English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مه‌سرور بارزانی پیاوه‌ ئاوریشمیه‌ پۆڵاینه‌كه‌، به‌رنامه‌ی كارای حكومه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند
2019-07-23 [12:26 PM]

نووسینی: د.محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود


لە دوای ٣٠ ی ئەیلولی ٢٠١٨ و پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و پتر لەو چاوەڕوانییانەی بۆھەر ھەشت کابینەکانی پێشوو ھەمان بوو، رۆژی ١٠ ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی بەرنامەی کاری – کارای کابینە تازەکەی حکومەتە بەھێزەکەی راگەیاند و رۆژی ١٥ی ئەم مانگەش یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

گوتمان مەسرور بارزانی، کارنامە و بەرنامەی کابینە بەھێزەکەی راگەیاند. حکومەتی بەھێز، بەرھەمی لەدایک بوونی بەرنامە و دروشم و بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە لە ٣٠ی ئەیلولی ساڵی پاردا بە زۆرینەی دەنگ براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی بۆ( کوردستانێکی بەھێز و بەھێزتر ) مسۆگەر کرد و لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و دونیاش سەلماندییەوە بێ پارتێکی بەھێزی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، کوردستانێکی بێ ھێز و کۆمەڵگایەکی لاواز دێتە بەرھەم و ھاوکێشەکانیش نەک ھەر لاسەنگ دەبن، بەڵکو ئیرادە و ویستی نەتەوەییش زیاتر دەکەونە ژێر مەترسی و ھەڕەشە و فشار و ھەژموونە ھەمیشەییەکانی لەناوچوونی قەوارە و کیانەکە.

ئەوەیان واقیعی حاڵی ئەو باردۆخەی کوردستان بوو، بە لەبەر چاوگرتن و بەرزنرخاندنی  رۆڵ و پێگەی پارت و لایەنە نیشتیمانییە کوردستانییەکانیش، لە دوای پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، کوردستان لە نێو بارودۆخێکی چەقبەستووی نێو ھەژموون و فشارەکاندا قەتیس مابوو. 

لەو ئان و ساتەی ھەڵبژاردنەدا و لە نێو دڵەڕاوکێ و مەترسییەکاندا کە کابینەی نۆیەم  لەدایک بوو، وەک بەرھەمی خەباتی پەرلەمانی و حکومەتداری قۆناغی دیموکراتی و مەدەنی دوای راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و درێژەپێدەرێکی ئەو رێبازەیە تا بە خوێنی تازە و کارەکتەری دیکەی کارا، حکومەتمەداری کاراتر و بەھێزتر و سەنگینتربێ.

گەرھەندێ لە جومگەکانی ئەو کابینە تازەیە لەسەر سەبەتەیەکی زێڕینی رۆژە سەختەکانی کابینەی ھەشتەمەوەش خۆی بینا بکاتەوە، زۆر ئاساییە، چونکە مەسرور بارزانی  سەرۆک وەزیرانی نوێ بەر لە ھەر کەسێکی دی و باشتر لە کەسانی دیکەش ھەست بە قۆناغەکانی بەر لە حکومەتەکەی خۆی دەکات. زۆرباش ئاگادارە و زۆر باشیش ئەو راستییانەی لە بەر چاوە، کە حکومەتی نێچیرڤان ‌بارزانی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی دوایدا چەندین گرفت و کێشە و ئاستەنگی مەزنی لە بەردەمدا ھەبووە. گرنگترینی ئەو گرفتانەش بە سەرەقەلەمێکیش بێ ئەوانەی خوارەوەن :

یەکەم: بڕینی بودجە و مووچە لە سەردەمی مالیکی – عەبادی وەک ئاگادارین چۆن بوو و چۆن پیادەکرا.

دووەم: ھێرش و پەلامار و شەڕی تیرۆرستانی داعش و داگیرکاری و جینۆسایدکردن و ئاوارەبوونی ھەزاران بە ھەزاری ناوخۆ و دەرەوەو رووکردنە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی لە ملیۆنانی ئاوارە و لێقەوماوان باری گران و دەردی گران بوون، لە سۆنگەی داعشەوە ئەو کۆمەڵە پەتا و بەڵایانە بوون یەخەی کوردستان و مرۆڤایەتییان گرت.

سێییەم: پرسی مەزنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و دواتر  لێکەوتە و دەرھاویشتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ھێڕش و پەلامارەکانی پردێ وسحێلا، رووداو و پرسێکی وا ئاسان نەبوون وەک ھەندێ کەس و لایەن لە گۆشەیەکی تەسکەوە سەیری دەکەن و دەیبینن.

لەو نێوەند و گێژاوەی ئەو ماوەیەی کە کوردستانی تێکەوتبوو، گەر ژیری و حیکمەت و ئایندەبینی دیبلۆماسییانەی سەرۆک و رابەری بە ئەزموون  مەسعود بارزانی نەبوایە و جێبەجێی کارە دبلۆماسیە میانڕەوەییەکەی نیچیرڤان بارزانی پیادەی نەکردبایە، قۆناغی ھەستانەوەو کرانەوە بە رووی جیھانی دەرەوە لە دوای ریفراندۆم درەنگتر دەکەوتنەوە سەر واری واقیع و سەر راستەڕێی دەسەڵات و حوکمداری کوردستانێکی یەکگرتوو.

