English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ماكرۆن پيرۆزبايى له‌ نێچیرڤان بارزانی ده‌كات
2019-06-13 [09:29 AM]

ZNA- ھەولێر


 


له‌ نامه‌يه‌كدا بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزیان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كار و ئه‌ركی نوێیدا، پشتگیریی فه‌ڕه‌نسايشى بۆ به‌ڕێزيان و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ نامه‌كه‌يدا بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك ماكرۆن نووسيويه‌تى:

ڕێزدار جەنابی سەرۆك
دەمەوێت گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز بكەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتانه‌وه‌ بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق و هیوای سەركەوتنی تەواوتان بۆ دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم بەرپرسیارییەتییە گەورەیەدا.

دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عیراق كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەوایيی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاريه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان كە فەڕەنسا پشتگیریی تەواوی لێ دەكات.

فەڕەنسا و كوردستانی عێراق لە ڕێگای پەیوەندیی مێژوویييه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و جەنگی هاوبەشی دژی داعش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد. دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە ڕابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ‌ وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان ڕایان كرد. ئێوە ئاگاداری پابه‌نديى ئێمەن سەبارەت بە ئاواتی كورد لە چوارچێوەی عیراقێكی یەكگرتوو، فیدڕال و دیموكراتدا. بە ناوی ئەم پەیوەندییە تایبەتەوە بوو كە فەڕەنسا بەشداری كرد لە هاندانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دروست بوون. ئەمڕۆ، ئێمە خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها ئەو ڕێككەوتنانەی لە سایەی ئەم دینامیكییتەوە كراون لە بەرژه‌وەندیی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندنی هەموو عیراقدا.

سه‌رۆك ماكرۆن له‌ كۆتاييى نامه‌كه‌يدا بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى نووسيويه‌تى:

هیواخوازم بتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بدەین، بەتایبەتیش لەو بوارانەی كە خەڵك لە یەكتری نزیك دەكەنەوە: لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، پەروەردەیی. ئێوە لەم چوارچێوەیەدا ده‌توانن پشت بە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی ببەستن.

تكا لە ئێوە دەكەم جەنابی سەرۆك كە بڕوا بە ستایشی بێپایانم بكەن.

ئه‌م نامه‌يه‌ى سه‌رۆك ماكرۆن بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13/6/2019 له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌لايه‌ن به‌ڕێز دۆمينيك ماس، كونسولى گشتيى فه‌ڕه‌نساوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، گه‌يه‌نرايه‌ به‌ڕێزيان.





ئەم هەواڵە 3373جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad