ZNA- ههولێر
حەوت وڵاتی گەورەی پیشەسازیی جیهان (G7) ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2019) لە شاری بیارێتزی فەرەنسا کۆدەبنەوە. لە کۆبوونەوەکەی وڵاتانی جی حەوت کە پێکهاتوون لە: ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن، پرسەکانی پەیوەست بە: شەڕی بازرگانی، نیگەرانییە ژینگەییەکان، هەروەها پرسی نادادپەروەری و نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاواندا لە بازاڕی کار تاوتوێ دەکرێن. یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی بڕیارە باسی لێوەبکرێت؛ چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئێران، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا زیاتر لە ساڵێکە تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران پاشگەزبووەتەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە میوانداریی کۆبوونەوەکانی لووتکەی جی حەوت دەکات، لە پەیامێکیدا هۆشداری دایە سەرکردەکانی جیهان لە تەشەنەکردنی شەڕی بازرگانی و، رایگەند شەڕی بازرگانی لە قازانجی هیچ وڵاتێکدا نییە. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی جی حەوت، چالاکوانانی سیاسی و ژینگە دژی سیاسەتەکانی گرووپەکە خۆپیشاندانیان لە چەند شارێکی فەرەنسا دەستپێکرد و تووندوتیژی دروست بوو، بەجۆرێک تاوەکو ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی فەرەنسا 17 خۆپیشاندەری دەستگیرکردووە.
پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی
پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی
هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس
Developed By: Omed Sherzad