English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیار و راسپاردەیەکی نوێی دەرکرد
2019-08-17 [05:49 AM]

ZNA- ھەولێر



ئەمڕۆ شەممە ١٧/٨/٢٠١٩ بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سەرجەم ئەندامەکانی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد، کە ئەمانەی خوارەوە بوون.


١- پەڵپی یانەی سۆران لەسەر یانەی ئاڵا لە خولی پلەیەکی لاوانی کوردستان رەتکرایەوە، ئەمەیش دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، دەرکەوت یاریزانی لاوانی ئاڵا (محەممەد ئازاد) ژمارە (٢١) لە یانەی پێشووی مافی دەستبەرداربوونی وەرگرتووە و ھیچ یارییەکی ئەنجام نەداوە، ئەمەیش بە پێی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان رێگەپێدراوە.

٢- بە ھۆی رووداوەکانی یاری کۆتایی خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان، لە نێوان ھەردوو یانەی سیروانی نوێ و چۆمان و تەواو نەکردنی یارییەکە، بڕیاردرا بە:

• تەواوکردنی یارییەکە بە زیادکردنی پێنج خولەک بۆ ھەر گێمێک، ئەگەر یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی ھات، پەنا دەبرێتە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوەی سزا.
• یارییەکە لە رۆژی پێنجشەممە ٢٢/٨/٢٠١٩ لە کاتژمێر ٥:٠٠ ـی ئێوارە، لە ھۆڵی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی کۆیە، بە بێ ئامادەبوونی ھاندەر ئەنجام دەدرێت.
• یارییەکە بە ھەمان لیستی ناوی یاریزانان و ئەنجامی یاری و دەستەی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یاری، تەواو دەکرێت.

٣- یارییەکانی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی فێرگەکانی تۆپی پێی کوردستان، لە رۆژی دووشەممە ٢٦/٨/٢٠١٩ لە ھەڵەبجەی شەھید ئەنجام دەدرێت.

٤- کۆبوونەوەی ھونەری و راکیشانی تیروپشک بۆ پاڵەوانیەتی فێرگەکانی تۆپی پێی کوردستان، لە رۆژی یەکشەممە ٢٥/٨/٢٠١٩ لە ھەڵەبجەی شەھید ئەنجام دەدرێت.

٥- دەستنیشانکردنی تەمەنی یاریزانان بۆ تیپەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان بۆ وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

• بۆ تیپەکانی لاوان، یاریزانانی لە دایکبووی (٢٠٠١) بەسەرەوە دەتوانێ یاری بکات، لەگەڵ سێ یاریزانی لە دایکبووی (٢٠٠٠) بۆ ھەر تیپێک.
• بۆ تیپەکانی تازەپێگەیشتووان، یاریزانانی لە دایکبووی (٢٠٠٣) بۆ سەرەوە دەتوانێ یاری بکات، لەگەڵ سێ یاریزانی لە دایکبووی (٢٠٠٢) بۆ ھەر تیپێک.

٦- چالاکییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

• خولی نایابی کوردستان رۆژی پێنجشەممە ١٧/١٠/٢٠١٩ دەست پێدەکات، خولەکە بە شێوازی خول بە دوو قۆناغ بەرێوە دەچێت، دوو یانە بۆ ریزی یانە پلەیەکەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ دادەبەزن.

• خولی نایابی لاوانی کوردستان رۆژی ھەینی ١٨/١٠/٢٠١٩ دەست پێدەکات، خولەکە بە یەک گرووپ بە یەک قۆناغ ئەنجام دەدرێت، دوو یانە بۆ ریزی یانە پلەیەکەکانی لاوانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ دادەبەزن.

• خولی پلەیەکی کوردستان رۆژی چوارشەممە ٢٠/١١/٢٠١٩ دەست پێدەکات، خولەکە بە یەک گرووپ بە یەک قۆناغ ئەنجام دەدرێت، چوار یانە بۆ ریزی یانە پلەدووەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ دادەبەزن.

• خولی نایابی فوتساڵی کچانی کوردستان رۆژی ھەینی ٦/١٢/٢٠١٩ دەست پێدەکات، خولەکە بە یەک گرووپ و بە دوو قۆناغ بەرێوە دەچێت، دوو یانە بۆ ریزی یانە پلەیەکەکانی فوتساڵی کچانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ دادەبەزێت.

٧- کۆبوونەوەی ھونەری و راکێشانی تیروپشک بۆ خولەکانی (نایاب، پلەیەک، نایابی لاوان و نایابی فوتساڵی کچان) ـی کوردستان، لە رۆژی شەممە ٣١/٨/٢٠١٩ لە کاتژمێر ١١:٠٠ بەیانی لە ھۆڵی (ھۆتێل کوارتز) لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت، بۆ ھەر تیپێک (نایاب، پلەیەک، فوتساڵ و نایابی لاوان) تەنیا یەک نوێنەر ئامادە دەبێت، بە مەرجێک ئەندامی دەستەی کارگێری یانە بێت.

٨- لە یاری نێوان زانکۆی جیھان و ئارارات لە خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، بە ھۆی بەکارھێنانی وتەی ناشیرین و دەرچوون لە گیانی وەرزشی، لە لایەن یاریدەدەری پزیشکی یانەی زانکۆی جیھان (فەلاح حەسەن)، بڕیاردرا بە:

• راگرتنی ناوبراو بۆ یەک یاری، کە نابێت لە نێو یاریگە ئامادەبێت.
• غەرامەکردنی ناوبراو بە بڕی ٢٥٠٠٠٠ دوو سەد و پەنجا ھەزار دینار.

٩- بە ھۆی کەمتەرخەمی دەستەی ناوبژیوانانی یاری نێوان ئاڵا و سۆران لە خولی پلەیەکی لاوانی کوردستان، کە نەخشەسازی و ھێلکاری یاریگە وەک پێویست نەبووە، بڕیاردرا بە راگرتنی ناوبژیوانان (محەممەد عەبدولرەزاق، سەفین قادر، سۆران کاوە و محەممەد فەیسەڵ) بۆ ماوەی دوو ھەفتە.

١٠- لە یاری نێوان سۆلاڤ و ئاشتی لە خولی پلەیەکی لاوانی کوردستان، بە ھۆی رەوشتی ناوەرزشی و فرێدانی پێڵاو بۆ ناوبژیوانان، لە لایەن یاریزانی یانەی سۆلاڤ (ئیدریس عاسی) بڕیاردرا بە:

• راگرتنی ناوبراو بۆ ماوەی یەک ساڵ، واتە لە وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ لە یاری کردن بێبەش دەبێت.
• غەرامەکردنی ناوبراو بە بڕی ١٥٠٠٠٠ سەد و پەنجا ھەزار دینار.

١١- لە یاری نێوان ئاشتی و جیھان لە خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، بە ھۆی رووداوەکانی یارییەکە و لێکدان و شەڕ لە نێوان یاریزانانی ھەردوو یانە، بڕیاردرا بە:

• راگرتنی ھەردوو یاریزان (عەلی رەفعەت) لە یانەی جیھان ژمارە (٢) و (مشتاق عەبدوڵڵا) لە یانەی ئاشتی ژمارە (٨) بۆ دوو یاری و، غەرامەکردنی ھەریەکێکیان بە بڕی ١٥٠٠٠٠ سەد و پەنجا ھەزار دینار.
• بڕیاردرا بە راگرتنی (ماکوان سەعید) ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی ئاشتی بۆ دوو یاری، کە نابێت لە نێو یاریگە لەگەڵ یانەکەی ئامادەبێت و، غەرامەکردنی بە بڕی ٢٥٠٠٠٠ دوو سەد و پەنجا ھەزار دینار.

١٢- لە یاری نێوان خاک و پیشەسازی لە خولی پلەیەکی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، بە ھۆی لادان لە یاساکانی تۆپی پێی بە نەبوونی پارێزەری قاچ (واقیە) لە لایەن یاریزانانی یانەی پیشەسازی و بەرێوەنەچوونی یارییەکە، بڕیاردرا بە ھەژمارکردنی ئەنجامی یارییەکە بە (٣-٠) گۆڵ لە بەرژەوەندی یانەی خاک.

١٣- لە یاری نێوان بابەگوڕگوڕ و ھێرش لە خولی پلەیەکی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، بە ھۆی ھێرشکردن و جنێودان بە دەستەی ناوبژیوانان لە لایەن (شوان خدر) راھێنەری یانەی ھێرش، بڕیاردرا بە:

• راگرتنی ناوبراو بۆ یەک یاری، کە نابێت لە نێو یاریگە ئامادەبێت.
• غەرامەکردنی ناوبراو بە بڕی ٢٥٠٠٠٠ دوو سەد و پەنجا ھەزار دینار.

١٤- ئاگاداری سەرجەم یانە بەشداربووەکانی چالاکی یەکێتییەکەمان دەکەینەوە، بۆ ھەموو تیپەکان پێویستە لۆگۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەسەر قۆڵی راستی درێسی یاریزانان بە روونی ھەبێت، بە پێچەوانەوە ناوبژیوانان تەنیا پێنج خولەک دەوەستن و یاساکانی تۆپی پێی جێبەجی دەکرێت، ھەر یاریزانێکیش لۆگۆی یەکێتییەکەمانی لەسەر درێس نەبێت مافی یارییکردنی نابێت.

١٥- بە ھۆی کەمتەرخەمی یانەی ئاڵتون کۆپری بە ئامادەنەکردنی یاریگە و ھێلکاری یاریگە، بڕیاردرا بە غەرامەکردنی یانەی ئاڵتون کۆپری بە بڕی ٣٠٠٠٠٠ سێسەد ھەزار دینار، پێویستە بۆ یارییەکانی داھاتوو یاریگە بە شێوەیەکی جوان گونجاو ئامادە بکەن، بە پێچەوانەوە سزاکان توندتر دەبن.

١٦- بڕیاردرا بە گواستنەوەی سەرجەم یارییەکانی داھاتووی یانەی دەروازە بۆ دەرەوەی یاریگەی خۆیان، ئەمەیش بە ھۆی کەمتەرخەمی و ئامادەنەکردنی یاریگە بە تایبەت ژووی جلگۆڕینی یاریزانان و دەستەی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یاری.


ی.ا
 





ئەم هەواڵە 7276جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad