English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
روونکردنەوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان 
2019-06-18 [11:58 AM]

ZNA- ھەولێر 



لەراگەیاندراوێکدا کەوێنەیەکی بۆ ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس نێردراوە ‌ ، حکومەتی ھەرێمی کوردستان  پێشوازی لە  راپۆرتی کۆمیسیۆن حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان دەکات کە رۆژی ٢٩ی نیسانی٢٠١٩ کۆمسیۆنی حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادی ئاینی نێودەڵەتی راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی پێکھاتە ئاینییەکان لە جیھان بڵاوکردەوە و لە بەشی تایبەت بە عێراق باس لە رەوشی پێکھاتەکان دەکات لە ھەرێمی کوردستان. 

لەراگەیاندراوەکەدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم رایگەیاند: ئێمە وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان  پێشوازی لە  راپۆرتی کۆمیسیۆن حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان دەکەین، کۆمیسیۆنی ناوبراو لە نوێترین راپۆرتیان بە ئەرێنی باس لەوە دەکات کە ھەرێم پەناگەیەکی ئارامە بۆ راگوێزراوان لە پێکھاتە ئایینی و مەزھەبییەکان  و تیشکی خستۆتە سەر بەشێک لە چالاکیەکانی حکومەتی ھەرێم کراوە لە  پێشوازی کردن لە راگوێزراوان. 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە پێشوازی کردن لە راگوێزراوان وتی: ھەر کاتێک پێکھاتە ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەکان ھەستیان بە مەترسی کردبێت، ئەوا ھەرێمی کوردستان ھەمیشە دەرگاکانی ھەرێمی واڵا کردووە بۆ پێشوازی کردن لێیان و حەواندنەوەیان، چونکە ئاوارەکان لە پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانن بەم شێوەیە: عەرەبی سوننەمەزھەب (٤٠%)، کوردی ئێزیدی (٣٠%)، کوردی موسڵمان (١٣%)، کریستیان (٧)، شیعە و شەبەک و تورکمان و ئەرمەن (١٠%).
زێباری باسی لە روودواوەکانی ساڵی ٢٠١٤ و ھێرشی تیرۆریستانی داعش کرد و وتی: لە دوای ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی سەرەکی ھەبوو لە پاراستنی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەردا گیرابوو کە بەشی ھەرەزۆری ناوچە نیشتەجێی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کریستیان، ئێزیدی، کاکەیی و شەبەک، بەسەدان ھەزار ھاووڵاتی دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە کرد و رۆڵی ھەرە سەرەکیی ھەبوو لە ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی بەھێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانی ھەرێمە بەبێ جیاوازی.

زێباری ئاماژەی بە مافی پێکھاتەکان کرد لە ھەرێمی کوردستان و لەم رووەوە وتی: لە ماددەی (٦)ی ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی مافی پێکھاتەکانی پارێزراوە کە تێیدا ھاتووە، گەلی ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە لە کورد، تورکمان، عەرەب، کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و ھاووڵاتییانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، ھەروەھا لە(٧)ی رەشنووسەکەدا ھاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەکاتەوە کە ئیسلام ناسنامەی راستەقینەی  زۆرینەی گەلی کوردستانە، بەڵام مافی ئایینی کریستیان و ئێزیدییەکان و ئەوانی تر زامن دەکات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاکییە ئایینییەکان.
 لە رووی سیاسیشەوە لە ساڵی (٢٠٠٥) ژمارەی کورسی کۆتای پێکھاتەکان بە (٥) کورسییەوە زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: (٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشوری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی ھەرێمی کوردستانە بە گشت پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین.

سەبارەت بە مافە یاساییەکانی پێکھاتەکانیش وتی: لە ھەرێمی کوردستان چەندین یاسا کاریان پێدەکرێت کە گوزارشتن لە گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتە ئایینی و مەزھەبییەکان لەوانە:  لە ساڵی (٢٠٠٧)پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (١١) ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی، یاسای (زمانە فەرمییەکان ژمارە ٦ لە ساڵی ٢٠١٤)، یاسای (ژمارە پێنجی لە ساڵی (٢٠١٥) یاسای (پاراستنی مافی پێکھاتەکان)، لەم یاسایەدا  مافی گشت پێکھاتەکان لە ھەرێم پارێزراوە وەک پێکھاتە نەتەوەییەکانی (تورکمان، کلدوئاشووری، سریانی و ئەرمەن) و پێکھاتە و کۆمەڵە تائیفی و ئایینییەکانی وەک (کریستیان، ئێزیدی، ێابئەی مەندائی، کاکەیی، زەردەشتییەکان)، لە رێکەوتی ٩/٧/٢٠١٧ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان دامەزراوە سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتی پێکھاتەکان کە ھەشت ئایین لە خۆ دەگرێت، یاسای ژماری (٤٧)ی ساڵی ١٩٩٢ تایبەت بە پشووی فەرمی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ھەرێم.

سەبارەت بە لایەنی پەرورەدە و خوێندنی باڵا دیندار زێباری وتی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و خوێندنی تورکمانی و سریانی لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردە دامەزراوە بۆ ئەم مەبەستەش خوێندن بە زمانی تورکمانی و سریانی دەخوێندرێت لە دەیان قوتابخانەی ھەرێم، ھەروەھا دەستەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دھۆک سەرپەرشتی خوێندنی ئایینی ئێزیدی دەکات و لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تا ئێستا لەو ناوچانەی کە ئێزیدییەکان تێیدا زۆرینەن وانەی ئێزیدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەک تا دوازدەی بنەڕەتی، لەلایەکی دیکەوە قوتابیانی پێکھاتەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم بەبێ جیاوازی وەردەگیرێن، ئەمە جگە لەوە رێگا بە سەدان قوتابی ئاوارە و پەنابەر دراوە کە درێژە بە خوێندن بدەن، ھەروەھا زانکۆی کاسۆلیکی بە فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دامەزراوە کە تێیدا قوتابییەکان فەلسەفەی لاھوت دەخوێنن و لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە پەیمانگای شەمعون ێەفا گواستراوەتە ھەولێر و ئێستاش بەردەوامە.

زێباری تیشکی خشتە سەر  مافی پێکھاتەکان لە لایەنی رۆشنبیری و کلتوورییەوە و وتی: بە دەیان گروپ و تیپی ھونەری و کەلتووری پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان دامەزراون و جەژن و بۆنەی پێکھاتەکان بە پشووی فەرمی لە دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم دادەنرێت و دەیان کتێب تایبەت بە پێکھاتەکان چاپکراون، ھەروەھا بۆ پاراستنی گیانی پێکەوەژیان لە ھەرێم (١٨٠٠) وتاربێژ رێزیان لێگیراوە، چونکە ھانی پتەوکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانیان داوە لە وتارەکانیان لە بەرامبەردا رێگا لە ژمارەیەکی دیکە گیراوە لە پێشکەش کردنی وتاری ئایینی، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان رەچاوی پرەنسیپەکانی لێبووردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتە ئایینی و مەزھەبییەکانی ھەرێمیان نەکردووە.

سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوەکانی دەست داعش زێباری وتی: نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆکوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوو لیژنەی دامەزراندووە بۆ رزگارکردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان و لیژنەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان، کارەکانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە ھەزاران رفێندراو ئازادکراون، لەلایەکی دیکەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە کراوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژی ئیزیدییەکان و بڕیار وایە ژمارەیەک گۆڕ بە ھاوکاری لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی ھەڵ بدرێنەوە.

سەبارەت بە زەوی و زاری کریستیانەکان وتی: کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤینیەی کە پەیڕەوی دەکرد بۆ تێکدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان، سەرەڕای ئەمەش گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی لە ھەوڵەکانیاندا بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و لەم رووەوە چەندین ھەنگاو نراوە.

ی.ا





ئەم هەواڵە 5356جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad