ZNA-ههولێر سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، لەبارەی داهاتی مووچە و چۆنیەتیی دابەشكردنی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی ڕايگەیاند: "داهاتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابینكردنی مووچە هیچ كێشەیەكی نییە و ئامادە دەبێت، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كێشە بۆ ئەو داهاتە دروست بووبێت كە بۆ مووچە دابین دەكرێت، هیچ بنەمایەكی نییە و ڕاست نییە".
ڕوونیشی كردەوە: "هیچ كورتهێنانێك لە پارەی مووچە ڕووی نەداوە، وەكوو مانگەكانی پێشوو بە داهاتی سامانە سروشتییەكان و داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، پاشانیش بە پارەكەی بەغدا بەشی دووەمی دابەشكردنی مووچە تەواو دەكرێت".
داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ مووچە زیاتر لە 378 ملیار دینارە و پارەكەی بەغداش 453 ملیار دینارە.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئاشكراشی كرد، لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 6 دەكرێت و خشتەكەش وەكوو مانگەكانی پێشووتر دەبێت.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: "مووچەی ئەو چەند مانگەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی کوردستان لە بەغداوە بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت و کێشەی تێدا نییە، تا 31ی 12 مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان جێگیر کراوە و دەنێردرێت، لە هەرێمی كوردستانیش بە داهاتی نەوت و ناوخۆ بەشەكەی دیكه بۆ پێدانی مووچە تەرخان دەكرێت".
باسنیوز
ئەم هەواڵە 12952جار خوێندراوەتەوە |