English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچیرڤان بارزانی : ھەر سێ لایەنی سەرەکی پێکەوە لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتدا براوەن
2019-05-05 [04:01 AM]

ZNA- ھەولێر 


    

دوای واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ھەر سێ لایەنی سەرەکی پێکەوە لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتدا براوەن. کۆسرەت رەسولیش رێککەوتنەکە بە "مێژوویی" ناودەبات و ھیواخوازە جێبەجێبکرێت.


ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی بەجیا لەگەڵ شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی و شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسول کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسول رێککەوتنی نێوان ھەردوو حیزبیان واژۆکرد. ئەوەش لەکاتێکدا پێشتر پارتی و گۆڕان رێککەوتنی نێوانیان واژۆکردبوو.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم ئەمڕۆ ھەر سێ لایەنمان (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) رێککەوتنی تەواومان ھەیە بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. راستە گفتوگۆکان زۆریان خایاند، بەڵام ئەمڕۆ ھەر سێ لایەنەکە خۆمان بە براوەی ئەم پرۆسەیە دەبینین". 

نێچیرڤان بارزانی گوتیی "پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم، ھیواخوازم ھەر سێ لایەنی سەرەکی کاربکەین بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد "گفتوگۆکان ئاسان نەبوون و سەخت بوون، بەڵام پێشتریش گوتوومە دیموکراسییەت زەحمەتە. ئەوەی گرنگە بە دانوستاندن لەگەڵ برایانی یەکێتی و گۆڕانیش رێککەوتین. جاران کە کێشە دروست دەبوو لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لەناو خەڵک بڵاودەبووەوە، خۆشحاڵین کە بڵێین ئەو مەرحەلانەمان تێپەڕاندووە". 

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی کرد و گوتی "جێگەی خۆیەتی دەستخۆشیان لێبکەم بۆ ماندووبوون و ھەوڵەکانیان کە ئەگەر ماندووبوونی ئەوان نەبووایە ئەمڕۆ نەدەگەیشتینە ئەم رێککەوتنە".
ھەروەھا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، کۆسرەت رەسول بەناوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، لە کەسوکاری شەھیدان و سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی کرد.

کۆسرەت رەسول گوتی "ئەم رێکەوتننامەیە مێژووییە، چونکە کورد لەنێو خۆی ھەمیشە دژی یەک و ناتەبا بووە، پشتیوان بەخودا ئەم رێککەوتنە جێبەجێدەکرێت. ھیواخوازم ھەموو لایەک بتوانین خزمەتی خەڵک بکەین کە ئێستا دۆخی خراپە و ئابووری کوردستانیش باش دەبێتەوە".


ی.ا
 





ئەم هەواڵە 1435جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad