English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خاتو خاتو جینین هێنیس له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش باسی راستییەكی تاڵ ده‌كات
2019-08-29 [02:05 AM]

ZNA - هه‌ولێر


له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، خاتو هێنیس پلاسخارتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق رایگه‌یاند، عیراق هێشتا برینی ڕابردووە سەختەکەی ماوە و ئالنگارییەکانی ئێستاش وادەکەن بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە بە سستی بەڕێوەبچێ. ڕاستییە تاڵەکەش ئەوەیە کە حکومەت پێویستی بە کاتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبییەکان، بۆ دەربازبوون لەو هەموو بەرژەوەندییە بەرتەسکانە حکومەت پێویستی بە کاتە.

خاتو جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، لە میانەی پیشکەشکردنی وتەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بارودۆخی عیراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵتی کرد کە بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی هەڵسانەوەی عیراق لە دوای شەڕدا.

 پلاسخارت دەستخۆشی لە هەوڵە دپلۆماسییە هەمەلایەنەکانی حکومەتەکەی کرد لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی بارگرژییەکانی هەرێمەکە. هەروەها داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عیراق کرد بۆ ئەوەی بەیەکەوە کاربکەن بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارە لە پێشینەکانیان لە بەهێزکردنی بنیاتنانی دامودەزگا و ئەنجامدانی چاکسازی، بە گێڕانەوەی هەموو چەکەکان بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتیشەوە.

خاتو هێنیس-پلاسخارت باسی لە گرنگیی مێژوویی سەردانەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ عیراق لە بەرواری ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا کرد و وتی "ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دڵنیایی گرنگ و تۆکمەیاندا سەبارەت بە بەردەوامیی هاوکارییان بۆ عیراق و گەلەکەی."

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کەمی پاڵپشتی دارایی بۆ پرۆسەی سەقامگیری لە دوای شەڕ و بەهاناوەهاتنی مرۆیی کە لە یەکەمیان کورتهێنانی ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە و ئەوی تریان کورتهێنانی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار هەیە، ئەمەش بۆتە مەترسی لەسەر هەڵسانەوەی وڵاتەکە. بەڕێزیان دەستخۆشی لە حکومەتی عیراق کرد بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک لە بەرواری ٢٨ی ئابی ٢٠١٩ کە عیراق دەست دەکات بە بەشداریکردن لە سندوقی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان سەبارەت بە پرۆسەی سەقامگیری. هەروەها هیوای خواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام بن لە هاوکاریی بەنرخیان  و هەروەها هانی هاوکارەکانی پەرەپێدانیدا بۆ بەردەوامبوون لەسەر پاڵپشتی دارایی بۆ بەرنامەی هەڵسانەوە و خۆڕاگری (RRP) بەتایبەتی لە ڕێگەی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

ئەگەرچی ٤،٣ ملیۆن ئاوارەی ناوەخۆیی گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام پرۆسەکە سست بووە و پێداویستیی بوارەکانی تەندروستی و کارەبا و ئاو ڕوو لەبەرزبوونەوەن. بەرێزیان وتی "نزیکەی ١،٦ ملیۆن ئاوارەی ناوەخۆیی هێشتا بە پەرۆشەوە دەڕواننە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵی خۆیان بە شێوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە.

لە درێژەی وتەکەیدا، خاتو پلاسخارت وتی "عیراق هێشتا برینی ڕابردووە سەختەکەی ماوە و ئالنگارییەکانی ئێستاش وادەکەن بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە بە سستی بەڕێوەبچێ. ڕاستییە تاڵەکەش ئەوەیە کە حکومەت پێویستی بە کاتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبییەکان، بۆ دەربازبوون لەو هەموو بەرژەوەندییە بەرتەسکانە حکومەت پێویستی بە کاتە. هەروەها پێویستە پارتە سیاسییەکان و لایەنەکانی تریش بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش کە بەرژەوەندی ولاتەکە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوەیە."

بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێ لە هەموارکردنەوەکانی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان جێگەی نیگەرانین. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) بەردەوام دەبێت لە تیشکخستنەسەر گرنگیی مافی دەنگدان بۆ هەمووان و پێویستیی هەبوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە پرۆسە و دامودەزگاکانی هەڵبژاردن. ئەمانەش فاکتەری گرنگن بۆ گشتگربوون و متمانەدان بە هەڵبژاردنەکان."

نوێنەری تایبەت وتی " تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا و هەولێر و باشبوونی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و ‌هەولێر ڕێگا خۆشدەکات بۆ گفتوگۆیەکی قووڵ دەربارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان و نیازپاکی هەموو لایەنەکانی کەرکوک  کە پیشانیاندا بۆ ئاسایی کردنەوەی  باردۆخی شارەکە ئاماژەیەکی هاندەرە"  هەروەها ئامادەیی پەیوەندییە باشەکانی یونامیشی پیشاندا بۆ پێشوەچوون بەرەو گەیشتن بە سازان و دواتریش کردار . سەبارەت بە شەنگالیش دووبارە داوای لە هەردوو دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کردەوە کە بە خێرایی کاربکەن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی جیاوازەکانیان لە پێناو دانیشتوانی ناوچەکە.

خاتوو هێنیس – پلاسخارت  دەستخۆشی لەو هەوڵانە کرد کە حکومەت گرتونیەتە بەر بۆ هێنانی هەموو گرووپە چەکدارەکان بۆ ژێر ڕکێفی دەوڵەت و دووپاتیشی کردەوە کە چاکسازی لە کەرتی ئاسایشدا پێویستە و وتی " قبوڵنەکردنی لایەنی چەکدار لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ڕێگایەکە بۆ پێشەوە."

نوێنەری تایبەت ستایشی سەرکردایەتی عێراقی کرد، لە هەمبەر پابەند بوونی نەگۆڕی بە دپلۆماسییەتی فرەلایەنەوە لە پێناو کۆششەکانیان بە کردنی عێراق بە گۆڕەپانی کۆبوونەوە بۆ سەقامگیریی نەوەک کردنی بە شوێنێک بۆ شەڕی بەوەکالەت لە چوارچێوەی هەرێمێکی تژێ بە مەترسی. هەروەها وتی "بە ڕەچاوکردنی ئەمانە، پێویستە ڕاشکاو بین و تێشبگەین کە ئەم گرژییانەی ئێستا لەوانەیە گورزێکی بەهێز لە کۆششە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی ئاوەدانکردنەی عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بدات. پێویستە هەموو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ خۆبەدوورگرتن لەم گریمانەیە."

خاتوو هێنیس – پلاسخارت  دەستخۆشی کرد لەو پێشوەچوونە گەورەیەی ناسینەوەی ئەم دواییەی روفاتی چەند هاوڵاتییەکی کوێتی کە لەوەتەی تەنگژەی کەنداوی ١٩٩٠-١٩٩١ ەوە وون بوون . وتی " هیوادارم ئەم دۆزینەوانەی ئەم دواییە تۆزێک دڵنەوایی ببەخشێتە خانەوادەی وون بووان، هاوخەمی خۆشمان بۆیان دەردەبڕین."

هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە 28ی ئابی 2019 دا، زیاتر لە ٤٠٠٠٠ پەڕتوکی کوێتی کە هی ئەرشیفی ئەمیریی و نیشتمانی بوون لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ڕادەستی دەسەڵاتی کوێتی کرایەوە.

هەروەها نوێنەری تایبەت ستایشی ئازایەتی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە تا ئێستا دژی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش دەجەنگێن. ئاماژەشی بەوە کرد کە بابەتی گەڕانەوەی جەنگاوەرانی پێشووی داعش بەردەوام بەربەست بۆ عێراق دروست دەکات. هەروەها وتی  گفتوگۆیەکی ڕێکخراو پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا ، کە سوود لە چۆنیەتی هاوکاریەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت . هەروەها جەختی لە گرنگیی لە ڕادەبەدەری دڵنیاییە بەهێزەکانی دەستبەسەرکردن و ڕێکارە یاساییە پێویستەکان و دادگاییەکی دادپەروەرانە کردەوە.   





ئەم هەواڵە 1735جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad