English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا جەواد زەریف نەیتوانی چاوی بە سیستانی بکەوێت
2019-05-28 [08:12 AM]

ZNA- ھەولێر


رۆژی دووشه‌ممه‌ 27/5/2019، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوای سێ شه‌و مانه‌وه‌، به‌غدای پایته‌ختی عێراقی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ تاران، چونكه‌ دوای سێ شه‌و مانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، نه‌یتوانی دیداری عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌ نه‌جه‌ف بۆ خۆی رێكبخات.

بڕیار بوو زه‌ریف له‌ به‌غداوه‌ به‌ره‌و نه‌جه‌ف بڕوات و چاوی به‌ سیستانی بكه‌وێت، به‌ڵام دواجار ئه‌و دیداره‌ پێكنه‌هات و له‌ ناكاو له‌ خشته‌ی به‌رنامه‌ی كاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سڕایه‌وه‌.

شرۆڤه‌كار و چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ی زه‌ریف نه‌یتوانیوه‌ به‌ دیداری سیستانی شادبێت، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كان له‌ نه‌جه‌ف هه‌وڵ ده‌دات له‌ پێشڤه‌چوونه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و گرژیی نێوانیان خۆی به‌دوور بگرێت.

زه‌ریف له‌ به‌غداوه‌ رایگه‌یاند، تاران پێویستی به‌ نێوه‌ندگیریی عێراق نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا. ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جۆی هوود، هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو له‌ به‌غدا كه‌ گوتبووی: "ئاگادار نییه‌ عێراق له‌ دۆسێی ئێراندا ده‌ستی به‌ نێوه‌ندگیریی كردبێت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا".

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان له‌ به‌غدا به‌ میدیاكانی عێراقیان گوتووه‌: "زه‌ریف ئومێده‌وار بووه‌ ره‌زامه‌ندی له‌ عه‌لی سیستانی وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ پێشوازیی له‌ حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران بكات كه‌ بڕیاره‌ ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو سه‌ردانی عێراق بكات و له‌وكاته‌شدا سه‌ردانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ دوازه‌ ئیمامه‌كه‌ی عێراق و جیهان بكاته‌وه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ نه‌جه‌ف. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكادا، تاران پاڵپشتیی سیستانی به‌ده‌ستبهێنێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ نێوه‌ندی میدیایی و ناوه‌نده‌كانی موسڵمانه‌ شیعه‌كانیشدا بێت".

باڵی ریفۆرمخوازه‌كان كه‌ روحانی و زه‌ریفیش سه‌ر به‌وانن، له‌گه‌ڵ باڵه‌ توندڕه‌وه‌كه‌دا كه‌ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و زۆربه‌ی جه‌نه‌راڵه‌كانی سوپای پاسداران پاڵپشتیی ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ریكا به‌ تیرۆریست ناوی بردوون، له‌ ململانێیه‌كی تونددان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات.

شاره‌زایانی حه‌وزه‌ ئاینییه‌كان پێیانوایه‌، پاڵپشتیی سیستانی له‌وانه‌یه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت بۆ ریفۆرمخوازه‌كان. به‌ڵام هۆشداریی ده‌ده‌ن كه‌ گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، له‌وانه‌یه‌ هه‌موویان بخاته‌ خانه‌ی توندوتیژییه‌وه‌.

چاودێرێكی سیاسی عێراقی به‌ رۆژنامه‌ی "العرب"ـی گوتووه‌، له‌ پرسی نێوه‌ندگیریی عیراقدا بۆ كێشه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، پێویسته‌ قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی سیاسییه‌ عێراقییه‌كان بزانریت. ده‌بێت كه‌سانێك به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵبستن لێهاتوو بن و ئه‌و هێز و توانایه‌یان هه‌بێت، چونكه‌ عێراق به‌ لای ئه‌مه‌ریكی و ئێرانییه‌كانه‌وه‌ زۆر لاوازه‌ و ده‌ست له‌ كاروباره‌كانی وه‌رده‌ده‌ن و كاروباری وڵاته‌كه‌ له‌ ده‌ست خۆیانه‌.

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "نكۆڵیكردنی هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌ نێوه‌ندگیریی عێراق بۆ كێشه‌ی نێوان وڵاته‌كانیان، ده‌رهاویشته‌ی سلبی‌ ده‌بێت و میلیشیا شیعه‌كان بۆ تانه‌دان له‌ حكوومه‌تی عێراق سوودی لێوه‌رده‌گرن".

پێشبینی ئه‌وه‌شكراوه‌ كه‌ سیستانی ناخوازیت ببێته‌ به‌شێك له‌ ململانێی ناوخۆیی نێوان ریفۆرمخواز و كۆنه‌پارێزه‌كانی ئێران له‌باره‌ی قایل بوونیان به‌ ده‌ستپێكردنی دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان. ئه‌گه‌ر بۆ جارێكی دیكه‌ش پێشوازیی له‌ حه‌سه‌ن روحانی بكاته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك كۆماری ئێرانه‌ و عه‌لی سیستانیش یه‌كێكه‌ له‌ هاووڵاتییه‌كانی نه‌ك وه‌ك ریفۆرمخوازێك.





ئەم هەواڵە 1642جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad