English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راگەیەندراوێك لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، لە بارەی رووداوەكانی كەركوك
2019-05-31 [12:43 PM]

ZNA- ھەولێر



لە دوای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە گشتی و لە پارێزگای كەركوك بە تایبەت دەگوزەرێت، بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروست بووە، كە سەر و ماڵی ھاوڵاتیان بە سەرجەم پێكھاتەكانەوە و بەتایبەت ھاوڵاتیانی كورد لە مەترسیدایە، و ھێزە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاكان بە ھیچ جۆرێك توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانە و ژیانی ھاوڵاتیانیان نییە.

لەگەڵ بەردەوامی ھەڕەشەكان بۆ سەر جوتیارانی كورد و ئەو ستەمەی بەرامبەریان دەكرێت لە سووتاندن و رێگریكردن لە دوورینەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان، ھەوڵدان بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان و نیشتەجێكردنی عەرەبی ھاوردە لە شوێنەكانیان، و رووخاندنی خانووی ھاوڵاتیانی كورد لە ناوەندی شاری كەركوك بە بیانووی جۆراوجۆر، بەداخەوە شەوی پێنج شەممە ٣٠/٥/٢٠١٩ زنجیرەیەك تەقینەوە ھاوڵاتیانی لە شاری كەركوك كردە ئامانج و دەیان ھاوڵاتی بوونە قوربانی.

پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، و وێڕای بە توندی ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییانە، داواكارین بە خێرایی كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی.

ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، ھەموو ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەكردنی شێوازێكی جیاواز لە تەعریبكردن دەبینین، كە سەرەڕای تێكدانی رەوشی سەقامگیری ئەو ناوچانە، ئاشتی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكھاتەكان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داواكارین ھەرچی زووترە كاربكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە لە رێگای گرتنەبەری چەند ھەنگاوێك، كە بریتیین لە:
_كۆتاییھێنان بە دۆخی عەسكەرتاریەت لەو ناوچانە.
_گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شوێنەكانی پێشتر و پاراستنی كەركوك بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق.
_رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی شارەكان بە پۆلیس و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
_گۆڕینی پارێزگاری بە وەكالەت و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی لە یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای كەركوك، كە بە بێ ھەڵبژاردن و ویستی پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە، داسەپێنراون.
_كاركردنی جددی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ماددەی ١٤٠) لە دەستووری عێراق، كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم كێشەكانی ئەو ناوچانە دەبێت.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان
٣١ی ئایاری ٢٠١٩





ئەم هەواڵە 1663جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
ڤیدیۆیی .... بە ئاگر و شمشێر قژی ئافرەتان رێکدەخات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad