English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ديندار زێباری: حکومەتی هەرێم بە یاسا هه‌موو چه‌شنه‌ جیاكاریه‌كی له‌ بناغه‌ى نه‌ژاد قه‌ده‌غه‌ کردووە
2019-05-12 [03:40 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لەبارەی کەمایەتییە ئاینییەکانەوە دەڵێت "حکومەتی هەرێم بە یاسا هه‌موو چه‌شنه‌ جیاكاریه‌كی له‌ بناغه‌ى نه‌ژاد، ڕه‌نگ‌، ڕه‌گه‌ز، زمان، پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وڵاتنامه‌، بنه‌چه‌، ئایین، بیروباوه‌ڕ، هزر، ته‌مه‌ن، بارى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى، یان كه‌م ئه‌ندامى قه‌ده‌غه‌ کردووە. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازى هه‌موو ده‌رگاكانی هه‌رێمی واڵا كردووه‌ و تا ئێستا به‌ده‌یان هه‌زار خێزانی مه‌سیحی، ئێزدی، توركمان و عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌راستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان رویان له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌پێی توانا هه‌موو ئاسانكاریه‌كی بۆ ئه‌نجامداون‌ و ئێستاش وه‌كو هه‌موو هاوڵاتیه‌كی دیکەی كوردستان ژیانی رۆژانه‌ى خۆیان به‌بێ هیچ فشارێك ده‌به‌نه‌سه‌ر".

زێباری راشیگەیاند حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستوەتە گەڕ بۆ هاوکاری کردنی ئەو کەمایەتییانەی کە بەهۆی هێرشەکانی داعش لە عێراق زیانیان بەرکەوتووە. بۆ نموونە  دوای داگیرکردنی شنگال (٦٢٨٤) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە رفێندران لەوانە ٣٤٦٧ مێ و ٢٨١٧ نێر حكومەتی هەرێم هەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە بۆ رزگارکردنیان، لە رۆژی ٢٥-١١-٢٠١٤ لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئازاد كردنیان بۆ ئەم مەبەستەش بڕێک پارەی بۆ ئەو كەسانە تەرخان كردووە كە هەر ئافرەتێك ئازاد دەكات یان بە زانیاری یارمەتی ئازاد كردنیان بدات. دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی.

لە درێژەی قسەکانیدا زێباری رایگەیاند "بە هەوڵەکانی حکومەت تا رێکەوتی ٤ی ئاداری ٢٠١٩ (٣٣٧١) کەس لەوانە (١١٦٥) ئافرەت و (٣٣٧)پیاو، (٩٦٧)منداڵی کچ و(٨٩٣) منداڵی کوڕ لەدەستی داعش رزگار کراون و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ رزگار کردنی ئەوانەی لە دەست داعش ماون، هەروەها بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناحكومیەكان كار دەكات بۆ رزگاركردنی ئەو ئافرەت و منداڵانەی کە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.

دکتۆر دیندار زێباری  رایگەیاند  "ئاینییەکانی کوردستان بە ئازادی یادی جەژن و بۆنەکانیان دەکەن و یادەکانیان بە جەژنی رسمی و پشوو دادەنرێت لە هەرێم وەک جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزیدییەکان و چەندین جەژن و بۆنەی دیکە، هەروەها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتی رۆشنبیرى بۆ توركمان و سریانى لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە باره‌گاى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌ له‌ هه‌ولێره‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سریانی له‌ دهۆك هه‌یە، هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا به‌ زمانى سریانییە به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه‌ کریستیانی زۆرە‌ وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه‌، شه‌قڵاوه‌، كۆیه‌، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ له‌كۆیه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ك حه‌مدانییه‌، به‌رتلە‌، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئه‌لقۆش، لەلایەکی دیکەوە ده‌ستەیە‌كى تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى دهۆك سه‌رپه‌رشتى خوێندنى ئایینى ئێزیدى ده‌كات كه‌ زۆربه‌یان له‌ سنوورى شارى دهۆك و زیاتریش له‌ شارى موسڵه".

سەبارەت بە لایەنی کەلتووریش ئەوان حکومەتی ھەرێمی پاڵپشتی دارایی ژمارەیەک ناوەندی ڕۆشنبیری، تیپی ھونەری تورکمانی، کلدانی، ئاشووری، ئێزیدی، لە لایەن وەزارەتەوە کراوە، لە ڕێگای ھاریکاری کردنیان و گرنگیدان بە دابونەریت و کەلەپووری دێرینیان وەک دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی سریانی و چاپکردنی سەدان کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی، تورکمانی.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند "ئەگەرچی زۆرێک لە کەمایەتییەکان ناوچەکانیان رزگار کراوە، بەڵام ناگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئەمنی و پارێزراوبوونی ژیانی کەمایەتییە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان. له شنگال پاش هاتنی حەشدی شەعبی و هەروەها بوونی پەکەکە و دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لەو ناوچەیە، نزیکەی ٨٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە کەمپەکانی دهۆک. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە كەمپەکان لەلایەن پۆلیس و ئاسایش پارێزراون و تا ئێستا هيچ مەترسیەک لەسەر ژيانى ئاوارەكان وکەمایەتییەکان نييه. سەبارەت بە شێوازی مامەڵە کردنی هێزەکانی پێشمەرگە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هيچ مامەڵەی خراپ لەگەڵ کەمایەتییە ئایینییەکان نەکراوە و بە هیچ شێوەیەک ماڵ و خانووی کەس نەرووخێندراوە و تاڵان نەکراوە. هەروەها داوا له ئێزیدییەکان نه كراوه كە وه‌كو كورد خۆیان بناسێنن، هەروەها هیچکات ناچار نەکراون بە زۆر پشتگیری لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە روونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە. وەک لە ماددەی (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون، هەروەها لە ماددەی (١٢٤)ی رەشنووسەکەدا هاتووە کە ناکرێ ئەحکامی ئایینێکی دیاریکراو بەسەر پەیڕەوانی ئایینێکی دیکەدا بسەپێنرێت و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەی نا موسڵمان وەک کریستیان و ئێزیدی بۆیان هەیە ئەنجومەنی رۆحانی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و پەیڕەوی حوکمی تایبەت بە خۆیان بکەن لە بابەتی باری کەسی کە ئەمەش بە یاسایەک دیاری دەکرێت و دادگای باری کەسی و لەلایەن دادگای باری کەسی سەیر دەکرێت.

 





ئەم هەواڵە 3817جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad