English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئامۆزاكانی دەیكوژن و هەڵدێن
2019-05-08 [10:12 AM]

ZNA-هه‌ولێر


ئاسۆ لەگەڵ بێستوونی برای دەچێت بۆ ماڵی مامی بۆ ئەوەی کێشەی نێوان خۆی و ئامۆزاکانی چارەسەر بکەن، بەڵام کاتێک دەگەنە کۆڵانی ماڵی مامی، لەلایەن ئامۆزاکانیانەوە دەستڕێژی گوللەیان لێدەکرێ، ئاسۆ دەکوژرێ و براکەشی بریندار دەبێ.

ئەو رووداوە سەعات ١١ی شەوی ٢٥/٤/٢٠١٩ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ روویدا. ئاسۆ حەسەن، تەمەن ٣٧ ساڵ و باوکی چوار کچ، لەلایەن ئامۆزاکانییەوە کوژرا. ئاسۆ کە زاوای مامیشیەتی، دانیشتووی گەڕەکی بارووتخانەی شاری کەرکووک و کارمەندی بنکەی پۆلیسی ئازادی بوو. 

رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند :"وا دیارە ئاسۆ و براکەی  چوونەتە ماڵی مامیان لە چەمچەماڵ، لەو کاتەدا بووەتە شەڕە تەقە. ئاسۆ گوللەیەکی بەرکەوتووە و کوژراوە، براکەشی بریندار بووە. ئەوانەی تەقەیان کردووە ئامۆزای ئاسۆن".

سەبارەت بە ھۆکاری رووداوەکەش، رائید سەرکەوت گوتی: "شەڕەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان بووە. بەڵام تا ئێستا لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە، نازانین کێشەکە چییە". 

بە گوتەی رائید سەرکەوت، فەرمانی گرتن بۆ شەش کەس دەرچووە، بەڵام ھەر شەشیان ھەڵاتوون و تا ئێستا دەستگیر نەکراون.

سامان حەسەن کە برای ئاسۆیە، باسی ئەو کێشەیەی کرد کە لە نێوان ئاسۆ و ماڵی خەزووریدا ھەبوو. 

سامان گوتی: "ساڵی ٢٠١٧ ، رۆژێک ئاسۆی برام پەیوەندی بە عادلی ئامۆزامەوە دەکات و لێیدەپرسێت لە کوێی؟ ئەویش دەڵێت لە چەمچەماڵم، ئاسۆ دەڵێت تۆ لە کەرکووکی و من وا دەتبینم بۆ درۆم لەگەڵ دەکەی؟ بۆ ناڵێی لە کەرکووکم؟ ئیدی لەسەر ئەوە بوو بە دەمەقاڵەیان".

شەڕی نێوان ئاسۆ و عادل گەورە دەبێ، برایەکی عادلیش بە ناوی دانا کە لەوێ دەبێت، دێتە ناو شەڕەکە، بە ھەردووکیان لە ئاسۆ دەدەن. دواتر دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ و لەگەڵ براکانی دیکەی بە چەکەوە ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئاسۆ.

سامان گوتی: "دانا براکانی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، بە چەکەوە چووبوونە سەر ماڵی ئاسۆ، پێیگوتبوو ھەر دەتکوژم، چۆن بە براکەم دەڵێی درۆ دەکەی. شەڕەکە گەورە بوو، پۆلیس ھات دانا و براکانی دەستگیر کرد، بەڵام ئاسۆ گوتی ئەوانە ئامۆزامن و خاڵی منداڵەکانیشمن، بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمار نەکردن". 

دوای ئەوەی دانا ئازاد دەکرێ، پیاوانی بنەماڵەکە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئامۆزاکان دەدەن. سامان گوتی: "باوکم و مامم لە ماڵی خزمێکمان کێشەکەیان چارەسەر کرد، رێککەوتنێکیشیان کرد کە ھەر کەسێک دەستپێشخەر بێ بۆ زیندووکردنەوەی ئەو کێشەیە دەبێ ٥٠ ملیۆن دینار بدات".

رێککەوتنەکەی نێوان ماڵی ئاسۆ و ئامۆزاکانی لە ماڵی حەمید عەزیز کرا کە ئەویش یەکێکە لەوانەی وەک شایەتحاڵ ئیمزای لەسەر رێککەوتنەکە کردووە. حەمیدگووتی: "ھەردوولا لەسەر پەنجا ملیۆن دینار رێککەوتن، ئەگەر ھەر کەسێک لەوان سەرپێچی ئەو رێککەوتنە بکات یان کێشە دروستبکات، دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدەن، بەڵام ماڵی دانا پابەندی رێککەوتنەکە نەبوون و ئاسۆیان کوشت."

دوای ئەو رێککەوتنە، پەیوەندی نێوان ھەردوولا ئاسایی بووەوە. ھاوژینی ئاسۆ کە لەگەڵ خوشکێکی ژنبەژنیان پێکراوە، ھاتوچۆی ماڵی باوکی دەکرد، خوشکەکەشی بە ھەمانشێوە سەردانی ماڵی باوکی دەکرد. بەڵام لایڤێکی فەیسبووک ریسەکەی کردەوە بە خوری.

سامان دەڵێت: "رۆژێک دانای ئامۆزام لایڤی دەکرد لە فەیسبووک، لێیان پرسیبوو: بۆچی لەگەڵ ئامۆزاکەت بەشەڕ ھاتن. ئەویش گوتبووی من لە ئامۆزاکانم دا، ناچارم کردن رێککەوتنمان لەگەڵ بکەن. ئاسۆ ئەو قسەیەی زۆر پێ ناخۆش بوو، بەڵام لەبەر باوکم ھیچی نەگوت". 

سامان باسی زیندووبوونەوەی کێشەکەی کرد و گوتی: "سێ رۆژ پێش رووداوەکە ئامۆزا گەورەکەم پەیوەندی بە باوکمەوە دەکات و ھەڕەشەی کوشتنی لێدەکات. باوکیشم بە ئاسۆ دەڵێت. ئەویش تەلەفۆنیان بۆ دەکات و پێیاندەڵێت لەگەڵ بێستوونی برام دێین بۆ ماڵتان بزانم چیتان دەوێ، بەڵام ئەوان وا دیارە بۆسەیان بۆ دانابوونەوە، بۆیە ھەر کە گەیشتبوونە کۆڵانەکەیان تەقەیان لێکردبوون". 

بە گوتەی سامان، ئەوانەی تەقەیان کردووە شەش کەس بوون، دوو ئامۆزا و دوو کوڕە ئامۆزا و ھەروەھا دوو خوشکەزای ئامۆزاکانیان. سامان دەڵێت بە ھیچ شێوەیەک لە خوێنی براکەیان خۆشنابن.


رووداو





ئەم هەواڵە 6883جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad