ZNA - هەولێر
لە ئەنجامی ھێرشێكی داعش، سەركردەیەكی گروپی سەرایا سەلام كوژرا و چوار چەكداری دیكەش بریندار بوون.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە سامەرا، ھێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی گروپی سەرایا سەلامی حەشدی شەعبی كە سەر بە رەوتی سەدرە و شەڕ و رووبەرووبوونەوەیەكی بەھێز لە نێوانیاندا روویداوە، لە ئەنجامدا سەركردەیەكی سەربازی گروپەكە كوژراوە و چوار چەكداری دیكەشیان بریندار بوونە.
گروپی سەرایا سەلامیش لە راگەیاندراوێكدا دانی بەو رووبەڕووبوونەوەیەدا ناوە و ئاماژە بەوەش دەكات، سەركردە كوژراوەكەیان ناوی جەمال ئیبراھیم دلێمییە و زانیاریی زیاتریشی بڵاو نەكردووەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، درەنگانی شەوی رابردوو ھێرشێكی چەكداری لە ناوچەی بوبل شام لە بەغدا روویداوە و لە ئەنجامدا ھاووڵاتییەك كوژراو و دووی دیكەش بریندار بوون.
ئەم هەواڵە 6871جار خوێندراوەتەوە |