English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەکتەبی سیاسی پارتی بەیاننامەیێکی بلاو کردەوە
2019-08-15 [12:26 PM]

ZNA- ھەولێر


بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە حەفتاوسێهەمین ساڵیادی شازدەی ئابدا..

 

كادر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری تێكۆشەری پارتیمان

پێشمەرگە نەبەزەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان

كوردستانیانی هێژا

رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی دلێر

پارتەكەتان، پارتی دیموكراتی كوردستان، حەفتاوسێ ساڵ لەمەوبەر، هاتە مەیدان تا ببێتە چاوگەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەك كە ئەو سەردەمە بێ هیوایی باڵی رەشی بەسەر رۆڵەكانیدا كێشابوو. پارتی وەك زەرورەتێكی مێژوویی و تەعبیر لە ئیرادەی ئازادیخوازانەی چوارەم گەورە نەتەوەی ناوچەكە و بێبەشكراو لە مافی چارەنووس، هاتە وجود، بۆ كۆتایی هێنان بەو غەدرە مێژووییە و بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد پێگەی شایستەی خۆی بە دەست بێنێتەوە، قۆڵی خەباتی لێ هەڵماڵی و بووە دەنگی زوڵاڵی رەتكردنەوەی بندەستی.

پارتی بە ئیلهامی رێباز و دنیابینیی بارزانی نەمر و بە سوود وەرگرتن لە كەلەپوری دێرینی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەكەمان، چوارچێوەیەكی ئینسانی و سەردەمیانەی بۆ كوردایەتی داڕشت و ئاوێتەی كرد بە بەها بەرزەكان و پرنسیپە ئازادیخواز و پێشكەوتووخوازەكانی مرۆڤایەتی، لەسەر ئەو بنەمایانە هێڵە گشتییەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردی داڕشت و رێبازی كوردایەتی رەنگ رێژ كرد. پابەندبوونی بزوتنەوەی كوردایەتی بەو پرنسیپانە وایكرد سەرباری شەڕی نەگریس ودڕندانەی دوژمنان، هەرگیز نەكەوێتە داوی كاردانەوەی شەڕانگێزانە و توندڕۆیی ئایدیۆلۆژی، نەیارانیش هەرگیز بەهانەیان نەكەوێتە دەست تا بە بزوتنەوەیەكی تیرۆریست و توندئاژۆیی تۆمەتباری بكەن. لە سەرەتایشەوە شێوازی خەباتی سیاسی و مەدەنی و جەماوەریی گرتەبەر و، تا ناچار نەكرا و دەرگاكانی بە روودا دانەخرا، دەستی نەدایە خەباتی چەكداری. لەسەر ئاستی میللیش، پارتی لەبری حزبێكی ئایدیۆلۆجی بەرتەسك، وەك بزاڤێكی جەماوەریی بەرفراوان هاتە مەیدان، بووە چەتری كۆكەرەوەی خەباتی تێكڕای كوردستانیان بە جیاوازیی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییان. توانی هەمووان لە دەوری یەك ئامانج كۆبكاتەوە كە رزگاریی نیشتمانییە.

پارتی بەم روانگا ئینسانی و بەرچاوڕوونییەوە، توانی بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، پێشڕەوایەتیی بزاڤی رزگاریخوازیی و شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و كاروانی تێكۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و دیپلۆماسی و ئیعلامی و رێكخراوەیی و جەماوەریی خەڵكی كوردستان بكات. لەو كاروانە دوورە‌ڕێیەدا سەرباری دڕندەییی شۆڤێنییەكان و پیلان و نسكۆ و جینۆساید و شەڕی قەڵاچۆ، توانی قۆناغ بە قۆناغ مافەكانی گەلی كوردستان بە دەست بێنێتەوە، تا بە ئەمرۆیش دەگات ماندوونەناسانە لە خەبات بەردەوامە و سەرباری هەموو هەوراز و نشێوێك، وەك چیایەكی سەركەش لە مەیدانە و ئەمڕۆ لە هەر كات گەشەسەندووتر و مودافعترە لە مافەكانی كورد و كوردستان.

ئەمڕۆ كە یادی حەفتاوسێهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، پارتی لەسەر رێبازی دامەزرێنەر و رابەرەكەی مستەفا بارزانی نەمر و بە سەرۆكایەتی هێژا سەرۆک مەسعود بارزانی بە هەمان ورە و باوەڕ، بە هەمان پێداگیری لەسەر پرنسیپە نەگۆڕەكانی رێبازی بارزانی، بە هەمان قەناعەتی نەگۆڕ، سوورە لەسەر كوردایەتی و ئازادیخوازی، سوورە لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان كە لە شەش ساڵی رابردوودا بە جۆرەها پیلان و شەڕ و هەڕەشە و سەنگەر لێگرتن ویستیان لە ناوی ببەن و رەنجی سەد ساڵی كورد بە با بدەن. پارتیمان بە ورە و بڕوایەكی پۆڵایینەوە بەرەنگاری كۆی ئەو هەڕەشانە بۆوە و خۆشبەختانە یەك بە دوای یەكدا تێكی شكاندن. پارتیمان و سەرۆك بارزانی رابەرایەتیی شەڕی بەرگریی لە كوردستان و تێكشكاندنی داعشی بە پیرۆزی گەیاند. له‌به‌رده‌م شه‌ڕی نانبڕین و هەراشبونەوەی شۆڤێنیزمیشدا، نه‌یهێشت كوردستان چوك دابدات، تا شۆڤێنیزم و نانبڕه‌كان چۆكیان دادا. نه‌یهێشت مه‌رامی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ران بێته ‌دی و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و بەرهەمی خوێن و خەباتی شەهیدان بە هەدەر بڕوات. توانیشی به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ و بێ‌ كه‌مترین سازش له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانمان، سزا ناڕه‌واكانی سه‌ر كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێتەوە‌، رایه‌ڵه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ جیهان گرێبداته‌وه‌ و پێگه‌ و ئیعتباره‌ جیهانییه‌كه‌ی بۆ بگێڕێتەوە. لە حكومەتداریشدا توانی شان بداته‌ به‌ر مه‌سئولیه‌تی رۆژە سەختەكان و كۆڵ نه‌دات تا ئاسۆی چاره‌سه‌ر به‌ ڕووی هه‌موو قه‌یرانه‌كاندا كرانەوە و ته‌نگانه‌ و گرفته‌كان به‌ره‌و كۆتایی چوون. لە ستایشی ئەو هەڵوێستانەشدا، خەڵكی ئەمەكداری كوردستان ئەجری پارتییان دایەوە و بە سەرخستنی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستاندا، متمانەیان بۆ نوێ كردەوە و جڵەوی كاروانی بەرَێوەبردنی ووڵاتیان دایەوە دەست.

هەڤاڵانی تێكۆشەر

ئەمڕۆ كە یادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، دروشم و ئامانجمان بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزە، ئەو دروشم و بەرنامەیەی زۆرترین دەنگ و پشتیوانی گەلی كوردستانی بەدەستهێنا و دووبارە پارتی كردەوە شایستەی پێكهێنانی حكومەت و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، پارتەكەتان لەو ئەركەشدا پەرۆش و دڵسۆزانە هاتە مەیدان و بە پشوودرێژی و رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و خەڵكەكەی، توانی گرێیەكانی بەردەم پێكهاتنی لایەنەكان و پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حكومەت بكاتەوە، سەرباری درەنگ كەوتن بەڵام دواجار دامەزراوەكان كەوتنەوە گەڕ و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان كارابونەوە و حكومەتێكی فرەیی نوێ دەستبەكار بوو.

پارتەكەتان بە هیوایەكی زۆرەوە لەم قۆناغە دەڕوانێ بۆ دوبارە دەستپێكدنەوە و درێژەپێدانی ئاوەدانكاری و گەشەپێدان و پێشخستنی كوردستان، كە ساڵانی رابردوو بە هۆی شەڕ و قەیرانەكان و سیاسەتی برسیكردن و ململانێی بێ سەمەری ناوخۆییەوە ھەنگاوەکان سستکرابوون. باوەڕمان پتەوە كە مادام لە پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی پیلانەكانی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمدا، سەركەوتین، مادام قەیرانەكانمان تێپەڕاند، ئیتر زەمینە سازە و كاتی دەستپێكردنەوەی پێشخستن و گەشەپێدانەوەی وڵاتەكەمانە.

ئامانجی پاڵپشتیی پارتی لە بەهێزبوونەوەی كوردستان و كارابونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی نوێ، بۆ دابینكردنی ژیانێكی باشتر و شایستەترە بە رۆڵەكانی گەلەكەمان، بۆ خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییەكی باشترە، بۆ دەنگ زوڵاڵیمانە لە بەغدا و بۆ داكۆكییە لە مافە دەستوریەكانمان، لەو پێناوەشدا پشتیوانی دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغداین تا گەیشتن بە چارەسەری كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە پێی دەستور و بە قازانجی گەلەكەمان و ئیستیحقاقە رەواكانی. بە هەموو تواناشمان پشتیوانی كابینەی نوێی حكومەتین لە پێناو پاراستنی دەسكەوتە بەدیهاتووەكان و بەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر و درێژەپێدانی هەوڵەكان بۆ چاكسازییەكی سەرتاسەری لە هەموو بوارەكاندا كە بە قازانجی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە. كوردستانی بەهێزو تەبا و یەكگرتوویش لەم قۆناغەدا بە باشترین گەرەنتی دەبینین بۆ ئامادەسازی و خۆڕاگریی بەرامبەر هەر پێشهات و گۆڕانكاری و روداو و ئەگەرێك كە لە عێراق و ناوچەكەدا رووبدات. هەر لەم بۆنەیەشدا و لەم هەلو مەرجەدا كە كوردستان و عێراق و ناوچەكەی پێدا دەگوزەرێ، بانگەوازمان وەك هەمیشە بۆ هەموو لایەك ئەوەیە ناكۆكییە نێوخۆییەكان وەلاوە بنێین و پێكەوە و بە هەماهەنگی و هاوخیتابی، لەسەر هەموو ئاستەكان خەبات بكەین تا شایستەی نوێنەرایەتێ و متمانەی گەلەكەمان بین لە داكۆكی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانیدا.

لە یادی شازدەی ئابدا، بەڵێن بۆ سەركردە و دامەزرێنەری پارتیمان مستەفا بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و تێكڕای شەهیدانی پارتی و رێگای رزگاری كوردستان نوێ دەكەینەوە، تا بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی كە ئەوان لە پێناویدا گیانیان سپارد، وەفاداری رێبازیان بین.

لە یادی شازدەی ئابدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان نەوی دەكەین. لە پۆلە شەهیدەكانی سەرەتای خەباتەوە تا ئەو پێشمەرگە نەبەزانەی بە بەختكردنی گیانی خۆیان، كوردستان و خەڵكەكەی و سەدان هەزار ئاوارە و پەناهەندەیان لە نەتەوە و ئایینی جیا جیا لە سەرسەختترین دوژمن پاراست. سڵاو و دروود بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان. سڵاو لە پێشمەرگەی كوردستان كە پارێزەری دەسكەوت و خاك و وجودی نەتەوەكەمانن.

سڵاو بۆ كادیرە دڵسۆزەكانی پارتیمان، بۆ ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەكەی كە لە هەر بارو دۆخێكدا خۆڕاگر و ماندوونەناس و نموونەی كۆڵنەدانن. سڵاو بۆ ئەو تێكۆشەرە ماندوویی نەناسانەی حەفتاوسێ ساڵە ئاڵای پارتییان لە بەرزیدا هێشتۆتەوە و لە هەوراز و نشێودا، باوەڕیان نەگۆڕ و ئیرادەیان پۆڵایین و ئیمانیان بە رێبازی بارزانی هەتا دێ پتەوتر دەبێ.

سڵاو و پێزانین بۆ خۆڕاگریی تێكڕای گەلی كوردستان كە بەرگەی قەیرانی ئابووری و سەختیی ژیانیان گرت و سەرباری مەینەتی و نەبوونی، سەبەرز و خۆڕاگر بوون و سەلماندیان شكۆ و كەرامەت بە نرخترین سەرمایەی مرۆڤە.

هەر شەكاوە بێ ئاڵای پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان...

سەركەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان...

بژی كورد و كوردستان...

 

مه‌كته‌بی سیاسی

 پارتی دیموكراتی كوردستان





ئەم هەواڵە 3247جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad