English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزارەتی کارەبا: دانانی پێوەری زیرەک چارەسەری سەرەکی بەفیڕۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچیەکانە
2019-05-22 [02:10 AM]

ZNA-هه‌ولێر


لەبارەی رەوشی کارەبای ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی ھاوین، ھاوکات لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم، ھۆگر شاڵی بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم، تیشکدەخاتە سەر دوا پێشھاتەکان بۆ باشترکردنی کارەبا لەھەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، «چارەسەری سەرەکی بەفیرۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان دانانی پێوەری زیرەکە».

 سەبارەت بە  پێدانی کارەبا لەمانگی رەمەزاندا بەھاوڵاتیان، ھۆگر شاڵی وتی: «لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە، زۆر پڕۆژەو پلانی وەزارەتی کارەبا نەتوانرا کاری لەسەر بکرێت، ئەمەش کاریگەریی ھەبوو لەسەر ژێرخانی کارەبا و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا و زیادکردنی ماوەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتیان، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی کارەبا و کرێکارو فەرمانبەرانی ماندوونەناسانە توانیان بەسەر ئەو گیروگرفتە قورسەدا زاڵ بن و رێگە نەدەن قەیرانێکی توندی کارەبا دروست بێت.

وتیشی: «سەبارەت بە ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا و ماوەکانی پێدانی کارەبا لە مانگی رەمەزاندا، وەزارەتی کارەبا بە ھەماھەنگی و پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان توانیویەتی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ (٣٣٠٠ - ٣٥٠٠) مێگاوات بەرز بکاتەوە، بەم بڕەش لەم مانگەدا وەزارەتی کارەبا دەتوانێت بە تێکڕا (١٨ - ٢٠) کاتژمێر کارەبا بە ھاووڵاتیان بدات، بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەباو رێکخستنی سیستمی بەڕێوەبردنی کارەباش لەم مانگەدا ئاگاداری سەرجەم تیمەکانی چاککردنەوەو کۆنترۆڵی کارەبا و سیانەی یەکە ئیدارییەکانمان کردووە لە خزمەتی ھاووڵاتیاندا بن لەکاتی کەوتنەوەی ھەر کێشەو گرفتێکی کارەبادا».

بەرھەمھێنانی کارەبا بەوزەی خۆر

لەبارەی ھەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا و بەرنامەی تازەیان بۆ وەرزی ھاوین، ھۆگر شاڵی وتی: «بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو ھەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا یەکێکە لەو کێشە گەورانەی رووبەڕووی وەزارەتی کارەبا دەبێتەوە، لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەین تۆڕباین و وێستگەکانی کارەبا سیانە بکرێت و ئامادە بێت بۆ بەگەڕخستنی زۆربەی یەکەکان، ئەمە وێڕای بەردەوامی کارکردنی تیمەکانی نەھێشتنی سەرپێچی کارەبا، لەدوای جەژنی رەمەزانیشدا بەرنامە بۆ دەستپێکردنی ھەڵمەتی ھۆشیاری کارەبا ئەنجام دەدەین، بەڵام چارەسەری سەرەکی بەفیڕۆنەدانی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچیەکان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی تۆڕی زیرەک دەبێت».

ھەروەھا بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەچەند ھەنگاوێکی دیکە کرد بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا بەتایبەتی بە وزەی خۆر و لەو بارەیەوە ئاشکرایکرد، بەپێی ئەو توێژینەوەو بەدواداچوونانەی لە وەزارەتی کارەبا لەبەردەستماندایە وزەی خۆر لە ھەرێمی کوردستان داھاتوویەکی زۆر باشی ھەیەو دەکرێت سودی لێ وەربگیرێت بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا، بەتایبەتی کە رێژەی تیشکی خۆر لە ھەرێمی کوردستان لە سەرووی ١٨٠٠ کیلۆوات/سەعات/م٢/ لەساڵێکدا، ئەمەش رێژەیەکی باشە لە سەر ئاستی جیھان.

کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا

روونیشیکردەوە، وەزارەتی کارەبا ٣ سیستمی سۆلار لە ٢ قوتابخانەو یەک بنکەی تەندروستی میللی دامەزراندووەو لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧ کار دەکەن و بۆ ئەم سێ شوێنە نیو مێگاوات کارەبایان لێ بەرھەم دێت و لەڕۆژانی پڕ خۆر لەسەرووی ٩٥ %ی قەبارەی پڕۆژەکە وزەی کارەبای لێ بەرھەم دەھێنرێت، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنەکان ھان دەدات کە بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن بەمەرجێک بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی دارایی‌و ھونەری و سیستمی وەزارەتی کارەبا. ئێمەش وەکو وەزارەتی کارەبا پێشنیار دەکەین ھاندانی ئەو خاوەن پڕۆژە تایبەتانەو ماڵان بکات کە بۆ گەرمکردنەوەی ئاوی پێویستی خۆیان سوود وەربگرن لە وزەی خۆر، کە زۆربەی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون ئاوی گەرمی خۆیان دابین بکەن لە وزەی خۆر.
دواجار لەبارەی دوا ھەنگاوەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ جێبەجێکردنی پێوەری زیرەک ھۆگر شاڵی وتی: «پڕۆژەی تۆڕی زیرەک یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی کارەبا و لەزۆربەی وڵاتاندا کاری پێدەکرێت، پڕۆژەکە لە خزمەتی ھاووڵاتیاندایە، چونکە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا و زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا، ھاوکات لۆدی قورسیش لەسەر تۆڕ و محاویلەو وێستگەکانی گۆڕینی کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمە وێڕای جێبەجێکردنی دادپەروەرییەکی باش بۆ دابەشکردنی کارەبا بەسەر ھاووڵاتیاندا».

وتیشی: «پڕۆژەکەش ھەموو قۆناغەکانی گرێبەست و تەندەرو یاسایی تەواو کردووەو زۆربەی مەوادەکانی پڕۆژەکە ھەر لە پێوەرو ئامێرو سیستەمەکەی گەیشتۆتە کۆگاکانی ھەرێم و دەست بەمەشقپێکردنی کارمەندانی وەزارەتی کارەباش بەردەوامە، چونکە بەشێک لە سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەکەوێتە سەرشانی توانای شارەزایی و لێھاتوویی فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی کارەبا، ھەربۆیە گرنگیەکی زۆرمان داوە بۆ مەشق و راھێنانی ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەت کە تایبەتن بەم پڕۆژەیە».

١ ملیۆن و ٥٠٧ ھەزار ھاوبەش

ئاماژەی بەوەشکرد لە پارێزگای ھەولێر لەچەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازیی پڕۆژەی پێوەری زیرەک لەژێر تاقیکردنەوەدایە و کاری جددی لەسەر دەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دانانی پێوەری زیرەکە بۆ ١ ملیۆن و ٥٠٧ ھەزار ھاوبەشی کارەباو داخڵکردنی بۆ ناو سیستەمێکی زیرەک‌و پێشکەوتوو لەسەرانسەری پارێزگاو ناوچەکانی کوردستان، ئەمەش کاتی دەوێت تاوەکو قۆناغ بەقۆناغ پڕۆژەکە بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، بەپێی پلانێکی داڕێژراو کارەکە بە سیستمێکی سەردەمانە جێبەجێ دەکرێت


سەرچاوە - پێگەی وەزارەتی کارەبا 





ئەم هەواڵە 4333جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad