English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كوردستان بەرەو گه‌شه‌پێدانی ئابووری هەنگاودەنێت
2019-06-02 [10:53 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

هەنگاوەکانی چاکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم وبەغدا، كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش وهەوڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆ لە هۆکارە گرنگەکانن بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان. ئاماژه‌كان وا پیشان ده‌ده‌ن کە كوردستان بەرەو جوله‌یه‌كی به‌رفراوان بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری هەنگاودەنێت.

 

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی، به ئاماژه‌پێدان به سیاسه‌ت وهەوڵە سه‌ركه‌وتووەکانی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ تێپه‌راندنی به‌شی هه‌رە زۆری گرفته‌ ئابووری وسیاسیەكانی پێنج ساڵی رابردوودا، رایگه‌یاند کە سه‌قامگیری سیاسی وهەوڵی لایه‌نە سیاسییه‌كان بۆ تێپەڕدانی گرفتەکان، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی ئابووری له‌وانه نه‌هێشتی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێدانه‌وه‌ی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران، هاندەری به‌هێزن بۆ گەڕانەوەی وه‌به‌رهێنانی بیانی و خوماڵی بۆ‌ بازاری كوردستان.

 

پاش ئه‌وه‌ی كه له‌ مانگی ئاداری 2018  رێژه‌یه‌ك‌ له پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌ستكاری كرا وله‌مانگی ئاداری 2019 به‌ ته‌واوه‌تی پاشه‌كه‌وت هه‌ڵگیرا، جوله‌یه‌ك له رووی بیناسازی وکڕین وفرۆشتنی مولك وماڵ وهاتنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و كۆمپانیانەی كه كوردستانیان به‌جێهشتبوو دروستبووه.

 

زاگرۆس فەتاح محمد، بەرێوەبەری گشتیی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان‌ بە ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی گوت کە ئابووریی كوردستان، به ئاساییبوونه‌وه‌ی دوخی ئابووری، چاوەڕوان دەکرێت نزیكه‌ی له‌ سه‌دا پێنج گه‌شه‌ بكات. گوتی، ئەو بڕە پارانەی کە بۆ پرۆژەکان ته‌رخان ده‌كرێن، دەرفەتی کارکردن لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاددەکەن وهەروەها خواست له‌سه‌ر كاڵاكانی بیناسازی وخزمه‌تگوزاری وتوانای مرۆیی، لە ئەنجامی کەوتنی جولە لە بازاڕ، زیاد ده‌بێت.

 

به گوته‌ی بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان، گه‌شه‌ی ئابووریی كوردستان تا پێش قه‌یرانی دارایی له سه‌دا شه‌ش زیاتر ببوو.

 

هەروەها، بەستنی ژمارەیەک لە پیشانگای نێودەوڵەتی لەم چەند مانگەی رابردوودا، ئاماژەیە بۆچالاکبوونەوەی ئابووری هەرێم.

 

عەبدوڵا ئەحمەد عەبدولرەحیم سه‌رپه‌رشتیاری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رایگه‌یاند، "پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رۆلێكی گرنگ وبنه‌ره‌تی بۆ‌ راكێشانی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان وماركه‌ جیهانییه‌ به‌ناوبانگه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ وبه‌ هۆیه‌وه‌ زۆر هه‌لی كار بۆ بێكاران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ره‌خسێنێت".

 

له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی له‌ ساڵی 2005 تا ئیستا، پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر نزیكه‌ی 115 پێشانگای تایبه‌تمه‌ند ونێوده‌وڵه‌تی له‌ بواره‌كانی كشتوكاڵ، خۆراك، كه‌لوپه‌ل وئامێری بیناسازی وئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ته‌ندروستی، گه‌شتوگوزار، ئۆتۆمبیل وئامێره‌كان له‌ هه‌ولێر كراونه‌ته‌وه‌.

 

سه‌رپه‌رشتیاری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به ئاماژه پێدان به‌وه‌ی كه له‌ میانه‌ی پیشانگای به‌رهه‌مه‌كانی میسر چه‌ندین گرێبه‌ست واژوو كران،  هیواداره به‌ كردنه‌وه‌ی پیشانگای زیاتر له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵ قه‌ره‌بووی ساڵانی رابردوو بكرێته‌وه‌ وساڵی 2019 بكرێته‌ ساڵی به‌ره‌وپێش بردنی ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان وعێراقدا.

 

سه‌لام فه‌قێ، خاوه‌نی كۆمپانیای خانووبه‌ره‌ی "حاجی سه‌لام" ئاماژەی بەوەدا کە سه‌قامگیریی سیاسی وئه‌منی لە لایەک ونه‌هێشتنی سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وپێدانی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران لەلایەکی تر بوونەته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی جموجوڵی زیاتری بازاری مولک وماڵ.

