English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
په‌رله‌مانى كوردستان ئیدانه‌ى تۆپبارانكردنى سنوره‌كانى كرد
2019-07-06 [10:44 AM]

ZNA-هەولێر


راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌كاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/7/6، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی  قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (10)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

رایده‌گه‌یه‌نن ، له‌ سه‌ره‌تا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، دواتر له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌ سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ پێشنیازی یاساى مرۆڤسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌پێشنیازی یاسای به‌ خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ پێشنیازی یاسای هه‌موارى یاسای ژماره‌ (3)ى ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو خوێندرایه‌وه‌.
به‌ر له‌خستنه‌رووی به‌رنامه‌ی كار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئیدانه‌ی تۆپبارانكردنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانى كرد و رایگه‌یاند: "ئیدانه‌ی تۆپبارانكردنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئیدانه‌ی كوشتن و برینداركردنی خه‌ڵكی سیڤیل له‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ین"، راشیگه‌یاند: "به‌پێی ده‌ستووری عیراق و یاسا به‌ركاره‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ پاراستن و رێگه‌گرتن له‌سه‌روه‌ریی خاكی عیراق له‌ئه‌ستۆ و به‌رپرسیاریه‌تیی حكومه‌تی ناوه‌ند دایه‌و پێویسته‌ رێككاری پێویست بۆ پاراستنییان بگرێته‌به‌ر و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیان و زیانلێكه‌وتووانیش له‌وچوارچێوه‌دا له‌ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌".


راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى بڵاویشى كرده‌وه‌ كه‌ دواتر به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه كه‌ تایبه‌ت بوو به‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پێشنیازی یاساى مرۆڤسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی به‌دوو هۆكار داوای كرد خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌كه‌ نه‌كرێت، یه‌كه‌میان به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشنیازی یاساكه‌ پێویستیی به‌ره‌زامه‌ندیی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای هه‌رێم هه‌یه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌بێـت كۆنگره‌ ببه‌ستن بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ناوه‌ڕۆكی پێشنیازی یاساكه‌و خاڵی دووه‌میش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پێشنیازی یاساكه‌دا هۆكاره‌كانی ده‌رچوون به‌روونی ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه‌، بۆیه‌ داوای دواخستنی پێشنیازی یاساكه‌ ده‌كه‌ن، به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دواخستنی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پێشنیازی یاساى مرۆڤسازی له‌ هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ پێشنیازه‌كه‌ په‌سندكرا.


ده‌شڵێن ، خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش تایبه‌تبوو به‌ ‌پێشنیازی یاسای به‌ خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ى زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر كراوه‌ له‌ سنوورى شاره‌وانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كرد بۆ كار له‌سه‌ركردنی.
خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ پێشنیازی یاسای هه‌موارى یاسای ژماره‌ (3)ى ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراو ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد هه‌ر ئه‌مڕۆ كۆببنه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنی و ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌رى. ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ سه‌عات 11ی پێشنیوه‌رۆی به‌یانی 7/7/2019 دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی رێككاره‌ یاساییه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌ پێشنیازه‌.





ئەم هەواڵە 1537جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad