نووسینی: ئاریان فهرهج كەیسەكانی ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی هەردوولاوە، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی و یەكجاری دەخوازن، چارەی كاتی و نیوەچڵ نە خەڵك و نە دامەزراوەكانی هەرێم بە یەكجاری لە دڵەراوكێ و نیگەرانی رزگار دەكەن و نە بۆ بەغداش خێری تێدایە.
بۆ نموونە: ناكرێت بابەتی بۆدجە ساڵ بە ساڵ چارەسەر بكرێ و هەمووسەر ساڵێك دیسان بێتەوە مایەی ناكۆكی و كێشمەكێش، ئیستحقاقی پێشمەرگە بەردەوام كەڵەكە بێت و چارەیەك دیار نەبێت. دۆسیەی نەوت و سەرچاوە سروشتییەكان هەتا سەر هەر بە لێكگەیشتنی كاتی ئیدارە بدرێت، گرفتی ناوچە كوردستانییەكان هەر وا بە هەڵپەسێراوی و بێ چارە بمێنێ و وەك پشكۆی ژێر خۆڵەمێش هەركات قابیلی هەڵایسان و ئاگرگرتن بێت.
ئەگەرچی كەڵەكەبوونی كێشەكان و مانەوەیان بێ چارەسەر بۆ ماوەی چەندین ساڵ، رێگەی چارەی یەكلاییكەرەوەی تا ئەندازەیەك زەحمەت كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئێستا ئیرادەیەكی راستەقینە و جددی لە هەرێم و لە بەغداش هەیە بۆ چارەسەر و رێككەوتن، دەستوریش وەك نەخشەڕێ و حەكەم لە بەیندایە، لە هەندێ دۆسیەی وەك ناوچە كوردستانییەكانیشدا، لایەنی نێودەوڵەتییش ئامادەی میانگیری و یارمەتییە، بەرژەوەندی هەرێم و بەغداش تەنها لە رێكەوتندایە، بۆیە دەبێ هەموو ئەم فاكتەرە ئیجابیانە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن تەرخان بكرێت بەڵام رێكەوتنێكی بنەڕەتی و یەكجاری لە سەر كۆی دۆسییەكان و بۆ چارەی یەكلاكەرەوەی كۆی كێشەكان. چیتر خۆسەرقاڵكردن بە دۆزینەوەی چارەی كاتی و لێكگەیشتنی كورت خایەن دادی كێشەكان نادات و ئامانجەكان ناپێكێ و خەڵكیش لە دڵەراوكێ قورتار ناكات و دواجاریش نە لە قازانجی هەرێمە و نە عێراق و نە حكومەتی هەردولا.
خۆشبەختانەش پێدەچێ بڕیاری هەردوو حكومەت گەیشتن بێت بە وەها رێكەوتنێك كە خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێ و كۆتایی بە كێشمەكێش و یەكدی خەتاباكردن و لێكنەگەیشتن بهێنێ و هیچ پەراوێزێكیش بۆ مەترسی دوبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو ناكۆكییانە لە مەدای نزیكدا نەهێڵێتەوە، هەڵبەت ئەوەش جوهد و تەقەللا و دەستبردن بۆ ووردەكارییەكان و كاتی پێویستی دەوێت تا ئەنجامێكی پتەوی لێ بەرهەم بێت.
ئەم هەواڵە 364جار خوێندراوەتەوە |