لە راستی دا ئەو چەمکە نادیارانەی پشت پەردەی کاری سیاسیی و کارگێڕی دەوڵەتی ( ڕۆڵ، پێگە، پایە، کارەکتەر، کەسایەتی ) کاریزمایین، بە درێژایی مێژووی خەبات، ‌پەروەردەی ئەو بنەماڵە و خانەوادە و قوتابخانەیەی بارزانە و، وەک بینیمان  کەسایەتییەکان، کارەکتەرەکان ئەوانن پیاوی خاوەن پرەنسیپی ساتەکانی تەنگانە و قەیرانەکان. ئەو کاریزماییەش لە حیکمەت و ژیری ئەو رێباز و رێچکەیەوە سەریھەڵداوە کە رێباز و پەیڕەوی - لە سەرکەوتن مەغروور نەبوون، لە شکست نائومێد نەبوون- ەی باوکە، بۆتە بۆماوە و کەلتووری خەبات و تێکۆشانی پتر لە ١٠٠ ساڵەی خەبات و تێکۆشان، ھەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی پێشەنگی بزاڤی ناسیونالیستی شۆرشگێرییەوە تا ساتی ئەمڕۆ بوونەتە رێچکە و رێباز.

وەک بینیمان، لە دوای کارەساتی داگیرکردنی کەرکووک، گەر ئەو کاریزمایەی کارەکتەر و رۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی نەبوایە، نەک ھەر کەرکووک، ھەولێر و دھۆک و سلێمانیشمان  لە دەست دەچوو.

مەسرور بارزانی سەرۆکی کابینەی تازەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی چاوەروانکراو و جێ ئومێدی جەماوەرە. 

ئەو، کوڕی باوکی خۆیەتی، باوک پێشمەرگە و سەرۆک و رابەری نەتەوەیەکە، ناوونیشان و سومبولی پرسێکە دوور لە سازش و بگرە و بەردە و گەنگەشەی  سەفسەتانە.

ئەو، گەنجی لێوەشاوەی ژوورە رووناکەکانی دەزگای ئاسایش و پاراستنی نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە، خاوەن ئەزموونە، لە ھەولێرەوە سەرکردایەتی کابینەی تازەی حکومەتی کوردستان دەکات و بەرنامە و نەخشەڕێگای حکومەتە تازەکەی بە خاکەڕایی و بێ بریق وباق پێشکەش دەکا و، ناونیشانێکی سادەی وەک ( ھێلە گشتییەکانی بەرنامەی کاری حکومەتی کوردستان)ی پێدەبەخشێ. 

چاودێران و شرۆڤەکاران کە ناوەرۆکی بەرنامەکە دەخوێننەوە دەگەنە ئەو راستییەی کەوا بەرنامەی کارەکە، نە ھێلی گشتی بوون، نە سەرەقەڵەم، بەڵکو نەخشەڕێگا بوون، نەخشەڕێگای بەرنامەی کارای حکومەتی کوردستانی دوای شەڕ و گرفت و قەیرانە   کەڵەکەبووەکان. ئەو نەخشەرێگایەش خۆی لە ھەمیشە ‌چاکسازی و بەدواداچوون و گەشانەوەو بوژانەوەو ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ژێرخانی ئابوری و توانای سامانی مرۆیی زیاتر دەبینێتەوەو ئامانجیش ھەر ھێنانەدی ئەو دروشمەیە حکومەتێکی بەھێز بۆ کوردستانێکی بەھێزی دوور لە قۆرغکاری و گەندەڵی.

مەسرور بارزانی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان، لەسەر بنچ و بنەوانی باوانی درێژە بە خەبات و تێکۆشانی شارستانیی و مرۆیی نەوەی تازەی مەدەنی دەوڵەتمەداری دەدات و لە نێو ئەو ھەموو ھەڵچوون و داچوونەی باردوخی ناوچەکەدا، کابینەی پێش خۆی چەندە جوان و چەندە بەھێز بوو، کابینەی نۆیەم جوانتر و بەھێزتر دەکات و ئەزمونی حکومەتمەداری کوردستانی بە پشتیوانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و رێنمایی و پشتگیری رابەر و سەرۆک بارزانی باشتر و پتەوتر دەچەسپێنێ .

ئەو پشتیوان و پشتگیرییە لە ھەردوو ئاستی بەرزدا، چۆن مایەی خۆشحاڵی جەماوەرو خەڵکی کوردستانە، ئاواش ھێز و توانا و سەنگێکی دیکەیە. بۆیە ھەرگیز سازش لەسەر پرەنسیپ و پرسە مەزنەکان ناکرێت. 

ئەو، مەسرور بارزانی  پیاوە ئاوریشمە پۆڵاینەکەیە، نەک پیاوی مەحاکم تەفتیش، بۆیە زۆر پێویستە وێنەکە وەکو خۆی بە جوانی و درەوشاوەیی لە چوارچیوە رەنگینە قەشەنگەکەیدا ببینرێت.  ‌
 





ئەم هەواڵە 250جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad