ZNA- ههولێر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھاتنی کۆمپانیای بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەم حەفتەیەش شاندێکی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا، کە زیاتر لە ١٥ کۆمپانیایە، دێنە ھەرێمی کوردستان و لە پێشانگایەکدا کەتەلۆگی کەلوپەلەکانی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان نمایش دەکەن. بۆیە ھاتنی شاندە بیانییەکان بەردەوامن و ھەرێم بووەتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بۆ وڵاتانی بیانی.
ئەسکەندەر محەمەد گوتی: "ڕۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیە شاندێکی وڵاتانی بیانی کە زیاتر لە ١٥ کۆمپانیا دەبن دێنە ھەرێمی کوردستان و لە ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان کەتەلۆکی کەلوپەلەکانی خۆیان لە پێشانگایەکدا بۆ خەڵکی کوردستان و کۆمپانیا ناوخۆیییەکانی ھەرێمی کوردستان نمایش دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵک بیانبینێت و دواتر گرێبەستیان بۆ کرینی کەلوپەلەکانیان لەگەڵ بکرێت، ئەمەش یەکەم جارە کە ئەو کارە بکرێت."
ئەسکەندەر گوتی: "ئەو کۆمپانیایانەی دێنە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندایە و کۆمپانیای جۆراوجۆرن و مانگی ڕابردووش شاندێکی ئەمەریکییەکان ھاتنە ھەرێمی کوردستان و پڕۆتۆکۆلێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ھەرێم کرد، ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورە بوو لە بواری ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا، چونکە سێ ساڵ بوو ھەوڵمان دەدا تا پرۆتۆکۆلەکە جێبەجێ بکرێت."
ئەسکەندەر گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بۆ وڵاتان، چونکە شوێنێکی جوگرافیایی زۆر گرنگە و وڵاتانی دەوروبەریش تووشی قەیران بوونە، بۆیە وڵاتان دەیانەوێت پەیوەندییە ئابورییەکانیان لەگەڵ ھەرێم پەرە پێ بدەن و کاڵاکانی خۆیان لە بازاڕەکانی ھەریمی کوردستاندا ساخ بکەنەوە."
سهرچاوه: KDP
ئەم هەواڵە 2986جار خوێندراوەتەوە |