 

سه‌لام فه‌قێ، پێی وایه په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتیاری و چالاكبوونی بانكه‌كان، له‌وانه هاتنی بانكه‌كانی بیانی وسه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كی له‌  ئه‌نجامه‌كانی ئاساییبوونه‌وه‌ی دوخی ئابووری، چالاکانە دەتوانن گەشە بە ئابووری هەرێم بدەن.

 

مه‌لا یاسین مه‌حموود، وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان وخاوه‌ن كۆمپانیای به‌ڕێز، به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه نیشانه‌كانی بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی كوردستان ده‌ركه‌توون، بەباشی دەزانێ کە چوارچێوەی یاسایی بەهێزتر بکرێت بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای تێكه‌ڵاو (هاوبەش لە نێوان کەرتی گشتی وتایبەت) له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه له‌ زۆر له‌ وڵاتان بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری دەوری چالاکیان بینیوە.هەروەها پێی باشە کە یاسای كار وده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هەموار بکرێت بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت.

 

لە لێدوانێک بۆ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، دكتۆر محه‌مه‌د سه‌لمان به‌رواری، مامۆستای زانستی ئابووری لە زانکۆی سەلاحەددین، بە گرنگی دەزانێت کە هەوڵبدرێت رێگە لە دروستبوونی هه‌ڵاوسان وبه‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌ل وخزمه‌تگوزاری بگیرێت. پێشی وایه كه به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕ وجوله‌ی بازار به سوڕینه‌وه‌ی‌ دراو له‌ بازاردا ده‌بێته هۆی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار وكه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری.

 

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان

 

زاگروس فه‌تاح به ئاماژه‌دان به ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان گوتی "هه‌ندێ به‌ڵێنده‌ر، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی زیاتر له 300 پرۆژه‌یان ته‌واو كردووه، كه 50 پرۆژه به شێوه‌ی قه‌رز جێبه‌جێكراون، گرنگترینیان پرۆژه‌ی 120 مەتری هه‌ولێر بوو".

 

له‌مباره‌وه‌ گوتی، "به‌ر له قه‌یرانی دارایی، زیاتر له‌ 3500 پرۆژه‌ به به‌های چوار ملیار دۆلار له‌ جێبه‌جێكردندا بوون، ئێستا وەزارەتی پلاندانان ئامادەکاری کردووە بۆ ته‌واو كردنی ئەم پرۆژانە له‌ زووترین كاتدا".

 

بەرێوەبەری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان له‌ درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا گوتی، لە هەرێمی کوردستان (3,300) بەلێندەر هەیە کە (500) یان بەلێندەری دەرەوەی هەرێمی کوردستانن وله سێكته‌ره‌كانی بیناسازی، رێگاوبان، ئاو وئاوەرۆ، دروستکردنی بەنداو، کارەبا، دروستکردنی سایلۆ كار ده‌كه‌ن.

 

رزگار كه‌ریم، سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان له‌مباره‌وه‌ گوتی له‌ سه‌دا 60ی پرۆژه‌كانی كه له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌رانه‌وه‌ جێبه‌جێكراون بیناسازی بووه، له‌ سه‌دا 25 له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ (ئاودێری وبه‌نداوه‌كان) وله‌ سه‌دا 15 له‌ پیشه‌سازی (سایلۆكان) بووه.

 

 

وەک نوێنەری کەرتی تایبەت، سه‌لام فه‌قێ، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان به‌ سه‌ره‌تای بوژانه‌وه‌ی ئابووریی كوردستان وره‌خساندنی هه‌لی كار ده‌زانێت وپێشی وایه "به‌ڵێنده‌ران بۆ بوژانه‌وه‌ی‌ ئابووری سێكته‌رێكی گرنگی وڵاتن وبوژانه‌وه‌ی به‌ڵێنده‌ران، بوژانه‌وه‌ی وڵاته، به‌ڵێنده‌ر هه‌لی كار له‌ بواری خانووبه‌ره‌، له‌وانه له‌ هێزی كار بگره تا ده‌گاته كه‌لوپه‌لی بیناساری، ده‌ره‌خسێنێت."

 

به گوته‌ی به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2015 (200) ملیۆن دۆلار وساڵی 2016 (100) ملیۆن دۆلار وساڵی 2018 (100) ملیۆن دۆلار بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخانكرا وتا ناوەڕاستی ٢٠١٩ ، (100) ملیۆن دۆلاری دیكه‌شیان بۆ دابینکرا.

 

سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌ڵێندرانیش گووتی له سه‌دا 15ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ كه له‌ ساڵی 2018 به به‌ڵینده‌ران دراوه بۆ قه‌رزه‌كانی ئه‌وان بووه. گوتیشی: "لە ساڵی 2018 لە رێگای وەزارەتی دارایی بە شێوەیەکی مانگانە هەندێک پارە بۆ ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌‌ ته‌رخانكرا كه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانیان به‌رده‌وامبوون وهیوادارین له‌ ساڵی 2019 بڕیكی زیاتر بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ ته‌رخان بكرێت".

 

زاگروس فه‌تاح پێی وایه‌ له ساڵی 2019 هۆکاری سەرەکی بۆ گەشەی ئابووری هەرێم له‌به‌ر ده‌سته وبه دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان، وەبەرهێنانی بیانی وناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

 

زاگرۆس فه‌تاح ئه‌وه‌شی گوت كه له‌ پلانیان دایه 30 پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی ستراتیژی له‌ كه‌رته‌كانی کارەبا، رێگاوبان، ئاو وئاوەرۆ، دروستکردنی بەنداو وسێکتەری نەوت جێبه‌جێ بكه‌ن.

 

مەلا یاسین مەحمود پێی وایه سەرمایەی بەگەڕخراو له‌ پرۆژه‌كانی خانووبه‌ره تا ساڵانی ٢٠١٣‌ كه چه‌ند ملیار دۆلارێك بوو، تا ئەندازەیەك لەو ماوەی دوایدا مردبوو، به‌ڵام ئێستا ئەو سەرمایەیە بەهێواشی دەستی بە جولە كردووەتەوە وپێدانی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران كه دواجار 100 میلۆن دۆلار دراوه، كاریگه‌ری زۆر باشی له‌ بازار دروستكردووه.

 

دكتۆر محه‌مه‌د سه‌لمان به‌رواری، مامۆستای ئابووری له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، بەباشی دەزانێ بۆ نه‌هێشتنی پاره‌ی كاش به‌ ده‌ست خه‌ڵكه‌وه‌، كه له‌ خزمه‌تی بوژانه‌وه‌ی ئابووریدایە وهۆکارێکە بۆ رێگەگرتن لە هەڵاوسانی ئابووری، سیستەمی بانکی پەرەی پێبدرێت ومامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان لەگەڵ پارە له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیا وئامرازی بانکی نوێ بێت.

 

هەروەها له‌ باره‌ی داهات وبودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمیش، پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر وبه‌غدا به‌ گرنگ ده‌زانێت وده‌ڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌هۆیه‌وه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی فیدرالی عێراق وهه‌روه‌ها داهاتی ناوخۆیی وفروشتنی نه‌وت، سه‌رچاوه‌كانی داهاتی جێگیر دەبێت، کە هۆکاری سەرکەوتنی حکومەتە بۆ به‌رده‌وامبوون وجێبه‌جێكردنی ئەرکەکانی له‌وانه ئەنجامدانی پڕۆژه‌کان، پێدانی مووچە وشایستە داراییه‌كان، گەیاندن وپێشكه‌شكردنی خزمەتگوزاری، بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگه‌  ودابینكردنی ئارامی وسه‌قامگیری."

 

دكتۆر محه‌مه‌د سه‌لمان به‌رواری بۆ زیاتر پێشخستنی ئابووریی كوردستان بەباشی دەزانێ که‌ "كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم هەوڵبدات قه‌باره‌ی كه‌رتی گشتی سنووردار بكات وپێداچوونەوە بەو یاسا ورێنمایانە بكات كه كاریگه‌ری نەرێنی بۆ سه‌ر کەرتی ئابووری ودارایی هه‌ن ویاسای چاكسازیی ونه‌هێشتنی چه‌ند مووچه‌یی جێبه‌جێ بكات، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دەکرێ به‌شێكی زۆر له‌ داهات بۆ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان وره‌خساندنی هه‌ڵی كار ته‌رخان بكرێت."

 

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ئاماژەدان به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند کە كابینه‌ی داهاتوو درێژه‌پێده‌ری سیاسەتی كابینه‌ی ئێستا ده‌بێت وگه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به هاوڵاتیان وپه‌ره‌پێدانی کەرتە ئابووریەکان وبه‌هێزكردنی كه‌رتی تایبه‌ت وهاندانی وه‌به‌رهینانی بیانی وخۆماڵی لە کارە سه‌ره‌كیەکانی ده‌بێت.

 

هەروەها گوتی، "لە سێ وچوار مانگی رابردوودا چه‌ندین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان كراونه‌ته‌وه‌ وتێكه‌ڵاوییه‌ك له‌ نێوان كۆمپانیاكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی بیانی دروست بووه وئاشنابوونی خاوەنکارانی كوردستان به‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه تێكه‌ڵاوییه‌ك هه‌بێت. هه‌وڵ وكوششه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه كوردستان دووباره بۆ ئه‌و پێشوه‌چوونه‌ ئابوورییه‌ی 2005 تا 2013 بگه‌ڕێته‌وه‌ وداهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ كوردستان ببینین."

 

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی حكومه‌ت





ئەم هەواڵە 3742جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad