English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خاك و خوێنیان دەوێت
2019-07-15 [12:42 PM]

نووسینی: زكری موسا


ماوەیەكە عادل عەبدولمەهدی لە هەموو لایەك لێی دەخوێندرێت و خراوەتە ژێر گوشاری سیاسی و ئیعلامیی نەیارانی مافەكانی كوردستان بە تۆمەتی ئەوەی كە موجامەلەی كورد دەكات و تێگەییشتنی بۆ دۆزی كورد هەیە. لە شاشە عەرەبییەكاندا دەموچاوی شۆڤینی شەڕی ئیعلامی و دەروونیان لەدژی مافەكانی كوردستان دەست پێكردووە. خۆپێشاندانەكانی ڕۆژی هەینیی ڕابردووی كەركووكیش هەناسەی بۆگەنی عرووبەخوازی و شۆڤینیگەریی پێوە دیار بوو. ئەمانە هەر هەمووی زەنگی مەترسین و پێمان دەڵێن عێراق ئاوس و بارگاوییە بە نەفەسی ئینكاركردنی كورد.

ئەو نەفەسە كاتێك بێدەنگ و كپ بووە كە عێراق لە دۆخی لاوازیدا بووبێت یانیش عەرەبە شیعە و سووننەكان خەریكی گیانی یەكتری بن و مەستی تاییفەگەری بن. لە بەهێزبوونەوە و سەقامگیریشدا هەر هەموویان بە عەلمانی و دینییانەوە لەسەر دژایەتیكردنی مافەكانی گەلی كوردستان هاوڕان و بۆیشیان بلوێت دەست دەوەشێنن.

هەموو ئەو دەنگە شۆڤینییانەی دەبیسترێن لە یەك كانیاودا ئاو دەخۆن. هەمان دەنگی داعش و حەشدەكانن كە پەلاماری كوردستانیان دا. كۆپیی زەرقاوی و ئۆسامە و بەغدادی و عەلی كیمیاوین. ئەوانن كە ئەنفال و كیمیاباران و تەعریبیان دەكرد و كوردانی ئێزیدییان جینۆساید كرد.

ئێمەی كوردستانی بەهۆی قەدەری مێژووو جیۆگرافیاوە لەگەڵ ئەم عەقلییەتە كەوتووینەتە چاڵ كە عەقڵییەتی فەتح و داگیركاری و فراوانخوازی و تواندنەوەی نەتەوەكانە. دراوسێیانین و دەبێ ماوە ماوە چاوەڕوانی هەموو جۆرە خەراپەكاری و دەستدرێژییەكانیان بین. بینیمان دەستوور و چوارچێوە یاساییەكان و تەدەخولی دەولیش ئەو تواناییەیان نییە نەفەسی شۆڤینییەت لە عێراقدا بوەستێنین. دڕندەیی جیرانەكان و بێ هەڵوێستی جیهانیشمان لە كاتی ڕیفراندۆمدا بینی. ئەوان بە نیاز بوون كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵن و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو پیلانەی ئەوانی وەستاند.

لەم دۆخە ئاڵۆز و پڕ لە ڕووداوی لەناكاوەدا، لەناو ئاگری جەهل و تیرۆر و ئینكاردا بژاردەكانی گەلی كوردستان چین؟ هەموو ڕووداوەكانی سەدەی ڕابردوو و دوای 2003 و پاش ڕیفراندۆم یەك بابەتی جەوهەریمان پێ دەڵێن، بۆ ئەوەی بمێنی دەبێ بەهێز بیت. بۆ ئەوەی هاوشانی عێراق بین دەبێ كوردستان كار لەسەر بەهێزبوونی خۆی و دامەزراوە شەرعییەكانی بكات. حزبە كوردییەكان وانە لە مێژوو و ڕووداوەكان وەربگرن و چیتر ئەوەندە خۆیان بچووك نەكەنەوە و فێر بن كە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خەڵكی كوردستان ئەولەویەتی سەرەكییە پاشان كورسی و مەنسەب و داهاتی حزبەكان. ئەگەر كوردستان نەبێت حزبەكانیش نابن و هیچ مانایەكیان نامێنێ.

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا لە بابەتی كەركووك و كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراقدا بەبیریان بێت كە كێشەی كەركووك تەنیا ئەوە نییە پارێزگارەكەی لە فڵان باڵ و فیسار باڵی حزبێك بێت، بەبیریان بێت كێشەی هەرێم و بەغدا كێشەی مووچە نییە بە تەنیا. كێشەكان گەورە و مێژوویین، كێشەی خاك و جیۆگرافیا و نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و خوێنن. شۆڤێنییەكان بە هەموو ڕەنگ و جۆرییانەوە خاك و خوێن و سامان و بوون و نەبوونی تۆیان دەوێت. ئەم حەقیقەتانە هەن و زۆریش زیندوون و نابێ لەبیر بكرێن.





ئەم هەواڵە 541جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad