ZNA-ههولێر ئەمڕۆ بەکارھێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ھەردوو سەکۆی ئەلیکترۆنی ئینستاگرام و واتسئاپ لە سەرانسەری جیھان لەکاتی بەکارھێنانیان رووبەڕووی کیشەیەکی تەکنیکی بوونەتەوە.
بەشێکی زۆری بەکارھێنەرانی ئەو تۆڕ و سەکۆیانە لە سەرانسەری جیھان ئاماژە بەوە دەکەن، رووبەڕووی کیشەی پۆستکردن و دانانی وێنە بوونەتەوە.
لەکاتێکیشدا ھەندێکیان دەڵێت: زۆر بە ئەستەم دەتوانن بچنە ناو ھەژمار و پرۆفایلە تایبەتەکانیان، بەڵام تا ئێستا کۆمپانیای فەیسبووک ھیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو کێشەیە نەداوە.
رۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی لەبارەی ئەو کێشەیە بڵاویکردەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی بەکارھێنەرانی ئەوروپی و ئەمریکی رووبەڕووی ئەو کێشەیە بوونەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاندبوو، ھەوڵ دەدات ئۆفەری ناردن لە ھەرسێ سەکۆیەکە "فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئاپ" یەک بخات.
دوایین جار کە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای فەیسبووک لەکارکەوتن، لە ١٤ی نیسانی ئەمساڵ بوو، کاتێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، دواتر خزمەتگوزارییەکان ئاسایی بوونەوە.
ئەم هەواڵە 27688جار خوێندراوەتەوە |