English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەحموود محەمەد: كاندیدی پارێزگاری كەركووك كاندیدی لیستی برایەتییە نەك كاندیدی یەكێتی
2019-09-02 [12:34 PM]

ZNA- هه‌ولێر


گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە ھەڵوێستی فەرمیی پارتی لەبارەی كەركووكەوە دەكات و دەڵێت، ھەوڵی پارتی بۆ یەكخستنی ھەڵوێستی لایەنە كوردییەكانە سەبارەت بە كەركووك.

پێویستمان بە یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، لە ماوەیەی ڕابردوو یاسایەك دەرچوو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە پڕیەتی لە كێشە بۆ كەركووك و مووسڵ و ئەو ناوچانەی كە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم بابەتە بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی كە خەمخۆری كەركووكن و دەیانەوێت بە خراپ ڕەنگ نەداتەوە لەسەر كەركووك و دۆخی كەركووك لەوە زیاتر كە ‌ھەیە خراپتر نەكرێت، پێویستمان بە یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە.

مەحمود محەمەد، بە پێویستی دەزانێ ھەرسێ لایەنی پێكھێنەری سەرەكیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە پرسی پشكپشكێنەی حزبایەتی بچنە دەرەوە و لە كۆبوونەوەكانیان جەخت لە پرسەكانی پێشمەرگە، كەركووك، بودجە و جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ بكەنەوە.

لەگەڵ ھەموو لایەنەكانی تر كۆدەبینەوە

لەبارەی بڕیار و یەكدەنگیی حزبە كوردستانییەكان سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، گوتەبێژی فەرمیی پارتی رایگەیاند، لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و ھەموو لایەنەكانی تر كۆدەبینەوە و ھەوڵ دەدەین پێكەوە بیروبۆچوونەكان تاووتوێ بكەین و بڕیاری ھاوبەش بدەین.

یاسای ھەڵبژاردن زیان لە دەنگی كورد دەدات

مەحموود محەمەد جەختی لەوە كردووەتەوە، كە پێویستە ھەموو لایەنە كوردستانییەكان خاوەن یەك بڕیار بن لەبارەی بەشداریكردن یان بەشدارینەكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، چونكە یاسای ھەڵبژاردن زیان لە دەنگی كورد دەدات و رێگری لە دەنگدانی كەركووكییەكانی دەرەوەی كەركووك دەكات.

پێكەوە بەشدار بین، یان، پێكەوە بڕیار بدەین

ھەروەھا راشیدەگەیەنێت، كە ھەوڵی ئەوە دەدەن ھەموو لایەنە كوردییەكان لە كەركووك ھاوھەڵوێست بن و ئەگەر بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكمان كرد، پێكەوە بەشدار بین ئەگەریش بەشدار نەبین، ئەوا ھەر پێكەوە بڕیار بدەین.

ئەو هەروەها دەڵێت، ھەر بڕیارێك دەدەین پێویستە پێكەوە بیدەین، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی ھەیە لە یەكێتی زیاترە و لە لایەنەكانی تریش زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەخەمی ئەوەین كە دەبێت ھەرچی زووترە كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئەگەر ھەڵبژاردنیش دەكرێت بە جۆرێك نەبێت كە لە زیانی كورد و خەڵكی ناوچەكانی دەرەوە بشكێتەوە.

ئەو كاندیدەی ھەیە هی لیستی برایەتییە

لەبارەی كاندیدی پارێزگاری كەركووك، گوتەبێژی فەرمیی پارتی رایگەیاندووە، ئەو كەسەی كاندید كراوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك، كاندیدی لیستی برایەتییە نەك كاندیدی یەكێتی.

سەبارەت بە كاتی دەستبەكاربوونی كاندیدی پارێزگاری كەركووك لە پۆستەكەیدا، ناوبراو ئاشكرای كرد، لیژنەیەكی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی لە چەند ڕۆژی ئایندەدا سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب و توركمان كۆدەبێتەوە، تاوەكو ئەوانیش ڕەزامەند بن لەسەر كاندیدی لیستی برایەتی.

سه‌رچاوه‌: KDP





ئەم هەواڵە 1825جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad