ZNA- ههولێر ئیدارەی كۆشكی سپی سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ حووسییەكانی یەمەن و بەنیازە سعودیەش راكێشێتە ناو ئەو گفتوگۆیانە و كۆتایی بە شەڕێكی چوار ساڵە بهێنێ كە بە یەكێك لە بەرەكانی شەڕی بە وەكالەتی نێوان تاران و ریاز لەقەڵەم دەدرێ.
كەسانی ئاگادار لەو هەوڵە بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكییان راگەیاندووە گفتوگۆكان بە نهێنی لە عوممان بەڕێوەدەچن. ئەوە یەكەمجاریشە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هەوڵی كردنەوەی كاناڵێكی راستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ حووسییەكان بدات. ئەو دەستپێشخەرییەی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە هەتا دێ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێكی هەمەلایەنەی ناوچەیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بەهێزتر دەبێ.
لە ئایاری 2015 ، واتە چەند مانگێك دوای دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆی یەمەن، بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی پێشووی ئەمریكا لەگەڵ حووسییەكان كۆبووەوە بۆ ئەوەی هەم بارمتە ئەمریكییەكان لە یەمەن ئازاد بكەن و هەم رێگە لە تەشەسەندنی زیاتری شەڕەكە بگرێ. كۆبوونەوەكانی ئەوكاتیش لە عوممان بەڕێوەچوون.
ئەم هەواڵە 4411جار خوێندراوەتەوە |