجێکردنیشی کێشەو گرفتە ھەڵپەسێردراوەکانی  نێوان ھەردوولا چارەسەر دەکرێن".
 
 
 
سەبارەت بەو کۆنفڕانسەی تایبەت بە کوردانی ئێزدی کە بڕیارە لە ولاتی نەرویج بەڕێوەبچێت، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەم کۆنفڕانسە بەگرنگییەوە باسی لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی کرد و رایگەیاند: "بەفەرمی داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە ببێتە ئەندام لە دادگای جینایەتی نێودەوڵەتی بۆئەوەی  دۆسییەی جینۆسیایدکردنی خوشکان و برایانی ئێزدی بەفەرمی بناسرێت، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا حکومەتی عێراق ھیچ وەڵامێکی فەرمیی نەداوەتەوە، بۆ بەستنی ئەمجۆرە کۆنفڕانسانەی کە لەدەرەوەی وڵات دەبەسترێن لەسەر ھەرێمی  کوردستان و بەتایبەت لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی، پێویستە پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی تایبەتمەند لە ھەرێمی کوردستان بەشداربێت تێیدا بۆئەوەی کۆنفڕانسەکە بە بڕیاری گرنگەوە دەربچێت، پەرلەمانی کوردستانیش پڕۆژەی تایبەت بەناساندنی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدیی ئامادە کردووە و کاری لەسەر دەکات"،  گووتیشی: "بەپێی رێکارە یاساییە نێودەوڵًەتیەکان ئەو تاوانانەی دژ بەئێزدییەکان ئەنجام دراون، تاوانەکانی جینوسیایدو تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگن، کەتاوانی نێودەوڵەتین، کۆماری عێراقی فیدراڵ بەرپرسیارییەتیی تاوانەکانی لە ئەستۆدایە بەجۆرێک کە دادگایی تاوانباران بکرێت و حکومەتی عێراقیش قەرەبووی قوربانیانی تاوانەکان بکاتەوە لەسەر ئاستی کەسی و ژینگەیی بەتایبەتی ئافرەتانی قوربانی دەستی تاوانەکانی داعش".

لە کۆتاییدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەم سەردانەو ئەم ھەنگاوە یاساییانەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئێزدییەکان و رێکارە یاساییەکانی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختیان لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نەرویچ کردەوەو ئامادەیی خۆشیان بۆ ئەو مەبەستە نیشاندا.

 





ئەم هەواڵە 1897جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad